هەر کەسێک وشەیەک بۆ چاکەی نیشتمان بنوسی، یان کردارێک بۆ پاراستنی هەیبەتی کوردستان بنوێنێ سەرەڕای نیگەرانییەکانم لەم دۆخە و بەدەر لەجیاوازی بیرکردنەوەم لەتەکیدا، پشتگیری لەهەر کەسێک دەکەم کەبەرژەوەندی کوردستانی لەسەرووی هەموو بەرژەوەندیەکەوە دابنێت.
بەڕێز عیماد ئەحمەد وتارێکی لە خەندان بە ناونیشانی ( لە دەروازەی مێژوودا ………) نوسیووە، پوختەی وتارەکەی ترس و دڵەڕاوکێ و قەلەقی خۆی خستووەتە ڕوو سەبارەت بەم دۆخە نایەکانگیرییە سیاسییەی ناوماڵی کورد چونکە لەتەمەنی سیاسی خۆیدا ئەزمونی لە شەڕو لە گفتوگۆ و لە نوشوستەکانی کورددا هەبووە، دەرک بەوە دەکات بەردەوامی ئەم دۆخە دەرەنجامی کەوتن دەبێت.
بۆیە خاڵە هاوبەشەکانمان لە جیاوازییەکانمان زیاتر دەبینێ لێرەدا تا ئەو شوێنەی وتارەکەی لەبەرژەوەندی کورددایە هاوڕای بۆ چونەکانی دەکەم دەمەوێ ڕۆشنبیرییەکی نوێ بخەینە سەر ڕێ، بوێری ئەوامان هەبێت وەک نیشتیمان پەروەرێک لەدەرەوەی بیرکردنەوەی حیزبی فەزیللەت و ڕەزیللەت لەیەک جیاکەینەوە بۆیە بەندە وەک نیشتمان پەروەرێک وتارەکەی دەبینم بۆخۆشم وەک نیشتیمان پەروەرێک خوێندمەوو دەمەوێ ئەوە بخەمەڕوو کاتێک کادری حیزبێک قسەیەک دەکات لەبەرژەوەندی حیزبێکی دیکە نەبێت لەدەیان لاوە وەڵام دەدرێتەوە و پەلامار دەدرێت تا ئاستی بەکافر کردن، بەڵام ئەگەر کادرێک سەرکردەی حیزبێک و ڕۆشنبیرێکی ڕەسەن و دڵسۆز وتارێک بنوسێ بۆ بەرژەوەندی گشتی و چاکەی گشتی کەس کۆمێنتێکی لەسەری نیە بگرە گومان دەخرێتە سەر بۆچونەکانی ئەمەش حاڵەتێکی ناتەندروست و خراپە و پێمان وایە لەنێوان ڕەش و سپیدا ڕەنگێکی دیکە نیە. لێرەدا یەکتر قبوڵ کردن کۆتای دێت. بۆیە بۆ لەمەودوا هەر وتار و کردارێک لەبەرژەوەندی هەرێمی کوردستاندا بێت یارمەتی دەری یەکڕیزی کوردستانی بێت هەوڵدەدەم پشتگیری خۆمی بۆ بنوسم، لەدیدی مندا ئەمە ڕێگا دروستەکەیە.
بۆیە لێرەوە نزیک لە ناوەڕۆکی ئەم وتارە ئەو پرسیارە لە هێزە سیاسیەکان دەکەم، ئێمە لەکوێ وە هاتین؟ بۆ شۆڕشمان کرد؟ بۆچی ئەو هەموو قوربانییەمان بەخشی؟
شۆڕش واتە خوڵقاندنی جیهانێکی باشتر بۆ هاونیشتیمانیان، بۆ دروستکردنی نەتەوە، گەر وانەبێت ئەوە ئاشوبە نەک شۆڕش.
ئێمە (حزبی بعث)مان دیوە و مێژووشمان خوێندوەتەوە، هەندێ هەڵەی مێژوویمان هەیە ئێستاش باجەکەی دەدەین. دوژمن نایەوێ جوگرافیایەک بۆ ئێمە هەبێت، کەچی ئێمەش هەرخەریکی قەوانە کۆنەکەین یەکتری تاوانبار دەکەین یەکتر دەشکێنین ئەم بوغزاندن و یەکتر شکاندنە دابەزیوە بۆ ئاستێکی زۆر نزم!
گەلۆ ئەم دۆخە زۆر هەستیارە پەیوەندی بەچارەنوسی نەوەکانی ئایندە و ئەم نیشتیمانەوە هەیە. دوژمن زەلکاوێکی بۆ دروست کردوین پێویستمان بەئەقڵ هەیە بۆئەوەی نەخزێینە زەلکاوەکە. ئەمەش پێویستی بە هێزی لۆژیک هەیە، لۆژیکیش ئامرازەکەی ئەقڵ و بیرکردنەوەی ستراتیجییە.
بۆیە ئەگەر هەر لایەک و هەر کەسێک بیەوێ لەڕێی ئاشوب و بە بەکارهێنانی هێز جیاوازییەکان یەکلای بکاتەوە ئەوە نیشانەی لاوازی بیرکردنەوە و لاوازی هێزی ئەقڵ و تێنەگەیشتنە لە ناکۆکییەکان و لەدەرفەتەکان کە لە مێژوودا دەرفەتی زۆرمان لەدەسداوە. گەر چارەسەری ئەم دۆخە نەکەین ئەوا یار و نەیار لەمێژوودا پێمان دەڵێن ئەو نەتەوەیەی بەردەوام بەخۆ کوشتنەوە سەرقاڵن، ئەم قسەیە ئەو کاتە دەکەن ئەم دەرفەتە لەدەست دەدەین بۆ سود وەرگرت لەدەرفەت، تەنها چارە گفتوگۆیەکی نیشتیمان پەروەرانەیە لەسەر کۆی کایەکان کەبتوانین دەرفەتەکان بەسەر ناکۆکییەکاندا زاڵکەین خودا شاهیدی دڵسۆزی و ڕاستگۆیی هەر یەکێکمانە بۆ نیشتیمان .
ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی