جەرگی جەرگم ماتۆڕ چییە؟!

سوارە نەجمەدین

4-12-2022

5804جار خوێندراوەتەوە


جەرگى جەرگم
لەم نیشتیمانەدا شت نییە نەدزرێت! ماتۆڕ چییە! بە ڕۆژى نیوەڕۆ هەر وەک ئەو کاتەى ماتۆڕەکەى تۆى تیادا دزرا، بە بەرچاوى خواو و بەندەى خواوە چییان بووێت ئەیدزن، دزە گەورەکان بەڕۆژ دزى دەکەن، لەژێرخاکەوە بۆ لوتکەى چیاکان دەدزن و لەبرى ئەوەى پێیان بووترێت دز پێیان دەڵێن خەبیر، پێیان دەڵێن سیاسەتمەدار و خەمخۆرى ئەم خاک و نەتەوەیە. 

لەم نیشتیمانەى ئێمەدا، لە قورئانەوە دەدزرێت تاکو شکۆ، لە قتووى شیرەوە دەدزرێت تاکو مێژوو، کەم نین ئەوانەى ڕابردوو دەدزن، کەم نین ئەوانەى خەبات و شەهید و قوربانى دەدزن، لەم وڵاتە هیچ شتێک نییە لە دزین بەدەر بێت، دەشێت بەیانییەک هەستین و ببینین شەقامێک بە درێژى دزراوە، باخچەیەک بە تەواوى نەماوە و لە شوێنەکەى شۆفڵ و گرێدەر سەرقاڵى بونیادنانى بەنزینخانەن. 

لەبۆت دەمرم جەرگى جەرگم، ئەو نیگا بێنازەى تۆ، سەرشارە لە پرسیار، پڕ پڕە لە نائومێدى، پێت سەیر نەبێت، مەتاسێ، لەسەردەمى نامەعقوڵدا هەموو شتێک مەعقوڵە، ئەوەى ماتۆڕەکەى تۆى دزیوە، تێگەیشتووە لەم وڵاتە بۆ ئەوەى تێربیت دەبێت دزى بکەى، بۆ ئەوەى بژیت، دەبێت بدزیت، گرنگ نییە چی دەدزیت، گرنگ ئەوەیە شتێک بدزیت، هەرچۆن تۆ بەو دانیشتن و بەو نیگایەت بەشێک لە عاتیفەى منت دزى و لە دڵەوە ئازارت بۆ دەچێژم، منیش ئەو نیگایەی تۆم دزی و كردم بەم نووسینە، بەڵام دەبێت بزانیت، لێرە هەقیقەت بە چیرۆکەکانییەوە دەدزرێت، ئیمان دەدزن و لە خوا دەپاڕێنەوە لێیان خۆش بێت. تەنها ئەوەندەیە ناوى دزى دەگۆڕن، دەیکەن بەبازرگانى، ناوى دەنێن سیاسەت، ناوى دەنێن کاسبی، ناوى دەنێن تۆڵە... 

عەزیزى من، من بە تەنها جەرگم بۆ تۆ نایەشێت، جەرگم بۆ ئەو دزەش دەیەشێت، کە ماتۆڕەکەى تۆى دزیوە، ئەویش وەک تۆ قوربانییە، وەک هەموومان بەشێکە لە قوربانى، ئەویش کە دەستى دەچێتە ماتۆڕەکەى تۆ، دڵنیام لە تۆ محتاجترە، رووى زەمان ڕەش بێت، هەموومان دەکات بە دز... 

وتەیەکى ئەلپاچینۆ هەیە دەڵێت (بە منداڵى زۆرم حەز لە پاسکیل بوو، لە کڵێسا لە خوا دەپاڕامەوە، پاسکیلێکم پێ ببەخشێت، هەرى نەیدامێ، بە خۆم وت ئەمە وانابێت، هەستام پاسکیلێکم دزى و لە کڵێسا لە خوا دەپاڕامەوە لێمخۆشبێت) 
رووحى ڕەوانم، خوا لە خێرى دەرنەکات، ماتۆڕەکەیان بۆت کڕییەوە، لە خوا داواکارم لەو دزەش خۆش بێت، چونکە دەزانم وەک تۆ قوربانییە.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی