بارزانی بوون و تازیەباربوون بۆ سلێمانی

ئاسۆ حاجی

20-11-2022

11395جار خوێندراوەتەوە



بارزانی بوون عەقیدەیە، نە عەشیرەت و نە جوگرافیایەکی دیاریکراو نیە، بارزان گوندێکی بچووکی بەری بەڕۆژی چیای شیرینە، کە پێش زیاتر لە دوو سەد ساڵ، تەکیەی تێدا دامەزرا، جیاوازی ئەو تەکیەیە لەگەڵ هەموو ئەوانەی دیکە، باوەڕەکەی لە بیروباوەڕی سازگاری فکر و فەلسەفەی نەتەوەیی کوردی سەرچاوەی گرتووە، کە بیرمەند و فەیلەسوفانی کورد مەلایێ جزیری و ئەحمەدێ خانێ ئەفراندویانە، لە بارزان لەگەڵ بیر و رێبازی سۆفیگەری و خواپەرستی نەقشبەندی تێکەڵ بووە و عەقیدەیەکی نوێی لێ بەرهەم هاتووە کە بنەماکانی بریتین لە (خواپەرستی) و  (خاکویستی) و (مرۆڤدۆستی).

بۆیە ئاساییە هەر کوردێک خۆی بەبەشێک لەو مێژوو و کلتور و فکر و فەلسەفەیە بزانێت، ئەوەی نا ئاساییە کورد بی و دژایەتی ئەو بنەما رۆشەن و مەزنانە بکەی کە دوو سەت ساڵە رابەرایەتی بیر و بزاڤی نەتەوەیی و نیشتیمانی کورد و کوردستان دەکەن، کە تا ئەمڕۆ بەهێزترین و کاریگەرترین بزاڤە کە هەموو مێژوو و شکۆ و پێناسەی لە دەستەواژەی (کوردایەتی) کورت کراوەتەوە، کە سەرۆک مسعود بارزانی ئێستا بە هەمان فکر و فەلسەفە و گیانی پێشمەرگایەتی رابەرایەتی دەکات.

کاتێک پیاوێکی بە ویقاڕی سلێمانی لە ناو خەم و کۆستێکی گەورە کە سەرتاپای کوردستانی گرتۆتەوە، ناوی بارزان و مەزنیەکەی بە زار دادێ، تەنها دووبارە کردنەوەی ئەو راستەقینەیە، کە بارزان خودانە، لە کاتی گەورەترین کارەسات و کۆست، ئەو هێزەیە کە دەست لە هیچ کوردێک بەرنادا، لە هەر کوێیک بێت.

بۆ تازیەبار بوونی خەڵکی کوردستان و هاوخەم بوون لەگەڵ ئەو کارەساتەی لە سلێمانی روویدا، ئەوانەی پێگیر و پەروەردەی عەقیدەی بارزانن، نە چاوەڕوان و نە پێویستیان بەوەیە حکومەت یان سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی رایبگەیەنن، چوونکە ئەوانەی رێبواری ئەو رێگایەن، خۆیان بە خاوەنی کورد و کوردستانیان دەزانن، سلێمانی و هەولێر و کەرکوک و مهاباد و سنە و ئامەد و موش و وان لای ئەوانی وەک بارزان بەشێکن لە خاکی پیرۆزی کوردستان.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی