وەرن بۆ پێشانگای کتێب لە سلێمانی

فارس نەوڕۆڵی

16-11-2022

8744جار خوێندراوەتەوە


یەکێک لە جوانترین بۆنەکانی ساڵ لە کوردستان، کردنەوەی پێشانگای نێودەوڵەتی کتێبە لە هەولێر و سلێمانی، کە زۆرترین ناوەندەکانی چاپەمەنی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشداری تێدا دەکەن بە ناونیشانی جیا جیا و ئایدیای جیا جیا، سەرەڕای پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا بەڵام کتێب گرنگی خۆی لە دەستنەداوە. 

هەرچۆن نەوت و کانزا و کانی ئاڵتون بۆ ئابوری گرنگن کتێب گرنگترینە، چونکە سەرچاوەی مەعریفەیە بەتایبەتی بۆ گەلی کوردستان، چونکە ئێمە هەژاری مەعریفەمان هەیە. بۆیە کتێب بانکی زانیارییە و یارمەتی دەرە بۆ بیرۆکەی نوێ و خەیاڵمان فراوان دەکات و هێزی بیرکردنەوەمان پێ دەبەخشێت.

جێگایەکە بۆ ناسینی دوێنێ و ئامادەگی بۆ ئێستا و ئایندە جگە لەوە ڕاستگۆترین هاوڕێیە دەکرێ کتێبەکان بخوێنینەوە، بەڵام تەسلیمی ئایدیای نووسەرەکەی نەبین، بەڵکو یارمەتیمان بدات بۆ بیرکردنەوە، لە هەمانکاتیشدا کتێب بزنزە بۆ نووسەرەکانی، ئیتر کام ناونیشان کڕیاری زۆرە گرنگ نیە ئەوە پەیوەستە بەو زانکۆ و حزبانەوە چۆن خۆشەویستی و گرنگی کتێبیان لەناو بیرکردنەوەی ئەندامان و قوتابی و خوێندکار و فێرخوازەکانیان چاندووە. 

بۆیە پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب دەسکەوتێکی گرنگی مەعریفییە. ئەگەر نالی ئێستا نامەکەی بۆ سالم بنووسیایە دەیگوت: (داغڵ نەبی بە سارای خاکو خۆڵ تا بە پێشانگای کتێبدا نەکەی عبور) کەواتە ئەم دەرفەتە مەعریفیە لە دەس مەدەن وەرن بۆ پێشانگای کتێب بۆ سلێمانی


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی