یادت بەخێر پیاوە سپی و ناخ پاکەکەی نیشتیمان

عه‌بدوڵا كوێخا موباره‌ك

10-11-2022

47837جار خوێندراوەتەوە


ئەمەوێ لەم یادەدا بیرەوەریەک لەگەڵ کەڵە پیاو و سەرکردەی مێژووی گەلەکەمان خوالێخۆشبوو کاک قادری حاجی علی بگێڕمەوە کە زیاتر مەبەستمە بزانن ئەو پیاوە چەند نیەت پاک بوو، کاک قادر سەرەڕای یاخی بوونی لە دەسەڵات و  ناڕەزایەتی توندی لە شێوازی حکومڕانی لە کوردستاندا زۆر لە خەمی پاراستنی نیشتیمان و قەوارەی ھەرێمدا بوو، بەھیچ شێوەیەک بڕوای بە شەڕی براکوژی و یەکتر سڕینەوە نەبوو.

لە لە ھاوینی ساڵی 2019دا پێکەوە لە ئەوروپا بووین، چەند کۆبونەوە و چاوپێکەوتنێکمان لەگەڵ ناڕازیەکانی نێو ڕەوەندی کوردی ئەنجامدا لە سوید و نەرویج، ڕۆژێک پێمی وت من بۆم ناکرێ دەبێت تۆ بچیت بۆ بەلجیکا، لەوێ لە شاری برۆکسل ھەنێک خەڵکی ناڕازی ھەیە بیانبینە و بزانە نیەت و بیروبۆچونیان چیە، منیش وتم یەکدوو برادەری تریش ئەوەیان پێم وتووە، بەڵام کاک قادر ئەوە بینینی بۆچیە، ئەوانیش وەکو ئێمە ناڕازین لەو نادادی و بەھەدەردان و خراپ ئیدارەدانەی حکومەتی ھەرێم، وتی نا ئاخر با بزانین خۆماڵین یان دەرەکین، ڕوخێنەرن یان بونیاد نەرن، ڕاستی من زۆر باش لە قسەکانی تێنەگەیشتم و چوم بۆ بەلجیکا، لەوێ چاوم بەو کۆمەڵە کەوت و لەگەڵیان دانیشتم، دوای گوێ گرتن لێیان من چومەوە بۆ ھوتێلەکەم و بە نامەیەکی ڤایبەر داواکاری ئەوانم نارد بۆ کاک قادر.

سڵاو کاک قادر، ئەو کۆمەڵە نزیکەی یازدە کەس دەبن، دوانیان لە بەریتانیاوە ھاتون، دانەیەکیان لە کوردستانەوە و پێدەچێت دوسێیەکیشیان سەر بە پەکەکە بن و چەند کەسێکیشیان پێشتر گۆڕان بوونە لە بەلجیکا دەژین، ئەمڕۆ لەگەڵیان دانیشتم و قەرارە بەیانیش یەکتر ببینینەوە و مقابەلەیەکیشیان بۆم ڕێکخستووە لە تەلەفیزیوێنی سەر بە پەکەکە، قسەمان زۆر کرد، بەڵام پوختی قسە و داواکاریان ئەم دوو خاڵەیە و بەم مەرجانە لەگەڵمان دەبن

1- نابێت لەگەڵ پارتی و یەکێتی بچنە پرۆسەی ھەڵبژاردنەوە.

2- پێویستە گروپی چەکدار دروست بکەن بە نھێنی و ئێمەش یارمەتی مادی و لۆجستیتان ئەدەین.

تەبعەن خۆی پێنەگیرا و تێلی بۆم کرد، بە زمانەکەی خۆی و بە توڕەیی وتی ئەمە قسەی قۆڕە ئەوان دەیکەن، ئێمە چەندین ساڵ بەو شاخانەوە بووین و ڕوبارێک خوێنمان داوە و ماڵ نەماوە قوربانی نەدابێت تا ئەم کیانەمان پێکەوە ناوە ئێستا ئەمانە ئەگەر دەستیشیان لە پشتەوە نەبێت بەبێ ئەقڵی خۆیان دەیانەوێت ھەموو شتێک لە ناو ببەین، وتی ئێمە بەھیچ شێوەیەک دژی کیان و حکومەتی ھەرێم نین، ئەوەنەش دژی یەکێتی و پارتین ھەتا خۆیان چاک دەکەن و نادادی و گەندەڵی نامێنێت، دوای ئەوە وەکو برا پێکەوە دەژین و شەریکی یەک دەبین لە حکومڕانی کوردستاندا، وتی دوای ئەوە من کاری حیزە فێڵ و نھێنیم نیە، ئەگەر قەرار بێت چەک دژی یەکێتی و پارتی ھەڵبگرم بە ئاشکرا ئەچینەوە چیاکان و شۆڕشێک بەرپا دەکەین، نەک گروپی چەکداری نھێنی دروست بکەین، بە توڕەیشەوە بە منی وت ھەر ئێستا بگەڕێرەوە و لەوێ نەمێنی و من ھەڵە بووم تۆم نارد بۆ ناو ئەو جۆرە خەڵکە تێکەڵ و پێکەڵە، دوای ئەم قسانەی ئینجا تێگەیشتم لە قسەکانی پێشتری و بەیانی زوو بەبێ ئاگادار کردنەوەی ئەو کۆمەڵە بەلجیکام جێھێشت.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی