لەدوێنێوە جارێکی تر گڕ لەپەیوەندییە وشکھەڵاتووە بێگیانەکەی پارتی و یەکییەتی بەردراوەتەوە! چاولەیەك سوور دەکەنەوەو ڕابردوو بیر یەکدێننەوەو یەکدی تاوانبار دەکەن وھەرەشە لەیەکتر دەکەن!
ھەموو ئەوەش لەکاتێکدایە، دیداری ساڵانەی مێری لەھەولێر بەڕێوە دەچێت، کە دەیان سیاسەتمەدارو خاوەن ڕاوو چاودێر لەعێراق وناوچەکەو دنیا بەشداریان تێدا کردووە!
ھەروەھا ئەم دووبارە پەلاماردانەی یەکتر دەکەوێتە دوای ماوەیەکی زۆر کەم لەپێکھێنانی حکومەتی عێراق. ئەمە جگەلەوەی ھەرێم بەھۆی ڕووداوەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان وبەگشتی ئێرانەوە لەژێر فشاردایە. نەتوانراوە ھەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت ولێکدابڕان ویەکتر بەنەفرەتکردنێکی نیمچە ھەمەلایەنە ھەرێمی گرتۆتەوە!
لەھەرێمدا ناکۆکی شەڕو ماڵوێرانی وگەندەڵی ودەرفەت لەدەستدان و ناوزڕان بەرھەم دەھێنێت. گەندەڵیش کە بەداخەوە لەھەندێ ڕوەوە بەسیستم ویاساییکراوە، ئەگەر جارێك ھۆکار بێت بۆ چاولەیەکپۆشین لەسەر حسابی بەرژەوەندی گشتی، ئەوا دەجار ھۆکارە بۆ چاندنی تۆوی بەدگومانی، گرژی ولێکھەڵبەزینەوەو یەکتری ناشیرینکردن.
چونکە ئەم دوو خانە شێرپەنجەییەی جەستەی ھەرێم ڕێیان گرتووە لەوەی، باشور ببێت بەنیشتیمان، دەسەڵاتێکی نیشتیمانی یەکگرتووی سەرو حیزبی وناوچەیی حوکمی بکات، دامەزراوە بەواتای وشە دروست ببێت، دەستوورمان ھەبێت وژیانی سیاسی لەچوارچێوەدا ڕێکبخەین وتان وپۆیەك بە دەسەڵاتی سیاسی وحوکومڕانی بدەین.
درێژە کێشانی ناکۆکییەکان وگەورە بوونی ھەرەشەی گەندەڵی، زۆرینەی ھاولاتیانیانی نائومێد کردووە. ھەرێمی خستۆتە دۆخێکی چەقبەستووی نەخوازراوەوە.
لەدووڕۆژی مێریداو پێش ئەوەش ناوخۆو خۆرئاواو دۆست ویوئێن، ھوشیارمان دەکەنەو: ناکۆك بن، ڕۆژ بەڕۆژ پێگەتان لاواز دەبێت، دۆستەکا نتان دەڕەنجێنن، توانای چارەسەری کێشەکانتان نابێت، ناحەزانی دەرەکی دەستدەخەنە کاروباری نێوخۆتانەوە ویاری بەچارە نووستان دەکەن، گەلەکەتان نائومێددتر دەبێت، ناھێلن ھەرێمەکەتان ببێت بەھەرێم وسەرچاوەکانی ھێزی خۆتان دەدەن بەئاوا.
گەندەڵی گەورەترین ھەڕەشەی سەرتانە،بەحوکمی ئەوەی بەھای کارکردن لەناوەڕۆکەکەی بەتاڵ دەکاتەوە، ژینگەی وەبەرھێنان ژەھراوی دەکات، ئەخلاقی حوکومڕانی ھەرەس پێدێنێت وناھێڵێت بناغەیەکی پتەو بۆ ئایندە دابنێن، گەل متمانەی بە نوخبەی حوکومڕان نامێنێ، لەبەرگی وەبەرھێنان لەھەندێ کەرتی بێبەرھەمدا سەرقاڵی فرۆشتنی وڵاتەکەتان دەبن.
کەچی سەرە ڕای ھەموو ئەو ھاوارو ھوشیاری پێدانە، دۆخەکە لەبازنەیەکی داخراودا دێت ودەچێت! خەریکە لەھەندێ ڕوشەوە وەکو لوبنان وھەندێ وڵاتی تری ناوچەکەی لێبێت وسێگۆشە شومەکە حوکمی بکات( نە سەقامگیری ونەگەشەپێدان ونە داڕووخانی یەکجاریش)
ھەرچەندە لەھەرێم دەبێت بەجدی لەخەمی ئەوەدا بین، لەسەرە پێچێکی مێژوویدا، داڕمان ڕوو نەدات، چونکە ئێمە وەك ھەندێ دەوڵەتی شکستخواردوو خاوەنی کەسێتی نێودەوڵەتی وسنوری دانپیانراو نین، بە داڕمانمان کێشەی دەستکاری سنورە چەسپاوە نێودەوڵتیەکان ناکات.
لێرەشەوە پێویستە پەرۆشانەو ڕاشکاوانە بڵێن: ئەگەر ناکۆکی وگەندەڵی دوو ھۆکاری سەرەکی دۆخی نەخوازراوی ئێستای ئێمە بن، وەدوو تاوان بن دەرھەق بە ئێستاو ئایندەی گەل و ڵاتەکەمان، ھەردووکیان خۆمان ئەنجامیان دەدەین!
ئەوەش دەیخاتە ڕوو: خۆمان گەورەترین دوژمنی خۆمانین!بەدەستی خۆمان خەریکی بۆشکردنی ژێرقاچی خۆمان وداڕزاندنی تواناکانی بەرگری لەخۆکردنین!
بۆیە دۆخەکە لەوە دەرچووە مەسەلە وکێشەکە لە تابورێکی پێنجەم وگروپێکی خۆفرۆشدا شارا بێتەوە، کەلە ژێرەوە ویژدانی خۆیان بەدوژمن فرۆشتبێت و سەرقاڵی بڵاوکردنەوەی ئاژاوەو دوو بەرەکی وکاری تێکدەرانە بن، چونکە نوخبە ی حیزبی بڕیار بەدەست، خۆیان بەئاشکرا وبێ پەردە زۆرێك لەوەی تابوری پێنجەم لەکۆمەڵگەیەکدا دەیکات، لەڕێی ناکۆکی وگەندەڵی یەوە ئەنجامی دەدەن!
چونکە ھەندێ جار گەورەترین خزمەت بەدوژمن تێکەڵ بەدژایەتی ئەو دەکرێت، بەبێ ئەوەی بەرەسمی کەس خۆی فرۆشتبێت، کارێك دەکرێت، ھیچ خزمەتکارو داردەستێکی دوژمن نایکات وپێشی ناکرێت.
لەئێستاشدا ستراتیژێکی نوێی بەڕێوەبردنی جەنگی بەوەکالەتی بێئاگایانە لەئارادایە، لەسەر ئەو بۆچوونە دامەزراوە، ھیچ خوێن وتێچوونێکی ماددی نەوێت، دوژمنەکان بەخوێن وپارەی خۆیان ئەوە بکەن ئەوان دەیانەوێت، ئەویش بەوەی ھێزو پێکھاتەکانی وڵاتێ دەکەن بەگژیەکدا، تواناو سەرچاوە نیشتیمانییەکانییان تیا دەبەن، دەیانکەن بە کۆمەڵێ دەستەو تاقم وگروپی دڕدۆنگ وخۆخۆری وا ھیچ ناسنامەیەك بەیەکیانەوە نەبەستێتەوە وناوەرۆکی گەلیان بەسەردا نەچەسپێت. کەچی لەولاوە چاویان لە دەستی ئەوان بێت، بۆ ئەوەی، ناوبژیوانیان بکەن وپێکیان بێننەوە!
بۆیە بەکورتی وبەکوردی درێژەدان بەم دۆخەی ئێستاو ناکۆکییە نەزۆکە مێژووییە، سنوردانەنان بۆ گەندەڵی وخراپ بەکارھێنانی دەسەڵات، بەوجۆرەی گەل ھەستی پێبکات، دوژمنایەتیکردنی بەکردەیی کوردستان وھەرێم وگەلەکەی وناسیۆنالیزمە شەکەت وبڕستلێبڕاوەکریەتی.
دەچێتە خانەی خزمەت بەدوژمنان، بەوئەندازەی ھێزو کەسێتی ودەزگایەكیش بەشداری درێژەدان بەم واقیعە بێت، بەشداری لاوازکردنێکی ستراتیژیی ھەرێم وباشورە، کەئەوەش دەچێتە گیرفانی ئەوانەی ڕۆژ دەژمێرن لەھەرھەلێکدا بۆیان ڕێکبکەوێت، لەڕێی شکستپێھێنانی ئەزموونەکەیەوە، نەک ھەر گەلی کوردستانی باشوور، بەڵکو، خەونی ھەموو کورد وناسیۆنالیزمی کوردی لە گۆڕ بنێن.
ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی