وەڵامی پارتی بۆ ھەزاران پرسیار

تەنیا کوردی

2-11-2022

6913جار خوێندراوەتەوە


پرسیارکردن بەشێکە لە فەلسەفەو وەڵامیش بەگوێرەی قۆناغەکە بەشێکە لە توانای بیرکردنەوە، بەڵام پرسیار لە  پارتێکی سیاسی کە حەفتاو شەش ساڵ تەمەنیەتی، وەڵامێکی دیراسەکراوی پێشوەختەی دەوێ.

بەر لەوەی بێمە سەر پرسیارەکان، سەرەتا دەبێ ئەم راستییە بزانرێت کە کۆمەڵگەی ئێمە زۆر بەخێرایی لە گەشەی دیموکراسی و ئازادی دایە و کۆمەڵگە بەرەو کرانەوەی زۆر ھەنگاوی ناوە، دەبێ ئەوە بزانین لە دەرەوەی ھەموو ھێزە سیاسییەکان، کۆمەڵگەی کوردستانی کۆمەڵگەیەکی تەندروستە، تەنیا یەک نمونە، لەو کاتەی کە داعش وەک تیرۆر ھێرشی ھێنایە سەر کوردستان، کۆمەڵگەی کوردستانی نەبوون بە داعش و فکری ئیرھابیان رەتکردەوە و دژی داعش لەڕووی فکرەوە جەنگان، کەوایە ئەم کۆمەڵگەیە زۆر بەباشی لە بنەمای دیموکراسی و پێشکەوتن و مرۆڤایەتی خۆیدایە.

ئێستا دێمە سەر بابەتەکە، کۆنگرەی پارتی وەک ھەر حزبێکی دیکەی سیاسی لە کوردستان لە ژێر پرۆسەیەکدا کە ھەم پارتییەکان لە دوای کۆنگرە وەڵامی پرسیارەکانیان لە پارتی دەوێ، ھەم ھێزە سیاسییەکان کە لە پرۆسەی حوکمڕانی لەگەڵ پارتی ھاوبەشن، بەڵام کۆمەڵگەی کوردستانی نەوەک لە پارتی لەسەرجەم ھێزە سیاسییەکان وەڵامی ناوێ، بەڵکوو دەبێ ھێزە سیاسییەکان لە کۆمەڵگە بپرسن کە کۆمەڵگە لە ئێستادا چی لە حزبە سیاسییەکان دەوێ.

پرسیاری ھێزە سیاسییەکان لە پارتی جودایە لە کۆمەڵگە، ھێزە سیاسییەکان لە دوای کۆنگرە دەیانەوێ بزانن کە پارتی بە کام زمانی سیاسی بۆ ھێزە سیاسییەکان لە دوای کۆنگرە دەدوێت؟

پارتی وەک حزبی حوکمڕان بە ھاوبەشی یەکێتی و گۆڕان بۆ سیستەمی حوکمڕانی چی دەگۆڕێ؟ 

ئەمانە پرسیاری ھێزە سیاسییەکانن و، وەڵامی حزبی دەوێ.

لەم قۆناغەدا پارتی دەبێ چی بگۆڕێ و ھەڵوێستەکانی چی بێت و چۆن لە قەزیەکانی نێوخۆیی و ئیقلیمی و دەولی بڕوانێ.

نەوەک پارتی بە تەنیا سەرجەم ھێزە سیاسیەکان دەزانن کە جیوگرافیای کارکردن لە سیاسەت و حوکمڕانی تا ئابووری و بزاوتە جەماوەرییەکان لە ئێستادا شێوەو فۆڕمێکی نوێی دەوێ، ئەم دۆخە تازەیەی لە ناوچەکەدا ھەیە پرسیاری نوێ دروست دەکات، ھێزە سیاسییەکان بە درێژایی مێژوو بەشێک لێیان نەیانتوانیووە زۆر پرسیاری کۆن وەڵام بدەن، بەڵام بۆ پرسیارە نوێیەکان پێویستە سەرجەم ھێزە سیاسییەکان لە کۆمەڵگە بپرسن، چونکە چیتر ئەو دیراسەتە کۆنانە راست نین کە ھەر ھێزێکی سیاسی لە روانگەی خۆیەوە دەیگوت کۆمەڵگە لەگەڵ ئەم حزب و ئەم حزبەیە، ئێستا کۆمەڵگە لە دەرەوەی کێبرکێی حزبییە، کۆمەڵگە کاراکتەری تێگەیشتووی دەوێ، پرۆژەی دەوێ، بژاردەی ئەرێنی دەوێ، ئیتر کۆمەڵگە لەسەر بنچینەی خزمەت و تێگەیشتن و حسابکردن بۆ ئێستای پێشکەوتنی خۆی بژاردەی دەبێت.

 
پارتی و سەرجەم ھێزە سیاسییەکان دەبێ لە کۆمەڵگە پرسیاربکەن کە ئایا کۆمەڵگەی کوردستانی لە ئێستا چی لە ھێزە سیاسییەکان دەوێ؟

دەبێ لە جیلی نوێ بپرسن کە زۆر جار لە بابەتەکانم ئاماژەم پێداوە کە پارتی و سەرجەم ھێزە سیاسییەکان دەبێ لەم جیلە بپرسن ئەوان چیان لە ھێزە سیاسییەکان دەوێ؟ چونکە ئەم جیلە تا ئێستا لە دەرەوەی ھێزە سیاسییەکانە و زۆرینەی بایکۆتە، ئەم ھێزە گرینگ نییە ببێ بە زەردو سەوز و شین و مۆر، گرینگە لە حوکمڕانیدا کەشێکی ئەرێنی و ئازاد ببێنن بۆ ئەوەی لە داھاتوودا ھێزی ئەرێنی بن، ئەم جیلە کاراکتەری خۆی دەوێ، دەیەوێ وەک خۆی بچێتە نێو حوکمڕانی و بەشێوازەکەی خۆی گەشە بکات، گرینگە ھێزە سیاسییەکان زەمینەی زانست و فێربوون و زانینیان بۆ فەراھەم کەن لە حوکمڕانی، گرینگە کە لەڕووی کەلچەری بیرکردنەوە لەوە تێبگەن کە خواستی ئەم جیلە سیاسیی نییە، زیاتر خواستێکە بۆ دامەزراوەیی بوون، بۆیە ئەم جیلە دەتوانێ لە دەرەوەی حزبدا وەک خۆی گەشە بکات و لە ھەمانکاتدا پرۆژەی باشی حوکمڕانی ھەر حزبێکیش قبووڵ بکات کاتێک کە خۆیان لە نێودا ببێنەوە.

ئەم جیلەو کۆمەڵگە ئیدی ھەنگاو بەھەنگاو بژاردەیان لەسەر پرۆژەی باش و تێگەیشتنی نوێ دەوێ لە حوکمڕانی، بۆیە سەرجەم ھێزە سیاسییەکان گرینگە پرۆگرامیان بۆ گۆڕینی ھەڵوێست و کارنامەی خۆیان ھەبێت، چونکە ئەم کۆمەڵگەیە بە دڵنیایەوە چیتر بەشێوە کلاسیکییەکەی حزبە سیاسییەکان ناچێتە ھەڵبژاردن، بەڵکوو بەدوای کاراکتەری تێگەیشتوو لە خۆی دەوێ، ئیتر کاتیەتی کە ھێزە سیاسییەکان لەم بیرکردنەوە تێبگەن، نەوەک بیانوو بۆ تێنەگەیشتن بھێننەوە.

لە دوای کۆنگرە گرینگە بۆ سەقامگیری نێوماڵی کوردستان،  پارتی بەخێرایی ئەم سێ ھەنگاوە بنێ:

یەکەم، ئاشتەوایی سیاسی و گوتارێکی ئاشتیانە لە دوای کۆنگرە بۆ سەرجەم ھێزە سیاسییەکان کە جارێکی دیکە لە روانگەی تێگەیشتن لەم قۆناغە ئاشتەوایی و گەڕانەوەی متمانە دروست ببێت و رێککەوتنێکی بەرھەمداری بۆ حوکمڕانی ھاوبەش لێبکەوێتەوە.

دووەم، پرسی دەستووری ھەرێمی کوردستان و ھەڵبژاردن، پێویستە بە خێرایی یەکلابکرێتەوە و متمانەی رای گشتی دروستبکرێتەوە بە پرۆسەی ھەڵبژاردن بۆ ئەوەی دیموکراسیەت و ئازادی لە پرۆسەکەدا کاڵ نەبێتەوە.

سێیەم، دوورخستنەوەی کێبرکێی حزبی بەشێوە عونفەکە لە نێو جوگرافیای حوکمڕانی کە ئەمە پێوەندە بە پارتی و یەکیتی و گۆڕان، ھەروەھا لێکەوتەی ئەم جۆرە کێبرکێیە لە نێو کۆمەڵگە چونکە کۆمەڵگە لەم شێوازە سیاسەتکردنە را دەکات و قبووڵی نییە.

لە کۆتاییدا گرینگە ھێزە سیاسییەکان بە دیزاینێکی تازەوە سەیری پێشکەوتنی کۆمەڵگە بکەن، چونکە کۆمەڵگە ئاشتی و سەقامگیری دەوێ، ئەم ھەزار پرسیاری بۆ پارتی ھەیە بە درێژایی مێژوو تا ئێستا، یەک وەڵام گرینگە کە کە ببێتە دایکی سەرجەم وەڵامەکان، ئەویش تێگەیشتنە لەم قۆناغەی کۆمەڵگەی کوردستانی کە پارتی و سەرجەم ھێزە سیاسییەکان گرینگە خۆیان ئەبدەیت بکەن.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی