لە 2050 چیمان بەسەر دێ؟

تەنیا کوردی

23-10-2022

9217جار خوێندراوەتەوە


لە دونیای مۆدێرندا دیزاینکردنی پێشکەوتنی کۆمەڵگە، حوکمڕانی و داھاتووی وڵات، لە ئابووری و سیاسەت لە پاکێجێکدا وێنەکەی دەخریتە بەردەم جیلی نوێ کە دوای چەندین ساڵ داھاتوویان بە کوێ دەگات.

لە ئێستای 2022 وڵاتانی مۆدێرن، سەیری 2050 دەکەن کە لەڕووی پێشکەوتندا لەنێو گلۆبالیزم ھێزی داھێنانیان چییەو توانای ژیانکردنی کۆمەڵگەو بەرھەمیان لە سەردەمی جیھانی ئێستای تەکنۆلۆژی بۆ داھاتوو چی دەبێ.

ھەر وڵاتەو بە فەڵسەفەو تێگەیشتنی نوێ لەنێو جیھانیبووندا پرۆگرامی خۆی ھەیە، ھەر چۆنێک وڵاتان بە خێرایی لە رووداوەکانی سەدساڵی رابردوو لە شوعیەت و ئایدۆلۆژی و، ئێستای لیبرالیەتدا ڤێرژنی خۆیان گۆڕی، لە ئێستای تەکنۆلۆژیدا وەبەرھێنان دەکەن لەسەر پراگماتیک و دیموکراتیەتی پێشکەوتوو، بۆ 28 ساڵی داھاتوو پاکێجیان ئامادەیە لە بەرنامەی ئابووری، سیاسەت، پێشکەوتنی کۆمەڵگە، زاکیرەی دەسکرد و کۆمەڵگەی رەقەمی و تەکنۆلۆژی و سەرجەم سێکتەرەکان، بەڵام لە رۆژھەڵاتی ناویندا و لەنێو ئەم وڵاتانەی شەڕی مەزھەبی و تایفی و میلیشیایی تێدایە ھێشتا وێنەی دروستکردنی شەڕێکی تر دەکێشرێت، کارەسات و وێرانبوون و پشتگوێخستنی مرۆڤایەتی و ئیبادەکردنی ژێرخانی ئابووری، لە ئێستاوە دەتوانرێ پێشبینی بکرێت کە چارەنووسی وڵاتێک بە دەستی میلیشیا ھەر عونف بەرھەم دێنێت، ئەگەر کۆمەڵگە کۆتاییان پێنەھێنێ، ئەوا داھاتووی کۆمەڵگە ھەر لە تونێلێکی تاریکدا دەبێت.

لە کۆمەڵگەی ئێمەدا کۆمەڵگەی کوردستانی بەرلەوەی وێنەی داھاتوو بەپێوەری ئێستا نیشانی تاک بدرێت کە لە 2050 چیمان لێ دێت؟  پێویستە تێگەیشتن لەم خاڵانە ھەبێت.

یەکەم، گەشەی کۆمەڵگەی کوردستانی لە پەڕینەوەی کۆمەڵگەی سونەتی بۆ کۆمەڵگەی مۆدێرن، سەرەتایی بازدانێکی گەشەکردووە لەسەر پێوەرەکانی گلۆپالیزم.

دووەم، تێگەیشتنی ھێزە سیاسییەکان کە کۆدەنگی و بەیەکەوە کارکردن بۆ داڕشتنی کارنامەیەکی بەھێز لە پێناو کوردستانێکی بەھێز و دیموکراتی و گەشەکردوو کە ھەمیشە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی جەختی لێدەکاتەوە گرینگە کە ئەم وەبەرھێنانە لە سیاسەت بکرێت و، بۆ داھاتوویەکی گرەنتیکراو ھەمووان کۆدەنگ بن.

سێیەم، فراوانکردنی مەودای ئازادی لەنێو ھێزە سیاسییەکان و دوورکەوتنەوە لە یەکترشکاندن و ململانێی ناشەرعی و نا دیموکراتی، کە ئەمە زیانی زۆر لە ناوبانگی دیموکراسی و حوکمڕانی ھەرێم دەدەت، بۆیە پێویستە شێوازی بیرکردنەوەی ھێزە سیاسییەکان بگۆڕێت.

چوارەم، گرینگی دان بە فێرکردن و زانین و زانست، کە ئەمە کلیلی سەقامگیری کۆمەڵگەی کوردستانە بۆ داھاتوو.

پێنجەم، تێگەیشتنی نوێ لە بنەمای حوکمڕانی لەسەر بنەماکانی پێشکەوتن و زانست، دیپلۆماسیەتی بەھێز و ھاوسەنگی، دادپەروەری و ئازادی لەسەر بنەمای یاساو لۆژیک.

پێنجەم، گرینگی دان بە جیوپۆلەتیک و، ئاو، وزە و، شەفافیەت و دروستکردنی کۆمەڵگەی تەندروست و دادپەروەی و سەروەری یاسا.

ئەمانە ئەم خاڵانەن کە ھەموو کات سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دووپاتی دەکاتەوە، ئەمە وێنە دروستەکەی ھەرێمێکی گەشەکردوو دەبێت  بۆ داھاتوو، وێنەیەکی ئەرێنی دەبێت بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، ھەمان شت کۆمەڵگەی مۆدێرن و گلۆبالیزم ئەوە دەخوازێت، ژینگەی کۆمەڵگەی کوردستانی ئەوەی دەوێت، کەوایە پێویستە ھێزە سیاسییەکان ئەم پرۆگرامەیان بوێت.

ئەم وێنەیە لای نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، روونە بۆیە دژی پەرتەوازەیی نێو ماڵی کوردستان و دژی ململانێێ ناشەرعی ھێزە کوردستانییەکان و دژی دوو ئیدارەییەو سەنگەر لەیەکتر گرتنە.

کۆمەڵگەی کوردستانی لە دەرەوەی حزبدا لە گەشەی خێرادایە، حزبی بوون لەسەر پێوەری ستانداردی جیھانی ئەرێنییە بۆ دروستکردنی حوکمڕانی، گرینگە حزب و کۆمەڵگەو رێکخراوەکانی مەدەنی ھەمووی بە دەوری یەکتردا ھێزی ئەرێنی بۆ داھاتوو درستبکەن، چونکە ناتوانین سودمەندی رووداوەکانی ناوچەکە بین، تا کۆمەڵگەیەکی متمانە بەھێز بە خاک و کوردستان و پێشکەوتن و زانست و زانین و فێرکردن دروست نەکەین، ئەگەر بە کۆدەنگی لە دەوری یەکتردا لە حوکمڕانی و کۆمەڵگەو داھاتوو بڕوانین، ھەر بۆ 2050 نا،  بەڵکوو لە داھاتووی نزیکدا کوردستانێکی بەھێزتر و ئازادتر و دیموکراسی تر و گەشەکردووتر دەبینن.

گەڕانەوە بۆ فەڵسەفەی نێچیرڤان بارزانی کە ئەزمونی رابردووی لە ئاوەدانی و پێکەوەژیان ھەیە، ئەزموونی ئێستای لە دیپلۆماسیەت و پارێزگاری بۆ ھەرێم ھەیە، لە قوڵایی ستراتیژیدا خاڵی ھاوبەشی ھەمووانە و لە خەمی ھەمووان دایە بۆ کۆدەنگی و تەبایی و ئاشتی و سەقامگیری، گرینگە بۆ ئەم قۆناغە ھەموو  ھێزە سیاسییەکان لە دەوری ئەم کارنامەیدا کۆببنەوە،  تا بتوانرێت لە داھاتوودا دیموکراتیەتی کوردی و حوکمڕانی کوردستان، وێنەیەکی بەرچاوتر بێت لە رۆژھەڵاتی ناویندا کە ئەمە داواکاری وڵاتانی پێشکەوتوو و گلۆبالیزمە.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی