ده‌ست بۆ خوێنه‌كه‌ مه‌به‌ن

لەتیف فاتیح فەرەج

21-10-2022

4811جار خوێندراوەتەوە



له‌ دوای تیرۆركردنه‌كه‌ی هاوكار جافه‌وه‌ دۆخێكی زۆر مه‌ترسیدار دروست بووه‌ ، په‌ره‌ پێدانی زمانی زبری ده‌زگا ته‌ناهیه‌ هه‌ستیاره‌كان به‌رانبه‌ر یه‌كتر ، نه‌بوونی كه‌سی ئاوه‌زدار بۆ ئه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ له‌ وه‌ خراپتر نه‌بێت ، هه‌موو خه‌ڵكی تووشی دڵه‌ راوكێ‌ و نیگه‌رانی كردوه‌ ، ئێستا ئیتر وای لێهاتووه‌ به‌ هۆی دروستكردنی گومان و هه‌وڵی به‌رده‌وام بۆ ناشرینكردنی یه‌كتر خه‌ریكه‌ له‌گرێژنه‌ ده‌رده‌چێت و رۆژنیه‌ گوێبیستی هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی نوێ‌ نه‌بینه‌وه‌ ،له‌و نێوه‌نده‌دا كوڕی خێر له‌ خۆ نه‌دیوی ئه‌م نیشتمانه‌ ده‌بێته‌ قوربانی و دواتریش وه‌ك هۆكاری بشێویه‌كه‌ ئاماژه‌ نماده‌كرێت وه‌ك چۆن به‌ درێژایی هه‌موو شه‌ڕه‌كانی ناوخۆ هۆیه‌كه‌گه‌ڕێنراوه‌ته‌وه‌ بۆ خه‌تای خه‌ڵك.

ته‌نها له‌ مانگی ده‌دا كه‌ هێشتا ده‌رۆژی ماوه‌ ته‌واو بێت چه‌ندین روداوی نه‌خوازراو ترس و دڵه‌ راوكێ‌ لای خه‌ڵك  دروست ده‌كه‌ن ، له‌ تیرۆری هاوكاره‌وه‌ تا هه‌وڵی تیرۆری ئاكام عومه‌رو هاوڕێكانی ، كێشه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌ بری ئه‌وه‌ی ئه‌و  ئازاره‌ ، هه‌تیو كه‌وتنی مناڵی كورد لانی كه‌م جۆرێك له‌ یه‌كده‌نگیمان بۆ دروست بكات و چی تر گره‌و له‌ سه‌ر رژانی خوێنی تر نه‌كرێت ، كه‌چی دێن له‌ سه‌ر روداوی ته‌قینه‌وه‌كه‌ش جۆرێك گومان دروست ده‌كه‌ن و خێرا لێره‌و له‌وێ‌ سیناریۆی جیا جیا بڵاو ده‌كرێته‌وه‌ و هه‌ر یه‌كه‌ ده‌ستی تۆمه‌ت بۆ یه‌كێ‌ تر درێژده‌كات ، له‌ بری بیركردنه‌وه‌ له‌ هه‌وڵدان بۆ كۆتای هێنان به‌وهه‌موو كوشتنه‌ ،پلان و پیلان بۆ گه‌رمكردنی دۆخه‌كه‌ داده‌نرێت و هه‌ر تاو ناتاوێ‌ خاتونێكی قشت له‌ بری خه‌مدایگرتبێت به‌ ده‌نگێكی سازو رویه‌كی گه‌شه‌وه‌ چیرۆكی كوشتن و تیرۆرو ته‌قینه‌وه‌كان به‌و جۆره‌ ده‌هۆنێته‌وه‌ كه‌ وا بزانین به‌یانی هه‌ستاین له‌خه‌و قڵیشاوه‌ته‌وه‌.

من نازانم بۆ ئه‌وه‌نده‌مان حه‌ز له‌ ناوبردنی خوێن و كوشتن و بڕین و سوكایه‌تی كردنه‌ به‌ یه‌كتر ، بۆ رۆژێك نه‌بووچوار ئاوه‌زمه‌ندو دڵسۆز له‌ شوێنێكا نوقته‌یه‌ك دابنه‌ن و بڵێن ئیتر ده‌ستبردن بۆ خوێنه‌كه‌ به‌سه‌ ، ئه‌مه‌ چ نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌ هه‌موو ده‌رو دراوسێ‌ ده‌یكوژن ، تورك و فارس و عه‌ره‌ب و ئه‌مه‌ریكی و روسی ده‌یكوژن ، كه‌چی خۆیشی خۆی ده‌كوژێت ، ئێستا كه‌ نیشتمان له‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌ترسیداری نه‌یاراندایه‌ ، هه‌ر شه‌وه‌ی سوپای دراوسێیه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ ی ئه‌وه‌ ده‌كات تا قه‌ڵای هه‌لێرو به‌رده‌ركی سه‌رای سلێمانی نه‌وه‌ستێ‌ ، ئه‌م هه‌موو رقه‌ له‌ یه‌كترو ده‌ستبردن بۆ خوێنی رۆڵه‌كانی نیشتمان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كێیه‌ ، ئه‌وه‌ چ ئاوه‌زێكه‌ له‌ بری هاوخه‌می بۆ كه‌س و كاری هاوكارو زوبێرو ئه‌وانی تر و هیوای چاكبونه‌وه‌ بۆ ئاكام ، جارێ‌ بێت ده‌ستی تاوان و بكه‌ره‌كه‌ له‌ داعش و خه‌ڵكی تره‌وه‌ بگوازێته‌وه‌ بۆ خه‌ڵكی خۆی ، ئه‌م هه‌موو رق بوونه‌ له‌ خود ، له‌ كورد بوونی خۆت سه‌رچاوه‌كه‌ی چیه‌ ، له‌ لایه‌ك به‌ كیمیای ده‌تكوژن ، له‌ لایه‌ك به‌ په‌تی سێداره‌ ده‌تخنكێنن ، تۆش له‌ بری پشتگیری كردن له‌ خۆت و هاوزمانه‌كه‌ت ته‌نانه‌ت ناهێڵی كه‌مامه‌ی خۆ پارێزیش بگاته‌ براو هاوزمانه‌كه‌ت.

كه‌ی ده‌ست له‌ خوێنه‌كه‌ هه‌ڵده‌گرن و چی تر ئێوه‌ش به‌شێك نابن له‌وانه‌ی له‌ سه‌ر كورد بوون ، له‌ سه‌ر داوای ئازادی ، له‌ سه‌ر ده‌ركه‌وتنی دوو ته‌ڵ قژ ده‌مانكوژن و كه‌سیش له‌و دنیایه‌دا گوێ‌ به‌ هاوارمان نادات، گه‌لێك خۆی گوێ‌ به‌ هاواری خۆی نه‌دات ، خێره‌ خه‌ڵكی تر گوێ‌ به‌ هاواری بدات.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی