یەکەم : گرەوی پێکهێنانی حکومەت، چونکە لە ڕابوردودا تێبینی ئەوەمان کردوە کە هەموو کەس سەرکەوتوو نەبوە لە پێکهێنانی حکومەتدا و هەیە پاشەکشەشی کردوە.
دووهەم : گرەوی ئیدارەکردنی سەماحەتی سەید موقتەدا سەدرە، چ ئیدارەکردنی ڕازیکردنی چ ئیدارەکردنی توڕەکردنی. بەهەردوو دیوەکەدا گرەوەکە سەختە.
سێهەم: گرەوی ئیدارەکردنی بزووتنەوەی ناڕەزایی لە عێراقدا. تا چەند خۆی دوردەگرێت لە دوبارەکردنەوەی ستراتیژیەتی داپڵۆسینی زەمەنی عادل عەبدولمەهدی و تا چەند و چۆن ئیدارەی تەوژمی ناڕەزایی لە عێراقدا دەکات، کە تەوژمێکی یەکجار فراوان و گەورەو گەنجانەیە.
چوارەم : گرەوی پارێزگاریکردن لە هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە لە ئیتار و کورد و سووننە پێکهاتوە، ئەوەش بە جێەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنانەی کە لەنێوان هاوپەیمانەکاندا واژوکراون.
پێنجەم: گرەوی ڕاگرتنی هاوسەنگی لەنێوان گروپە میلیشیایەکان و دەزگاکانی دەوڵەتدا...تا چەند ئەتوانێ ئەو هەستە دروستبکات کە لەنێوان ئەم دوو ئەکتەرەدا هاوسەنگی ڕادەگرێت و ناچارناکرێت بەوەی یەکێکیان لەبری ئەوی دیکەیان هەڵبژێرێت.
شەشهەم: گرەوی ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و بەرتەسککردنەوەی ڕوبەرەکانی. چۆن و بە چ میتۆدێک دەتوانێت ڕێگا لە سەرەتانی گەندەڵی بگرێت کە کۆی دەوڵەت و کۆمەڵگای عێراقی بەرەو تراژیدیای گەورە دەبات.
حەوتەم : گرەوی ئەو بەڵێنەی کە ماوەی ساڵێکە هێزەکانی بلۆکی ئیتار بە عێراقیەکانی دەدەن کە بریتیە لە حکومەتی خزمەتگوزاری. تا چەند و چۆن دەتوانێت حکومەتەکەی بگوێزێتەوە لەوەی کە غەنیمەیەکی دابەشکراو بێت و بیکات بە حکومەتی خزمەتگوزاریی هاوڵاتیان.
هەشتەم : سودانی پشتیوانیەکی ڕێژەیی دەوردراو بە حەزەری نێودەوڵەتی هەیە. تا چەند سەرکەوتودەبێت لە گرەوی بێومێدنەکردنی وڵاتانی سیستمی هەرێمایەتی و وڵاتانی سیستمی جیهانیدا
ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی