مرۆڤ ئەو کاتەی ئەقڵ و ڕۆحی بەر کۆمەڵگا دەکەوێت پێویستی بەئارامی هەیە، پێویستی بە کەسێکە لەڕۆح و فیکر و جیهانبینی نزیک بێت بۆ ئەوەی دەردە دڵی لا باس بکات. ئەمەش پێویستی بە هاوڕێی باشە، واتە هاوڕێیەتی بێ بەرژەوەندی.
د . فاروق لە کتێبی هونەری ئیشقدا سەبارەت بە هاوڕێیەتی دەڵێ (ئەو هاوڕێیانەی بۆ بەرژەوەندی یەکیان خۆش دەوێت لەڕاستیدا یەکیان خۆش ناوێت ئەوە هاوڕێیەتی کامڵ نیە چونکە هاوڕێ ئەو کەسەیە کە بەتەنگ چاکەی ئەوی دیکەوە دێت ئەو کارانە دەیکات کەچاکە بۆ ئەوی دیکە، ئەوە دەخوازێ کە هاریکاری هەمیشەیی لەنێوان هاوڕێکاندا بوونی هەبێت. ئەم هاوڕێیەتیەش تەنها لە نێوان پیاوە چاکەکاندا بوونی هەیە، تەنها کەسی خاوەن فەزیللەت وا سەیری کەسێکی دیکە دەکات وەک مرۆڤ نەک وەک ئامراز).
ئەگەر لەسەر ئەم بنەمایە هاوڕێیەتی ئەم سەردەمە بخوێنینەوە دەگەینە ئەو شوێنەی کە هاوڕێیەتی مانای خۆی لەدەسداوە.
بۆیە مرۆڤەکان هەمووی غەمگینن، چونکە متمانە کەوتوە و هاوڕێیەکیان دەستناکەوێت بێترس دەردە دڵی بۆ بکەن، چونکە فەزایەک خولقاوە بێ متمانەی بێ ئەنداز باڵی کێشاوە بەسەریدا و هاوڕێیەتی بۆگەن کردوە. ئەمەش وەک فیۆدۆردۆستۆیڤسکی لە ڕۆمانی شەیتانەکاندا دەڵێ: (کەئەخلاق کەوت هەموشت دەکەوێت)!
بۆیە ئێستا هەموو شت سەرەو لێژبوەتەوە و ئەمەش وای کردوە نازانین چۆن مرۆڤە چاکەکان بدۆزینەوە بۆ هاوڕێیەتی، کە دەردەدڵ و جیهانبینییەکانتی بۆ باس بکەی چونکە پێچەوانە و ئەهریمەنانە تەفسیری بۆ دەکات. بۆیە ئێستا دەبێ بەچرایەک بەڕۆژی نیوەڕۆ بگەڕێیت بۆ دۆزینەوەی هاوڕێیەکی خاوەن فەزڵ تا لەفەزڵی هاوڕێیەتی تێبگات چونکە هاوڕێیەتی لەقەیرانێکی قوڵدایە.
ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی