))ئەگەر مەکیاڤێللی لەم سەردەمەدا ژیابوا نەیدەگوت رەوشت لە سیاسەت جیابکرێتەوە!! ئێستا گلۆبالیزم بە دیزاینێکی نوێ لە فۆرمێکی تازەدا دەیەوێ، خێزان، کۆمەڵگە، نیشتمان و دەوڵەت سەرتاپا لە جیھان بخاتە ژێر پرۆگرامی نوێ، کە ئەم دیزاینە تازەیە بۆ ھەندێ وڵات دەرگای شەڕ دەکاتەوە و بۆ ھەندێ وڵات دەرگای خێر، چونکە گلۆبالیزم دەیەوێ دەسکاری مێژوو، ئابووری، حوکمڕانی، خێزان و کۆمەڵگە بکات).
جۆرجیا میلۆنی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا دەڵێت، "خوا و نیشتمان و خێزان"، ئەوان لە میراتی مەسیحیەت بۆ تێگەیشتن لە خوا، لە ریفۆڕمی خێزان لەسەردەمی رێنسانس، هێزی نیشتمان و دەوڵەت لە سەردەمی مەکیاڤێللی سەیری داهاتوویان لەنێو جەرگەی یەکێتی ئەورووپا دەکەن، بەڵام فۆرمێکی دیزاینکراوی خۆیان ھەیەو بە پێوەری کرانەوە و ئەزمونوەرگرتن دەچنە نێو جیھانیبوونەوە.
ئەم گۆڕانکارییە لە ئەورووپا سەرەتاییەکی تازەی لەبەریەکهەڵوەشانەوەی فۆرمێکە کە چەندین ساڵە لە قوتابخانەی فەرەنسی لەڕووی هزر و لە قوتابخانەی ئەمەریکا لەڕووی دیموکراسیەت و ئابووری و لە قوتابخانەی بەریتانیای پێش برێکزیت لەڕووی یاساو پەروەردە بەسمەی لەسەر کۆمەڵگەی ئەورووپایی داناوە.
جەنگی وزە و رێککەوتنی کۆنی رووسەکان و ئەمەریکا لەسەر ئۆراسیا کە هێزی ئەم جەمسەرە بەرەو کێشکردنی ئەرووپا دێت، لەگەڵ ئەوەدا رێکخستنەوەی خێزان و ئاستەنگەکانی کۆمەڵگە و خۆساغکردنەوە لەڕووی دیزاینکردنەوەی کۆمەڵگە لەو سەردەمەدا ئەرووپاییەکان دەخاتە بەردەم چەندین تێڕوانینی نوێ.
جەنگی ئۆکرانیا کە دواجار دیزاینێکی نوێ بۆ جیهان پێیە، هەروەها راکێشانی چین بۆ نێو جەنگی تایوان و دواتر حساباتی وزە لە رۆژهەڵاتی ناوین، ئەمانە گشتی ئەو رووداوانەن کە کۆمەڵگە لە ئاستی جیھانیبوون بەرەو پێناسەی نوێ دەبات.
تێڕوانینی ئەورووپا دوای مەکیاڤێللی کە زیاتر سیاسەتی لە هێز کۆکردەوە و لە مۆڕاڵی جیا کردەوە و یەکبوونی دەوڵەتی خستەپێش هەموو شتێک ئەم بیرۆکەیە لە ئەورووپا سەری هەڵدا و ئیتاڵیا لەژێری کۆبوویەوە.
بەڵام هێزی دیموکراسیەت و ئازادی و فکری فەڵسەفەی جان کاک رۆسۆ لە بنچینەی خێزانەوە بۆ دەستوورێک لە خێزان و کۆمەڵگە، فکری ئەریکفرۆم و جۆن لۆک بوونە دەستوورێکی نوێ کە رۆحی ئازادی بەبەر جەستەی خێزان و کۆمەڵگەو حوکمڕانی دا کرد لە سەرتاسەری ئەورووپا.
ئەگەر مەکیاڤێللی لەم سەردەمەی ئێستا ژیابووا، دڵنیام رەوشت و سیاسەتی لەیەکتر جودانەدەکردەوە، بەڵکوو ئێستا لە ھەموو کات زیاتر جیھانی بوون پێویستی بە رەوشتە کە بگەڕێتەوە نێو سیاسەت، ئابووری، حوکمڕانی و دادپەروەری.
ئێستا چین لە گەورەترین قۆناغی هێرشی ئابووریدایە بۆسەر جیهان، رووسیا لەبەهێزترین دروستکەری قەیرانی برسێتی بۆ جیهان و سەرئێشە لە وزە بۆ جیھاندایە، ئەمەریکا لە قۆناغی رێکخستنەوەی گلۆبالیزمە لەوەی کە بتوانێت بە دیزاینێکی نوێ لە گۆڕپانەکەدا ئەمریکای ھێز و ئابووری وەک خۆی بھێڵێتەوە.
بۆ رۆژهەڵاتی ناوین بە تایبەت بۆ ئیمەی کورد لە کوردستاندا هەموو ئەو گۆڕانکاریانەی کە دێنە پێش پێویستە زۆر بە جیدی دیراسە بکرێت، جەنگی ئۆکرانیا لە کوێ لێکەوتەی بۆ ئیمە دەبێت و لە تایوان ئەگەر جەنگ رووبدات لێکەوتی چی لەسەر ئێمە دەبێت و گۆڕینی دیزاینی وزە لە جیهاندا چی بۆ ئێمە پێ دەبێت.
کۆمەڵگەی ئێمە زۆر بەخێرایی دەستی بە تەکنۆلۆژیا راگەیشتووە و لە هەموو ئەم گۆڕینەدا کەوتووەتە نێو چەقی بەرکەوتووەکان، هەم پێویستە یەکێتی نێو هێزە سیاسییەکان، هەمیش دیموکراسیەت بۆ رۆحی ئازادی کۆمەڵگە فراوانتر بکرێت، چونکە ھەمیشە جیاوازی ئێمە لەناوچەکە پێکەوەژیانی ناوخۆیی و بەھێزکردنی دیموکراسیەتە کە پێگەمان لە جیھاندا بە بەھێزی بھێڵێتەوە.
مەولانا رۆمی دەڵێت، "لە مەزھەبی ئێمەدا رقھەڵگرتن لە دڵدا نییە"! ھەرخۆی رق لە حوکمڕانی دیموکراسیەت دەکوژێت، لە سیاسەتدا رەوشت دەکوژێت، لە پێکەوەژیاندا فەوزا دەخولقێنێت، چونکە رقھەڵگرتن متمانە وێران دەکات، بۆیە لەسەر نەھجی مەولانا گرینگە ھەموو ھێزە سیاسییەکان لە ئەھلی فڕێدانی رقی سیاسی بن، ئەگەر بە رقەوە بمێنین و بکەوینە نێو دیزاینی نوێی ناوچەکە ئەوا بەیەکجار گلۆبالیزم دەبێتە دەرگای شەڕ بۆ ئێمە.
ئێستا دەبێ وریابین لەو پرۆگرامەی لە نێو جیھانی بوون لە دایکدەبێ پرسی ئێمە لە ناوچەکە بەرەو کوێ دەبات! جیلی نوێی ھەرێمی کوردستان چۆن لە ئاستی خێزان و نیشتماندا رێکدەخرێنەوە، پێناسەی ئێستا لە دیزاینی ھەرێمدا بۆ کۆمەڵگە چییە، چۆن تاک لە ئاستی خێزاندا پێناسە بکەینەوە و سیاسەت و حوکمڕانی و کاری ھێزە سیاسییەکان چی لێبکەین؟
ئیتاڵییەکان ئێستا دەڵێن، خوا، نیشتمان و خێزان کە ئەمە پرۆگرامی داھاتوی ئەوانە لە نێو ئەورووپا، ئەی ئێمەی کورد چی بکەینە پرۆگرامی خۆمان کە دەکەوینە چەقی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و ھەمیشە لە ئاڵۆزی ئابووری و سیاسی ناوچەکە لێکەوتەی لەسەر ئێمە دەبێت... بۆیە ئەگەر کۆدەنگی و یەکگوتاری و یەکترقبوڵکردن نەکەینە باوەڕی سەرەکی لە کارکردنی سیاسی و ئابووری تا حوکمڕانی و دامەزراوەیی، ئەوا لە خێزان و کۆمەڵگە تا نیشتمان، دەکەوینە ژێر لێکترازانێکی مەترسیدار و ئەوکاتە درەنگدەبێ بڵێین بۆچی و چی و چۆن؟
ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی