سەرپۆشی بەسیاسیکراو لەنێوان تورکیاو كۆماری ئیسلامی ئێراندا

ئەبوبەكر عەلی

6-10-2022

1875جار خوێندراوەتەوە


سەرپۆش لەمێژووی نوێی ناوچەکەماندا، تەنھا ئاماژە نییە بەئەرکێکی دینی وپابەندبوون بە کەلتورێکی دیاریکراوەوە، بەڵکو لەسۆنگەی ململانێی توندی نێوان تەوژمی عەلمانی وئیسلامی لەسەرناسنامە، گۆڕاوە بەرەمزێکی ئایدۆلۆژی وسیاسی ولە بازنەی ئیمان وئازادی تاکەکەسی دەرکراوەو کرا وەبەپرسێكی وروژاو لەپانتایی گشتیدا!

ڕژێمی عەلمانی سەرەڕۆو نامیھرەبانی تورکییا، لەچوارچێوەی دژایەتیکردنی ڕواڵەتەکانی ژیانی ئیسلامی، کەجل وبەرگیشی گرتەوە، سەرپۆشی کرد بەرەمزی دواکەوتوویی ودژایەتی ناسنامەو ئایدۆلۆژی دەوڵەت وسەرەنجام لە دام ودەزگاگشتیەکان ولەوانەش زانکۆکاندا قەدەغەیکرد.!واتە دەولەت دەیوست لەڕێی بێبەشکردنی ئافرەتی سەرپۆش  بەسەرلەمافەکانی وقێزەونکردنی لەکۆمەڵگەدا، بەزۆر سەرپۆش لەسەری لابەرێت!

ڕێو شوێنەکانیشی لەم ڕوەوە بەجۆرێك توندو سەخت بوون، لەکاتێکدا عەبدوڵڵا گوڵ وئۆردووگان لەلوتکەی دەسەڵاتی وڵاتەکەیاندا بوون، یەکەمیان کچەکەی کەدەچووە زانکۆ بارۆکەی لەسەر دەکردو ئەویدی ناردی بۆ ئەمەریکا لەبەرئەوەی لەوێندەرێ ناچارنەبوو سەرپۆشەکەی لەحەرەمی زانکۆدا فڕێبدا!

لێرەشەوە، خەبات بۆ ئازادی سەرپۆش لەمێژووی ھاوچەرخی تورکیادا، بوو بەبەشێك لەخەبات بۆ کرانەوەو دیموکراسی ومافەکانی مرۆڤ.   لەگەمەی دیموکراسی وھەڵبژاردن وکۆکردنەوەی دەنگیشدا بەمەستی بەدەستھێنانی دەنگی توێژە موحافیزەکارو ئایندارەکەی کۆمەڵگە لەلایەن زیاد لەرەوت وھێزێکی سیاسییەوە بەکار دەھێنرێت.

ھەرلەم چەند ڕۆژەی ڕابردووشدا بوو، ھاوکات لەگەڵ نارەزایەتیەکانی شەقامی ئێرانی وسەرپۆش دژی لەنێوان بەشێ لەخەڵکی ئەووڵاتەو بەتایبەتیش نەوەی نوێدا، سەرۆکی جەھەپە واتە ڕێبەری ئۆپۆزیسیۆن ومیراتگری مێژوویی پارتەکەی ئەتاتورك، باسی لەئامادەکردنی پڕۆژەیەك لەلایەن فراکسیۆنە پەڕلەمانییەکەی حیزبەکەیەوە، دەربارەی ئازادی سەرپۆشکردن لە دام ودەزگا گشتیەکان ودەرھێنانی لەبازنەی ململانێ سیاسییەکەو گێڕانەوەی بۆ چوارچێوەی ئازادییە تاکەکەسییەکان کرد وبەکردەوەش پێشکەشیان کرد. باسی ئەوەشی کرد کەئەوان لەڕابردوودا ھەڵەیان کردووە، کەبەجۆرێك لە دوایلێبوردنکردنی ناراستەو خۆ لەم پرسەدا لەقەڵەم دەدرێت.

 سەردەمی پادشایەتی ئێرانیش چیرۆکەکە زۆر لەم دۆخە نزیك بوو، بەحوکمی سەرسامبوونی زۆری ڕەزاشا بە کەمال ئەتاتورك وسیاسەتەکانی. سەرپۆش لەم نموونەدا، واتە دژایەتی سەرپۆش وسەرپۆش  بەسەرو بێبەشکردنی ئافرەتی موسوڵمانی باڵاپۆشی ھاوچەرخ لەبەشێ لەمافەکانی وەکو ھاوڵاتی لەسۆنگەی جۆری جل وبەرگەوە، ڕەمزی ستەمکاری ڕژێم و ئازادیە، چونکە ڕەمزە بۆسنوورداری ئازادییە تاکەکەسییەکان.

ھەرچی نموونەی ئێرانی نوێیە، واتە کۆماری ئیسلامیی ئێران، کەدەوڵەت لەدوای شۆڕشەوە، بەزۆر سەرپۆشی بەسەر ئافرەتانی ئەووڵاتەدا سەپاندووە، دیمەنەو ئاماژەکان بەتەواوەتی جیاوازن. سەرپۆشیش ڕۆڵێکی سومبولیکی جیاوازی سیاسی وکەلتوری دەگێڕێت. سەرپۆشی بەسیاسیکراوی سەپاو، لەساتەوە ختێکی دیاریکراوی مێژوویدا، نەك ھەر بۆتە ئاماژەی سنورداری ئازادییە تاکەکەسییەکان ، بەڵکو بۆشتە یاخود کراوەتە ڕەمزی کۆی خراپیەکانی سیستم وناڕەزایەتی تەوژمێکی بەربڵاوی کۆمەڵگە لە نیزامی باوو.!

ھەربۆیە  بەسوکایەتیکردن بەسەر پۆش نارەزایەتی بەرامبەر کۆی پرسی ئازادی وکارنامەی نوخبەی حوکمڕان دەردەبڕێت.

لەبەرەنجامی گشتی وڕووناکی ئەوەی لەپێشیشەوە وتمان، دەخوازین بڵێین :کاتی ئەوە ھاتووە، دەوڵەت لەخۆگری ھەمووان بێت وتاك ئایدۆلۆژی نەبێت. سەرپۆش وھاووێنەکانی لەبواری سیاسەت دەربھێنرێن وبخرێنەوە ماڵەتایبەتەکەی ئیمان وئازادی تاکەکەسییەوە.  چونکە بەسیاسیکردنی سەرپۆش لەھەردوو نموونەکەدا خراپەی لێکەوتەوە.
 
دژبەلۆژیکی ئیسلامیشە کە سەرپۆشی بە ئێمان وقەناعەتی دینی وکۆمەڵایەتی تاکەکەسەوە بەستۆتەوەو ھیچ سزایەکی بۆ بێسەرپۆشی دیارینەکردووە. دژبەبنەماکانی دیموکراسی ومافەکانی مرۆڤیشە،  بەحوکمی ئەوەی ئەم جۆرە پرسانە دەخەنە خانەی مافەتاکەکەسییەکانەوە، واتە ئەومافانەی دەوڵەت نابێت دەستیان تێبخات بەمەبەستی لەقاڵبدان وزەوتکردنیان.

 سەرپۆشیش کاتێ ئیسلامی وئەخلاقییە، بەرھەمی ھەڵبژاردنی عەقڵ وئیرادەیەکی ئازاد بێت، سیاسەتیش کاتێ سیاسەتە سنورو ئەرکی خۆی بناسێت ودەرکیان پێبکات وبیانپارێزێت، لەوانەش پاراستنی ئازادییە تاکەکەسییەکان وڕێزگرتن لە ئازادی ھاوڵاتیان لەچوار چێوەی دەستورێکی مەدەنی تەوافوق لەسەرکراودا.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی