تۆپ باران و دژ بەیەکی لە گوتاردا

فارس نەوڕۆڵی

1-10-2022

5887جار خوێندراوەتەوە


ناگەڕێینەوە بۆ مێژووی کۆن، تەنها لە سەد ساڵی ڕابردوودا ئێمە کارەساتبارترین نەتەوەین، بوغزاویتترین نەتەوەین بەرامبەر یەکتر!  بیریشی لێدەکەیتەوە نازانیت ئەم هەموو ڕقە دژ بەیەکە لەکوێوە سەرچاوەی گرتووە، بۆیە  هەڵە لە دوای هەڵە دووبارە دەکەینەوە. بۆیە دایم بەرەنجامی نەخوازراو دەدەین بەدەستەوە. پاولۆ کۆیلۆ دەڵێت: (دووبارەکردنەوەی هەڵە چیتر بە هەڵە ناژمێرێ)،ئەمەش دەرەنجامی ئەوەیە ئێمە بۆ هیچ ڕووداوێک بیرکردنەوەی ستراتیجیمان نییە، پرسیار لە خۆمان ناکەین، لە کاتێکدا هەموو نەتەوەیەک دەبێ هەمیشە سێ پرسیار بۆ هەموو ڕووداوەکان لە خۆی بکات.  ئەو پرسیارانەش بریتین لە:
١- چی؟
٢- چۆن؟
٣- بۆچی؟
بەڵام ئێمە جگە لە شیوەنێکی کورت مەودا هیچ پرسیارمان نیە و کارەساتەکان ڕامان ناچڵەکێنن. ئاخر نەتەوەیەک ئەنفال و کیمیاباران و سوتانی خاک ڕای نەچڵەکاند و یەکی نەخست سەدان تۆپبارانی دیکە ڕامان ناچڵەکێنێت! 
ئەگەر کەمێک دیقەت بدەی لەو بەیاننامانە و پۆست و لێدوان و کۆمێنت و وتارانەی کە ئیدانەی تۆپبارانەکانی کرد بۆ سەر هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات و هەرێمی کوردستان جیاوازیەکی زۆر و دژ یەکیەکی زۆر لە ئیدانە کردنەکاندا هەبوو، هەر گەڕەکە و ڕایەکی هەبوو ئۆپۆزسیۆن ڕایەکی هەبوو، دەسەڵات ڕایەکی هەبوو، ڕۆشنبیر ڕایەکی هەبوو، دەکرێ ئێمە لەناوخۆدا جیاوازیمان هەبێ و ئەقڵانی جیاوازییەکان بەڕێوەبەرین، بەڵام ناکرێ بەرامبەر هەڕەشەو ئاڵنگارییەکانی دەرەوە بەم شێوەیە جیاوازی لەهەڵوێستەکانماندا هەبێت. 
ئێمە نمونەیەکی شازین لەناو گەلانی جیهاندا، بەم شێوەیە ناتوانین یەک گوتاربین بەرامبەر هەڕەشەکانی دەرەوە. ئێمە لەم پەرتەوازەییەوە چۆن داوا لە خەڵک بکەین یان لە وڵاتان بکەین کۆدەنگیمان لەسەر دروستبکەن. ئەمە ئەوەمان پێ دەڵێت ئێمە لە بەردەم شەڕێکی فەرهەنگیداین و خەریکە لە ناومان دەبات، کەچی هیچ ئامادەکارییەکمان بۆئەو شەڕ ەنەکردووە و زۆر لەپەراوێزیشدا دەیبینین. 
ڤیگتۆر هۆگۆ دەڵێت: ( هێرشی سەربازی دەکرێ بەرەنگاری ببینەوە، بەڵام شەڕی فیکر سەختە)، ئێمەش لە خۆوە دانەبەزیوین بۆ ئەم ئاستە، لێرەوە دەگەینە ئەو دەرەنجامەی ئەم نەتەوەیە کێشەی لە بیرکردنەوەی ئەرێنیداهەیە بۆیە زۆربەی شتەکان بەنەرێنی دەبینین. بۆیە هەتا دەستکاری هۆشیاریمان نەکەین دەستکاری پەروەردەمان نەکەین، دەیان تۆپباران و وێرانکردن ڕامان ناچڵەکێنێ و لە بیرمان دەچێتەوە وەک ئێستا هاوڕا نابین و پەرتەوازە دەبین و دژیەکی لەکردار و گوتارماندا دەبێت. بەردەوام لەدەرەوەی مێژوو دەمێنینەوە.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی