واز لە کۆمەڵگە بێنن هێندەی تر دابەشی مەکەن

یوسف محەمەد

23-09-2022

3466جار خوێندراوەتەوە


 لە کاتێکدا وا بۆ ماوەی هەفتەیەکە هەمومان، وەک هەر ئازادیخوازێکی دنیا بەتایبەت وەک کوردێکیش، بریندار و خەمبارین بۆ مەرگی تراژیدیی خاتو #ژینا_ئەمینی و، هەمو قوربانییانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی کوردستانی ئێران، کەچی هەر لەم کاتەدا خەریکە جارێکی تر کۆمەڵگەی کوردستان دابەش دەکرێ و، گیرۆدەی کۆمەڵێک ململانێ و ناکۆکی دەکرێ کە بەشێکی بۆ بەرژەوەندیی حیزبی و سیاسی ئاڕاستە دەکرێ.
 
دەبێ پەند لەو ڕوداوانە وەربگیرێ کە لە دەوروبەرمان روئەدەن نەک بکرێنە هۆی دابەش کردنی زیاتری کۆمەڵگە. بۆ نمونە دەبێ پەند وەربگرین لەوەی کە سەپاندنی زۆرەملێی لەچک هۆکاری سەرەکیی لەچک سوتاندنە و، وا خەریکە ناڕەزایەتییەکان لەو بارەیەوە سیستمێکی حوکمڕانیی خستۆتە مەترسییەوە. بەزۆر سەپاندی جۆرێکی جلوبەرگ و تەنانەت بیروڕای ئایینی، رێک بەپێچەوانەوە بوەتە هۆی لاوازیی باوەڕداری و دژوەستانەوەی باوەڕە ئایینییەکان.
 
لە بەرامبەریشدا دەبێ سەرنج بدەین کە چۆن بڵاوکردنەوەی تلیاکی کۆمەڵایەتی و ئاکاری دور لە کۆمەڵگەی کوردی لە لایەن دەسەڵاتی هەرێمەوە، لەڕێی ماکینەیەکی راگەیاندنی زەبەلاحی نەوتی بەناوی (ئینتەرتەینمێنت Entertainment)ەوە و لەڕێی لەشکرێکی ناو سۆشیالمیدیا و، بڵاوکردنەوەی دیاردەی بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە بەناوی «مۆدێل» لە لایەن دەستڕۆشتوە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم، بونەتە هۆی زۆر بونی پێکدادانی کۆمەڵایەتی و زیاتر بونی توندوتیژی بەتایبەت بەرامبەر ژن و منداڵ و، لەبەریەکهەڵوەشانی شیرازەی کۆمەڵایەتی و زیاتر بونی رێژەی تەڵاق و، لە هەمان کاتیشدا پەرچەکردار و داخرانی زیاتر. ئاخر ئێمە کوا پیشەسازیی دروست کردنی پۆشاکمان هەیە تا (مۆدێل) و (فاشن)ی بۆ بەڕێ بخەین!؟
 
لێگەڕێن ئەم بابەتانەش بۆ مەبەستی سیاسی مەکەنە بابەتی بازرگانیی سیاسی. کۆمەڵگەی ئێمە بەو فرەییەی تێیدایە تەندروست و جوانە و، دەبێ هەموان تێبکۆشین بۆ بەردەوامیی پێکەوەژیانی نێوان خاوەن باوەڕە جیاوازەکان و، رەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ هەموان دور لە لەبەرچاوگرتنی بیروباوەڕ و، شێوازی پۆشینی جلوبەرگ. هەروەها لێگەڕێن با کۆمەڵگە بە شێوازێکی سروشتی گەشە بکات و، بە ھۆی حەزی دەسەڵاتدارانی ھەرێم بۆ دورخستنەوەی خەڵک لە سیاسەت بە تایبەت گەنجان و، سەرقاڵ کردنیان بە (تلیاکی کۆمەڵایەتی) هێندەی تر کۆمەڵگە توشی لێکترازان و ناکۆکی و لەبەریەکهەڵوەشان مەکەن.
 
دوبارە هەزاران سڵاو بۆ گیانی ژینای جوانەمەرگ و، هەمو شەهیدانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی ئێران.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی