هەواڵی ئەمڕۆ

دڕندەتربوونی ڕووسەکان و گەورەتربوونی ھەڕەشەکانیان

ئه‌بوبه‌كر عه‌لی‌

21-09-2022

4372جار خوێندراوەتەوە


 

دوای سەرکەوتنی دژە ھێرشەکەی ئۆکرانیا لەخارکێڤ و ناچارکردنی سوپای ڕووسیا بەپاشەکشەکردن لەناوچەیەکی بەرفراوان، جەنگەکە پێیناوەتە  نێو قۆناغێکی نوێی ترسناکەوە. مەترسییەکانیش  بۆسەر ئۆکرانییاو جیھان، گەورەتر بوون.

قسەکانی پۆتینش دەربارەی دۆخەکە، دیدگای ئەویان بەجوانی دەربارەی ئەگەر و چەشمەندازەکانی داھاتوو خستەڕوو. دیدوبۆچوونەکانی ناوبراو ئاماژەی ترسناکیان لەگەڵ خۆیان ھەڵگرتووە.
قسەکانی پۆتین دەنگدانەوەی  بیروڕاکانی فەیلەسوفە خوێناویەکەی مامۆستای واتە ( دۆگین) بوون.
بەکورتی بەگوێی ئۆکرانیا و خۆرئاوا و جیھانیدا چپان کە:

١- ئەم جەنگە بەناراستەوخۆ جەنگی نێوان ڕووسیاو خۆرئاوایە، واتە جەنگێکی جیھانی ڕانەگەیەنراوە دژ بەڕووسیا. ئەوەش دەخوازێت، بەوجۆرە بیری لێبکەنەوەو مامەڵەی لەگەڵدا بکەن وبەڕێوەی بەرن.

٢-  دەبێت خۆرئاوا گرەو لەسەر ھەندێ پێشڕەوی سوپای ئۆکرانیا نەکات و لەوە تێبگات، ڕووسیا لەژێر فشاری ھیچ ھەل ومەرجێکدا، سازش لەسەر ئاسایشی سنورەکانی وپێگەو سەروەریەکەی ناکات. ئەوناوچانەی ئۆکرانییاش کەلەئێستادا لەژێر کۆنترۆڵی سوپای ڕووسیادان، بەشێکن لەخاك و سەروەری ڕوسیا و سنورە نوێکانی دەستنیشان دەکەن.

واتە ھەوڵدان بۆ گێڕانەوەیان لەلایەن ئۆکرانیاوە بەپاڵپشتیی خۆرئاوا، یەکسانە بەپێشێلکردنی سنوری ڕووسیاو دەستدرێژیکردن بۆسەر خاکەکەی، ئەوەش ڕەھەندێکی جیھانی وترسناك بەجەنگەکە دەبەخشێت.

٣- ڕووسیا لەبەھێزیدا بێبەزەییانە دەستدەوەشێنێ، لەدۆخی لاوازیشدا بەپێچەوانەی دیدی میکیاڤیللیەوە، سەرۆکەکەی لەپێناو خۆدەربازکردن وھەڵسانەوە ڕۆڵی ڕێوی نابینێت، بەڵکو مامەڵەی پڵنگێکی بریندار دەکات.  لەدۆخێکی لەوجۆرەدا، کاردانەوەکانی چاوەڕواننەکراو دەبن وئامادەیە ھێڵە سوورەکان ببەزێنێت وجیھان شۆك بکات و جاڕی کۆتایی عەقڵانییەتی لێپرسراو بدات.

چونکە ڕووسیای نوێ، لەنێوان بژاردەی سەرکەوتن ودەرچوون لە شەڕەکە بەکەمترین زیاندا نییە، بەڵکو یان دەبێت سەربکەوێت یان جیھان باجی سەرنەکەوتنی بدات وکەس نەمێنێ ئاھەنگی شکستی سوپاکەی بگێڕێت. لەڕوانگەی ئەوقەناعەتەی، جیھانێ بەبێ ڕووسیای شکۆمەند، شایستەی مانەوە نیە؟!

لێرەشەوە:

دیاریکردنی سنوری نوێ و قبوڵنەکردنی شکست، ھەرەشەکانی گەورەبوونی جەنگەکەو ئەگەری بەکارھێنانی چەکی ناوکی گەورەتر دەکەن.

تاکەئەگەرێك بۆ دۆزینەوەی چارەسەری مام ناوەندی  پابەندی خۆرئاوایە بە دەستەبەرکردنی ئاسایش بۆ ڕووسیا، کەئەم بژاردەش ڕووداوەکان لەھەندێ ڕوەوە تێیانپەراندووە، گەرچی بەتەواویش لەسەر مێز ھەڵنەگیرابێت.

لێرەشەوە خوا ڕەحم بەمرۆڤایەتی وجیھان بکات.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی