هەواڵی ئەمڕۆ

بەهێزی دۆلار، لەئابوری جیهانــــدا

سەركۆ یونس

19-09-2022

2766جار خوێندراوەتەوە



دۆلــــار، لەکۆتایی شەڕی جیهانی دووەم، باڵادەستی خۆی سەپاند، ئەمەش پاش ئەوەی هاوپەیمانان بەسەرکردایەتی ئەمەریکا سەرکەوتنیان لەجەنگ بەدەستهێنا.

ئەمەریکا بەئابورییەکی بەهێزی ئەو سەردەمەو دراوێکی بەبەهای جێگیر دەرکەوت، لەکاتێکدا وڵاتانی تر، مەژغولی ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەوێرانەکانیان بوون.

هەربۆیە بۆ دوورکەوتنەوە لەبەرزونزمی دراوەکانیان  (44) وڵات، ڕێکەوتن کەدراوەکانیان ببەستنەوە بەدۆلاری ئەمەریکییەوە، ئەمەش لەکۆنگرەی بریتون ووردز لەساڵی (1944) ئیمزا کرا.

لەکاتێکدا بەهای دۆلار خۆی پەیوەست بوو، بەزێڕەوە، بەوپێیەی دۆلار دراوێکی سەلامەت بوو، زۆربەی وڵاتان شمەک و کاڵاکانیان بەدۆلار هەناردە وهاوردە دەکرد.

هەرچەندە لەساڵی (1971) پەیوەستی دۆلار بەزێڕەوە لەیەکجیاکرایەوە، سەرەڕای دابەزینی بەهاکەی، بەڵام تائێستا باڵادەستی دۆلار لەبازرگانی نێودەوڵەتیدا بەردەوامە.

دۆلار، بەتاکە دراوی جیهانی دادەنرێت، کە نزیکەی سەد ساڵە، باڵادەستی خۆی سەپاندووە وبەردەوامــــە.

هەڕەشەکانی سەرۆکی ڕووسیا (ڤلادیمێر پۆتین) بەوەستاندنی هەناردەی غاز بۆ ئەو وڵاتانەی کەنایانەوێت حساب لە بانکەکانی ڕووسیا بکەنەوە و پارەکەش بەڕۆبڵ بدەن، ئەمە لەلایەک.

لەلایەکی ترەوە، ئاراستەی هەندێ لەوڵاتان، بۆ پشت بەستن بە(یووان)ی چینی لەمامەڵەبازرگانییەکانیاندا لەهەڵکشاندایە، ئەمانە وهەندێ گۆرانکاری تر، کاریگەریان لەسەر دۆلار دەبێت و دەرئەنجامیش کاریگەرییەکە لەسەر ئابوری جیهانی زیاتر دەبێت.

بەپێ ی شیکردنەوەیەکی تۆڕی(سی ئێن ئێن) نزیکەی (60%) لەیەدەگی دراوی جیهانی، زیاتر لە (12.😎 ترلیۆن، بەدۆلار هەڵگیراوە، ئەمەش وا لەئەمەریکا دەکات تایبەتمەندی گەورەی هەبێت بەبەراورد بەهەر دەوڵەتێکی تر. 

قەرزەکانی ئەمەریکا بەدۆلارە، واتە کەمبونەوەی بەهای دۆلار کەمبونەوەی قەرزەکانیەتی. هەروەها بۆ کۆمپانیائەمەریکییەکان هەیە، هەرکارێکی بازرگانی ومامەڵەی نێودەوڵەتی بەدۆلار بکەن، بەبێ ئەوەی دەڵاڵانە(عمولە)ی گواستنەوە بدەن.

لەهەندێ بارودۆخدا، حکومەتی ئەمەریکا، پەنا دەباتە بەر پێ نەدان ونەگەشتنی دۆلار بۆ هەندێ لەبانکەناوەندییەکانی وڵاتان، ئەمەش دەبێتەهۆی پەراوێزخستن ولەدەستدانی ئابوری ئەو وڵاتە، هەربۆیە دۆلار بووەتە چەکێکی ئابوری کاولکەر.

ئەم چەکە، ئەمەریکا بەکاری هێنا لەسەرەتای ساڵی2022دا، دوای داگیرکاری مۆسکۆ بۆ سەر ئۆکرانیا، نزیکەی (630) ملیار دۆلار لەیەدەگی بیانی نەختینەیی ڕووسیای بلۆک کرد، ئەمەش بوو بەهۆی دابەزینی بەهای رۆبڵ، بەم هەنگاوە واشنتۆن بەبێ بەشداری سەربازی لەجەنگدا، توانی سزای مۆسکۆ بدات.

بێ گومان لەگەڵ بەهێزی دۆلار، لەهەمانکاتدا، بەرپرسیارییەتی گەورە لەسەر دۆلار هەیە، کاتێک وەک چەکێکی کاولکەر  بەکاردەهێنرێت، هەرچەندە ئابوریش بێت. زۆرێک لەوڵاتان تووشی دڵەڕاوکێ دەبن، پەنا دەبەنە بەر پاراستنی خۆیان نەوەک لەداهاتوودا هەمان دەردی ڕووسیایان تووش ببێت.

هەربۆیە زۆرێک لەوڵاتان، وەبەرهێنان دەکەن دوور لەدۆلاری ئەمەریکی بەدراوی تر ئەنجامی دەدەن. وا پێشبینی دەکرێت مەترسی دۆلار وادەکات لەداهاتوودا خواست لەدۆلار کەمببێتەوە.

لەڕاپۆرتێکی شیکاریدا، کە سندوقی نەختی نێودەوڵەتی ئامادەی کردووە، تێدا هاتووە، کەبەشی دۆلار لەیەدەگی نێودەوڵەتی بەردەوام ڕوو لەکەمبونەوەی کردووە لەدوو دەیەیی ڕابردودا، ئەمەش دوای ئەوە هات کەئەمەریکا شەڕی دژی تیرۆری دەست پێکرد، سەپاندنی سزاکان پەیوەست بەبەڕەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە، هەندێ لەوڵاتان، خاوبوونەوە لەمامەڵەکردن بەدۆلارەوە، هەندێ لەیەدەگی دراوی وڵاتان، بەیووانی چینی هەڵگیراون. 

ئەم هەنگاوانەی هەندێ لەوڵاتان، ڕەنگە لەداهاتوودا سیستەمی دارایی ونەختینەیی جیهانی گۆرانکاری بەسەردا بێت و تاک دراوی دۆلار، لاواز ببێت.

لەگەڵ سەرکردایەتی ئەمەریکا، بۆ ئابوری جیهانی، ڕووسیاو چین، لەهەوڵدان ئاراستەی بەرەو پێشچوونی سیستەمی دراوی نوێ ی جیهانی هەنگاو بنێنن.

بۆئەمەش جارێکی تر، ڤلادیمیر پۆتین، هەڕەشەی وەستاندنی غاز بۆ وڵاتان کردەوە، ئەگەر بێت وحسابی تایبەت لەبانکەکانی ڕووسیا نەکەنەوە و پارەکانیان بەڕۆبڵ بدەن، هەرەشەکەیشی جێ بەجێکرد، ئەمە لەکاتێکدا یەکێتی ئەوروپا (40%) غازی لەڕووسیاوە بۆ دابین دەکرێت و لە(30%) نەوتیش هەر لەڕووسیاوە دابین دەکەن. ئەم هەڕەشەیەی پۆتین، بووەتەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر ڕۆبڵ و لەئێستادا سەرەڕای سزاکانی ئەوروپا و ئەمەریکا، بەهای روبڵ بەرەو بەرزبوونەوە دەچێت..

هەندێ لەڕاپۆرتەکان، باس لەوە دەکەن، کە سعودیە گفتوگۆی لەگەڵ پەکین ئەنجام داوە، لەمامەڵەبازرگانییەکانیاندا، ڕەزامەندە بە وەرگرتنی یووانی چینی لەبری دۆلار.

بەڵام، ئاستەنگەکە لەوەدایە، سەرەڕای هەوڵەکانی پەکین بۆ پاڵپشتی یووان، هێشتا مامەڵەی جیهانی بەم دراوە نزیکەی (3%) ە. لەکاتێکدا، مامەڵە بەدۆلار (40%) ە، هەروەها هێشتا ئەمەریکا لەڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانیدا لەڕیزی پێشەوەی وڵاتانە.

لەڕاستیدا، بازاڕی پشکی ئەمەریکا، گەورەترین بازاڕی کاغەزەداراییەکانە لەجیهاندا، زۆرترین نەرمی نواندنی هەیە، هەروەها زۆرترین دەستاودەستی سەرمایەی بیانی بەخۆوە دەبینێت. وەبەرهێنانی سەرمایەی بیانی لەئەمەریکا، ساڵانە بە(323) ملیار دۆلار خەمڵێنراوە.

هەرچەندە بەرزی ئاستی هەڵاوسان، لەئابوری ئەمەریکا، لەوانەیە ئاستەنگێکی گەورەی بەردەم باڵادەستی دۆلار بێت، لەهەمانکاتدا پلانی بەرزکردنەوەی نرخی سوویش بەربەستە لەبەردەم وەبەرهێنەراندا، بەڵام لەماوەی ڕابردودا، بەهۆی سیاسەتی بەرزکردنەوەی نرخی سوودەوە، خواست لەسەر دۆلار زیاتر بەرزبوویەوە.

لەپاش داگیرکارییەکەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، بازارەکان لەسەرتاسەری جیهاندا، تووشی هەڵچوون ودابەزین بوون بەتایبەت بازاڕی ووزەو خواردن وخواردەمەنی، تەنانەت کێشە بۆ ئاسایشی خۆراک سەری هەڵدا.

زۆرێک لەشارەزایان، پێیان وایە، کاتی ئەوەیە چاوبخشێنرێتەوە بەسەرمایەی ڕاستەقینەدا، هەڵسەنگاندنێکی زانستی بۆ دراوەکان بکرێت، بەتایبەت دراوی یووان و رۆبڵ و یەنی یابانی.

لێکۆڵەرانی بواری دارایی و ئابوری، سێ هۆکاری مەترسیدار ئەژمار دەکەن، کەدەبێتەهۆی لاوازی باڵادەستی دۆلار، ئەوانیش:-

یەکەم:- هەڵگرتنی پارەی یەدەگی وڵاتان بەدۆلار لەدابەزیندایە، لەکاتێکدا بانکەناوەندییەکانی وڵاتان، پێشتر ڕێژەیەکی گەورەی یەدەگی دراوەکانیان بەدۆلار هەڵدەگرت، بەڵام دوای بلکۆکردنی سەرمایەی ڕووسیا وئێران و ڤەنزەوێلا، هەندێ لەوڵاتان هەڵگرتنی یەدەگی دراوەکانیان بەدۆلار کەمکردووەتەوە، بەمەبەستی خۆدوورگرتن لەزەرەروزیانەکان کەلەهەر بارودۆخێکدا لەوانەیە تووشیان ببێت، پشکی دۆلار لەیەدەگی دراوەکان بەڕێژەی (71%) لەساڵی 2000 بۆ نزیکەی (59%) لەئێستادا دابەزیوە.

دووەم:- پەرەپێدانی چیین، بۆ تەرازووی بازرگانی بەسیستەمی ( CIPS) کەهەوڵ دەدەن جێگرەوەی ( SOFIT ) ی نێودەوڵەتی بێت.

سێ یەم:- نرخدانانی شمەک وکاڵاكان بەبێ دۆلار، چین لەساڵی (2018) پێشنیاری کردووە، کەگرێبەستی کڕین بۆ نەوت بە یووان ئەنجام بدرێت. بەپێ ی ڕێکارەکانی بازرگانی بەدۆلار،  شمەک و کاڵا بەنرخی دۆلار، دەچێتەوە ژێر ڕکێفی بانکی فیدراڵی ئەمەریکی و بەئاسانترین شێوە دەتوانرێت سزای هەر وڵات و کۆمپانیایەک بدرێت کەواشنتۆن بیەوێت، ئەمەش مەترسییەکە زۆرێک لەکۆمپانیاو وڵاتان دەیانەوێت دوور بن لێی.

هەرچەندە لەمانگی رابردودا، بەهای دۆلار بەرامبەر زۆربەی دراوەجیهانیەکان بەرزبووەتەوە، بەڕێژەی(20%) هەروەها خواست لەسەر دۆلار زیاد بووە، پسپۆڕان بەرزکردنەوەی نرخی سوود، بەهۆکار دەزانن. 

لەبەرئەوە بۆ جیهان، زۆر قورسە بەبێ دۆلار، مامەڵە بازرگانی و دارایی ونەختینەیی و تەنانەت یەدەگەکانیشیان بەدراوێکی تر بێت، هەوڵەکانی چیین وڕووسیا و هەندێ وڵاتی تر، بەردەوامن بۆ لاوازکردنی دۆلار، بەڵام ئەوەتا هێشتا دۆلار باڵاترینی دراوەجیهانیەکانە.

*ئابووریناس


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی