لە نێوان هەردو بەرەدا

فارس نەوڕۆڵی

12-09-2022

11296جار خوێندراوەتەوە


ئاساییە مرۆڤ ڕاو سەرنجی خۆی هەبێت لەسەر ڕووداوەکان. ئەمە مافێکی سەرەتاییە، بەڵام دەبێ ئەو ڕاو سەرنجە لە ئەقڵێکی دروستەوە سەرچاوە بگرێت و بۆ ئینکاری کردنی ڕای بەرامبەرەکەی نەبێت و بوغز و کینەی لەپشتەوە نەبێت! ڕاکەشی ئامانجدار و مانادار بێت بۆ چاکەی گشتی بێت نەک گەوجاندن.

ئەوەی لە کوردستان بەڕێوە دەچێت بەداخەوە لە دۆخێکی زۆر بێمانایدایە، چونکە بەبێ وردبونەوە و تێگەیشتن لە ڕوداوەکان خەڵک دەبێت بەدوو بەرە کە مەرج نیە هەموو جار کۆمەڵگا بە بیانوی ڕای ئازادەوە دابەش ببێت، ئەمە مانای پێشکەوتن و ئازادی نیە مانای داڕزانە لە بیرکردنەوەدا. ئەگینا ناکرێ بە نەشارەزایی قسە لەسەر هەموو شت بکەین چونکە لە فەزای سیاسیدا دەبێتە هۆی ماندووکردنی ڕۆح، کە لەڕاستیدا (چۆن دەرمان جەستە دەپارێزێ پێویستە سیاسەتیش ڕۆح بپاریزێت).

ئەگەر کۆمەڵگا لەسەر ئەو سەر لێشێواوییە بەردەوام بێت ئەوا هەڵدەوەشیتەوە چونکە خاڵی هاوبەشی نامێنێت، کە ئێمە خاڵی هاوبەشمان زۆرە بەڵام بەداخەوە کورد بونمان ڕۆحی بریندارە و ناتوانین لەسەر خاڵێک هاوبەش بین! (هەر نەتەوەیەکیش هاوبەشی لەنێوانیاندا نەبوو ناتوانن هەرگیز هاوکاری یەک بن).

 سەیری ئەو نموونە کارەساتاوییە ئەقڵییانە بکەن ، شاژنی بەریتانیا کۆچی دوای دەکات کورد دەبێتە دوو بەرە، بەرەی نەفرەت لێکردن و بەرەی ڕەحمەت. کتێبێک دەردەچێت بەبێ ئەوەی بخوێنرێتەوە خەڵک دەبێ بە دوو بەرە، بەرەیەک دەیبات بەرەو لوتکە و بەرەیەک تاسەر ئێسک دەیشکێنێ. فلمێک پێش نمایش کردنی خەڵک دەبن بە دوو بەرە و پرۆژەیەکی خێرخوازی ڕاگەیەنرێت بەرەیەک گومانی لەسەر دادەنێت.

ئەم جۆرە لەدابەشبونی کۆمەڵگا زۆر ترسناکە ئاخر لە نێوان ڕەش و سپی دا چەندین ڕەنگی دیکە هەیە، بۆچی ئێمە یان بە ڕەش یان بەسپی هەموو شتێک ببینین. دەکرێ ڕای جیاوازمان هەبێ و دەکرێ ڕەخنەی جدی بگرین، بەڵام بە نەشارەزایی نا یاخود بەڕەهایی نا چونکە دابەشبوون بەم شێوەیە و بۆ دوو بەرە بەرەو هەڵدێرمان دەبات.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی