پاڵپشتیی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بکەن، نەک وەلائی کوێرانە!

نوری بێخاڵی

11-09-2022

2447جار خوێندراوەتەوە


بەداخەوە، چونکە لە بنەڕەتدا ئەزموونی حوکمڕانیی ئێمە سیاسەتێکی کولتووری و فەرهەنگی نەبووە و نییە، بۆیە ئاساییە دامەزراوە کولتوورییەکانیشی هیچ پڕۆژەیەکی تۆکمەی کولتوورییان نەبووبێت و نەبێت و لە ڕۆژگاری ئێستاشدا بیانووی قەیران و نەبوونی پارە بکەنە (کراسی عوسمان) بۆ ئەوەی پاڵپشتیی هیچ پڕۆژەیەکی کولتووریی جیددی نەکەن.

لە بەرامبەردا و لە سی ساڵی ڕابردوودا، حزبەکان تەنیا لەسەر بنەمای وەلائی کوێری ئایدیۆلۆژی و بۆ مەرامی تایبەت، لە سێبەردا پاڵپشتیی داراییی وردە پڕۆژەی کولتوورییان کردووە و دەکەن کە لە خۆجووینەوە زیاتر، هیچ شتێکی دیکەی نوێ و جیاوازیان بەرهەم نەهێناوە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە لە نائامادەیی و بێ پڕۆژەیی دامەزراوە کولتوورییەکانی حوکمڕانیدا، باشتر و پێویست بوو، ئەو حزبانە، ئاوڕ لەو پڕۆژانە بدەنەوە کە جیددی و بەرهەمهێنەرن و خاوەنەکانیشیان بیرکەرەوە و داهێنەرن، با خاوەنی بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەییش بن.

دەی خۆ لە بنەڕەتدا و ئەگەر ئامانجمان مرۆڤسازی و نیشتمانسازیی بێت، ئەوا سیاسەت و حوکمڕانی و کولتوور و فەرهەنگ، لەسەر بنەمای بیرکردنەوەی ڕەخنەیی، پڕۆژەی بەخۆداچوونەوە و دەستپێشخەریی بونیاتنەرانە، گەشە دەکەن و پێش دەکەون، نەک شتێکی تر.

تاک و تەرایان لێ دەربچێت، وەکووتر و بە درێژایی سی ساڵی ڕابردوو و تا ئەمڕۆش، هیچ یەکێک لەو پڕۆژە کولتوورییانە و کاراکتەرەکانی ناویان، کە ئەم حزب و ئەو حزب پشتیووانیان لێ کردوون و دەکەن، جگە لە پڕۆژەیەک بۆ سەرکزی، سەنگەرێک بۆ ملشکاندنی بەرامبەر، دەریچەیەک بۆ بازرگانی و دەوڵەمەندبوونی هەندێک کەس، لە هەموویشیان گرنگتر، ئاوێنەیەک بۆ جوانکردنی حزب، دەنا بە موو خزمەتیان بە گەشەپێدانی کولتووریی، بەرەوپێشچوونی فەرهەنگیی، بەرزکردنەووی ئاستی هۆشیاری و مەعریفی، کرانەوەی کۆمەڵایەتی و داهێنان و نوێبوونەوە نەکردووە و ناکەن!

ئەم هەرێمە لە کاراکتەری بیرکەرەوە و داهێنەری کەم نییە، کە ڕەنگە تیایاندا هەبێت حزبی و هەشبێت بێ لایەن، بەڵام لە بوونی خۆیاندا، بە خەون و خولیاکانیان، بە بیرۆکە و پڕۆژەکانیان، کاراکتەری دڵسۆزن بۆ کایەی کولتووری و فەرهەنگیی وڵاتەکەیان، خەمخۆرن بۆ دۆزی ڕەوای نیشتمانییان و دەبێ هەمیشە لەبیرمان بێت کە:
کولتوور و فەرهەنگ بە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و پڕۆژەی داهێنەر و بونیاتنەرانە پێش دەکەون، نەک بە وەلائی کوێر و سەرکزیی!


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی