له‌ عێراق .. بنه‌ماى تۆمه‌تباركردنى په‌رله‌مانتاران داڕێژرا

سمکۆ ئەسعەد ئەدهەم

7-09-2022

3355جار خوێندراوەتەوە



به‌ پشتبه‌ستن به‌ ئه‌حكامى ده‌ستوورى عیراق و یاساى دادگاكه‌، ئه‌مڕۆ دادگاى باڵاى فیدرالى ، داواى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى په‌رله‌مانى عیراقى ڕه‌تكرده‌وه‌ ، له‌ هه‌مان كاتدا ده‌رگایه‌كى گه‌وره‌ى تۆمه‌تباركردنى په‌رله‌مانتارانى كرده‌وه‌، واتا له‌ برى داواى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى كۆى په‌رله‌مان ، ده‌توانرێت سكاڵاى یاسایى سزایى له‌ دژى په‌رله‌مانتاران بجوڵێنرێت.

له‌ بڕیاره‌كه‌ى دادگاى باڵا دا ، بنه‌مایه‌كى نوێى (یاسایى – سیاسى) بۆ داهاتووى كارى په‌رله‌مانى داڕێژرا ، واتاى ئه‌و بنه‌مایه‌ بریتیه‌ له‌ (پێویستیى ڕه‌چاوكردنى به‌رژه‌وه‌ندى وسه‌لامه‌تیى گه‌لى عیراق له‌ كارى په‌رله‌مانتاریدا) به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌،  ڕه‌چاونه‌كردنى ئه‌و بنه‌مایه‌ ئه‌بێت به‌ هۆیه‌كى یاسایى تۆمه‌تباركردنى په‌رله‌مانتاران.

بنه‌ماى بڕیاره‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ هاتووه‌: (( ئه‌ندامانى په‌رله‌مان دواى هه‌ڵبژاردنیان ، نوێنه‌رى خۆیان و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانیان نین به‌ڵكو نوێنه‌رى (گه‌ل)ن ، پێویست بوو له‌سه‌ریان كار بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ بكه‌ن كه‌ له‌ پێناویدا هه‌ڵبژێردران ئه‌ویش به‌رژه‌وه‌ندى (گه‌ل)ه‌، نه‌ك ببن به‌ هۆى په‌كخستنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى گه‌ل و دروستكردنى هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر كۆى ئه‌و گه‌له‌ )).

ئه‌نجامى گرێدانه‌وه‌ى (كه‌سى په‌رله‌مانتار) و (كارى په‌رله‌مانتاریى) به‌ كرده‌وه‌ى په‌كخستن به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى گه‌ل و دروستكردنى هه‌ڕه‌شه‌ ئه‌م واتایانه‌ ئه‌گه‌ێنێت:

1 – كاركردنى (په‌رله‌مانتار) به‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌حكامى مادده‌ 50 له‌ ده‌ستوورى عیراق ، واتا كار كردن به‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌و سوێنده‌ى په‌رله‌مانتار خواردویه‌تى بۆ بوون به‌ په‌رله‌مانتار ، ئه‌مه‌ هۆكارێكه‌ بۆ دروستبوونى بنه‌ماى سزایى.

2 – ئه‌گه‌رى تۆمه‌تباركردنى (په‌رله‌مانتار) به‌ ئه‌حكامى (یاساى سزادانى ئه‌وانه‌ى موئامه‌ره‌ له‌ سه‌لامه‌تى نیشتمان و گه‌نده‌ڵكردنى سستمى حوكمڕانى ئه‌كه‌ن – ژماره‌ 7 ى ساڵى 1958).

3 – ئه‌گه‌رى تۆمه‌تباركردنى (په‌رله‌مانتار) به‌ ئه‌حكامى (مادده‌ 14) له‌ (یاساى دادگاى باڵاى ناوانه‌كانى عیراق _ ژماره‌ 10 ساڵى 2005 هه‌مواركراو) له‌ پاڵ چه‌ند مادده‌یه‌كى یاساى سزادانى عیراقیى ژماره‌ 111 ساڵى 1969.

ئێستا په‌رله‌مانتارانى عیراق له‌ دووڕیانێكدان :

یه‌كه‌م : پابه‌ندبوونه‌وه‌یه‌ به‌ ده‌ستوور و به‌جێهێنانى ئه‌ركه‌كانیان .

دووه‌م : كه‌وتنه‌ به‌ر ئه‌گه‌رى سكاڵالێكردن له‌ دادگاكانى لێكۆڵینه‌وه‌ى عیراق.

دوا ئاماژه‌ى ئه‌م بابه‌ته‌ ، ئه‌مه‌یه‌ ، ئه‌و بنه‌مایه‌ى بۆ په‌رله‌مانى عیراق هاتۆته‌ كایه‌وه‌ ، بۆ په‌رله‌مانى كوردستانیش ئه‌شێت .


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی