بە ساردیش تاڵە بەڵام!

تەنیا کوردی

6-09-2022

6471جار خوێندراوەتەوە


دەگوترێت "قاوە کە ساردیش بوویەوە ھەر تاڵە"، بەڵام ئەوانەی کە قاوەی تاڵ دەخۆنەوە بەگەرمیش بێت،  تاڵترینیش بێت ساردترینش بێت، دەمیان ھەر شرین دەکات.

زۆر لە ناودارانی جیھان ھەوڵی راگرتنی فکریان دراوە، ئەنتۆنیۆ گرامشی بۆ راگرتنی پرۆگرامەکەی زیندانی کرا، گوتیان ئیتر ئەم عەقڵە بۆ ٢٠ ساڵ کوژایەوە، بەڵام سەدەیەکە فەڵسەفەکەی ھەر شرینە.

مەبەستی من لەم نمونەیە کەسەکە نییە، بەڵکوو مەنھەجەکەیە، کە بەسمەی ئەم کارنامەیە نەسڕایەوە.

لە ھەرێمی کوردستانیش،  رێککەوتنی ستراتیژی پارتی و یەکێتی ئەگەر لەباریش چووبێت و بەھۆی ھەندێ دۆخی سیاسی زۆربەندی ئەم رێککەوتنە تاڵ بێت، بەڵام بەسمەی ئەم رێککەوتنە لەسەر پێشکەوتنی ھەرێم ماوە و ھێشتا دەقێکی زیندوو و شرینە، بەڵام پێویستی بە ئەبدەیتە.

لێرە مەبەسەتەکە روونە، یەکێتی و پارتی لەپێناو شرینکردنی قوتی خەڵکی کوردستان، قاوە تاڵەکەیان بە ساردی خواردەوە، ئێستاش پێویستیان بە خواردنەوەی قاوەیەکی دیکە ھەیە، ھەر بەتەنیا لە نێوان پارتی و یەکێتی نا، بەڵکوو لە نێوان سەرجەم ھێزە سیاسییەکان بۆ ئەوەی دەمی خەڵک بە دەسکەوتی نوێ شرینتر کەنەوە.

ستراتیژیەت و سیاسەت شەقاندنی فنجانێکی قاوە نییە، بۆ گرتنەوەی فاڵی سیاسی، بەڵکوو پلانە بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو، باوەڕی ھەر حزبێک چییە ئەمە نۆڕماڵە، بەڵام دەسکەوتی ھەر حزبێک بۆ سەرخستنی ھەرێمی کوردستان چۆنە ئەمە گرینگە.

لە سەرۆکایەتی ھەرێمدا  سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەرگای سەرۆکایەتی ھەرێمی خستەوەتە سەرپشت بۆ سەرجەم ھێزە سیاسییەکان، کردوویەتی بە ماڵە گەورەکەی ھەرێمی کوردستان بۆ تەبایی سیاسی، پێکەوەژیان، ئاشتی، دۆزینەوەی خاڵی ھاوبەش و دروسکردنی بڕیاری ھاوبەش لە بەرژەوەندی ھەرێم دا.
لە چەندین ھەڵوێستی سیاسی دا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی خۆی دڵنیایی داوە بە سەرۆک پارتەکان کە ئەو گرەنتی ھەر داوایەکیان دەکات بۆ ھەر بابەتێکی لۆژیکی لە پێناو ئاشتەوایی ھەمووان و پێکەوە بوون.

بەداخەوە ھەندێ جار ھەندێ لایەنی سیاسی، رێککەوتن بە فاڵگرتنەوە تێگەیشتوون، سیاسەتکردن گرتنەوەی بەخت نییە لەسەر چارەنووس..زۆر جار نیەتی دوو ئیدارەی فاڵی بۆ گرتراوەتەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی دڵخۆشی خەڵکی کوردستانە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ھەمیشە گورزی لە بیری دوو ئیدارەیی لە ھەرێم داوە و ھەمیشە  لەپێناو حوکمڕانی ھاوبەش و پێکەوەبوون و بەیەکەوەبوون، کۆڵی نەداوە.

ئەگەر یەکگرتوو بین، ئەوانەی فاڵدەگرنەوە بۆ رەشکردنی چارەنووسی ھەرێم، ئەوانەی ترس دەچێنن، ئەوانەی بۆ پەرتەوازەیی کاردەکەن گشتیان دەستبەتاڵ دەبن، چونکە بەرھەمی پبکەوەبوون بریتییە لە چارەنووسێکی گەش بۆ دوارۆژی ھەرێمی کوردستان، گەرمکردنەوەی متمانەیش وەک قاوەکە وایە چەند ساردیش بووبێتەوە ئەگەر نیەتی جیدیی ھەبێت، دەسکەوت و دوارۆژی ھەرێمی لەسەر گەرم دەبێتەوە.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی