لە پەراوێزی مەرگە کتوپڕەکەی حاکم فەرھادا

ئه‌بوبه‌كر عه‌لی‌

4-09-2022

4344جار خوێندراوەتەوە



حاکم فەرھاد حاتەم، لە نێو خەڵکدا بەوە ناسرابوو، یەکێکە لە دادوەرە خاوەن ھەڵوێستەکان، لە پەیوەندی بە ئاشکراکردن و بەدواداچوونی کەیسەکانی گەندەڵی و ھەوڵدان بۆ دادگاییکردنی گەندەڵکاران.

لە دواھەمین یەکتربینینشدا لە پەراوێزی گچکە کۆنفراسێ لەسەر گەندەڵی لە ئوتێل تایتانیکی سلێمانی، باسی لەوە دەکرد، گەندەڵی لە ھەرێم بەیاساییکراوە! گەندەڵییە گەورەکان لە ژێر ڕووپۆشی قانوندا ئەنجام دەدرێن. 

کۆچی دوایی حاکم فەرھاد و ھاوشێوەکانی پێمان دەڵێن، ساتەوەختی لە دنیا دەرچوونمان نەزانراوە، ئەگەری ھەیە لە ھەر ساتێکداو بێ پێشەکی، ئەم دنیایە بەجێبھێڵین وب گەڕێینەوە بەر بارەگای خوای گەورە.

ھەر بۆیە، ژیان ئەوە ناھێنێ بە چاوبەرەو ژێری بیبەینە سەر، ترس و تەماح و بەرژەوەندی کاتی، چاومان پێ لە ھەق دابخات و بەڕووی گەندەڵی و خراپەکاری و ناعەدالەتیدا نەچینەوە. 
بۆ ئەوەی لەم جیھانەدا ئەوەندەی ژیایین سەربەرزانە بژین، کە بەجێشمان ھێشت، دیسانەوە بەسەری بەرز و وەك ھەق و عەدالەتخوازێك بگەڕێینەوە بۆ لای پەروەردگار و جیھانی ئەبەدییەت.

دوای ئەمە، نایشارمەوە، چۆڵی پرسەکەی بەراورد بە کەسێتی ئەو، جێی ئازار و تێڕامانم بوو، چونکە بەشداری ئاپۆڕەی جەماوەری خەڵك، لەم جۆرە بۆنانەدا، ھاندانێکی گەورەیە بۆ ئەوانەی بڕیاریان داوە مل بە ھەڕەشەو دەم چەورکردن نەدەن، ڕێز لە خودی ئینسانی و ئیسلامی و نیشتیمانی و ئەرکە ئەخلاقییەکانی خۆیان بگرن و ڕووبەڕووی رواڵەتەکانی ناعەدالەتی و موفتەخۆری و حەرامزادەیی ببنەوە.

ئەم بۆنانە دەرفەتن بۆ ئەوەی خەڵکی ناڕازی و ئۆپۆزیسیۆن و چاکسازیخواز و نیشتیمانپەروەر، بیخەنەڕوو، ھەر کەسێ بە گوێرەی تواناکانی خزمەتی بە چاکسازی و ئەخلاقسالاری و پاشەکشەکردن بە گەندەڵی و خراپەکاری و خراپ بەکارھێنانی دەسەڵاتی کردبێت، لای ئەمان گەورەیەو ڕێز لەو جیھادە مەدەنییەو ئاراستە ڕاستەی دەگرن. خۆزگەم دەخواست خەڵکێکی زۆر زیاتر بەشداری مەراسیمی بەخاك سپاردن و پرسەکەی بکردایە، خۆزگەم دەخواست ئیسلامییەکان لەم ڕووەوە دەستپێشخەر بوونایە.

ھێشتا دنیا زۆری ماوەو دەکرێت لە داھاتوودا ھوشیارتر بین و ئەم جۆرە بۆنانە بکەینە سەکۆی خۆنیشاندانێکی گەورەی ڕەتکردنەوەی گەندەڵی و نابەرامبەری و ڕێزگرتنێکی گەورەتری، پێشینانی چاکسازی و عەدالەتخواز. 

خوای گەورە لە حاکم فەرھاد خۆشبێت و شوێنی بەھەشت بێت.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی