سەدرییەکان کشانەوە، ئاین و سیاسەتیان لەیەکتری جیاکردەوە، ئەگەر بە کاتیش ئەم ھەنگاوە نرابێت، بەڵام سەدر بۆ بەردەوامیدان بە رێچکەی ئاینی لەسەر مەنھەجی بەڕێز سیستانی.....و، چوارچێوەی ھەماھەنگی و ھێزەکانی دیکەی شیعەیش بۆ نێو ھونەری سیاسەت کردن لە عێراق مانەوە.
شیعەکان ئەندازیاری گەورەیان لە پشتە، تا لێواری جەنگ چوون، بەڵام لە کۆتاییدا نەیانھێشت بەغدا ببێتە یەمەنێکی بچوک!
لە ئێستا بەدواوە گۆڕەپانەکە بۆ سیاسییەکانی شیعە کراوەیە، بەڵام بۆ ئێمەی کورد باشترین دەرفەتە کە بتوانین لە ھەرێمێکی یەکگرتوودا سەنگەری یەکڕیزی بەھێز بکەین.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بەردەوام لەسەر ھێڵ بوو لەگەڵ ھێزە سیاسییەکان، وەک ئەندازیارێکی سیاسی نەخشەی کۆدەنگی و ئاشتی و پێکەوەژیانی لەنێو ھێزە سیاسییەکانی ھەرێم و عێراق وێنا کرد، نەیھێشت ھێزە کوردستانییەکان بچنە نێو مەیدانی شەڕی نێو ماڵی شیعە، بەخێرایی پێی ڕاگەیاندن کە شەڕ ئاکامی خێری بۆ عێراق و ھەرێم نابێت، بۆیە زیاتر لە چەندجارێک بانگەوازی بۆ ھێزە شیعەکانیش کرد کە بێنە ھەولێر و دیالۆگ بکەن.
زۆرجار ھێزە سیاسییەکان ھەڵدەچون لە ھەرێم و لە بەغدایش، بەڵام کاتێک لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کۆدەبوونەوە، ئارامی زۆریان گرت و ھەمیشە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ھێزی پێدەبەخشین تا نەچنە بەرەی شەڕی نێو ماڵی شیعەوە، دواجاریش ئەم نیەتەی ھەرێم سەرکەوت کە باشترین بەرە بریتییە لە بەرەی کورد خۆی، باشترین دیالۆگیش بریتییە لە پاکێجێکی ھاوبەشی ھێزە سیاسییەکانی ھەرێم بۆ بەغدا.
لە ئێستادا گرینگە کورد یاریزانی باش بۆ گفتوگاکانی داھاتوو ئامادە بکات، ھەرچۆنێک مام جەلال لە پێشوودا داوای لە پارتی کرد کە شەھید سامی عەبدوڵڕەحمان سەرپەرشتی شاندی کورد بکات و شەھید سامی رۆشتە بەغدا، بۆ ئێستاش گرینگە کە پارتی و یەکێتی تیمێکی ھاوبەش دروستبکەن بۆ گفتوگۆ و لە ھەردوولا کەسانی بە ئەزموون دیاری بکەن بۆ ئەوەی دەرفەتەکان لەدەست نەچن.
ھەرچی گلەیەک لە پێشودا ھەبووە گرینگە لابچێت، ئێستا رۆژێکی نوێ لە عێراق ھەیە، پێویستە ھەرێمی کوردستان بە پڕۆگرامێکی ھاوبەشی نوێ شاندێکی بەھێز بۆ دیالۆگ لەگەڵ بەغدا ئامادە بکات. چونکە ئەو رووداوانەی لە ناوچەکەدا پێشبینی کراون، ھەمیشە مەترسیان بۆسەر عێراق و ھەرێم دەمێنێت.
سێ خاڵ لای سەرۆکی ھەرێم گرینگە ھێزە سیاسییەکان کۆکبن لەسەری:
یەکەم، دەستوورێک بۆ ھەرێمی کوردستان.
دووەم، یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ھەڵبژاردن.
سێیەم، بەردەوامیدان بە گفتوگۆی زیاتری ھێزە سیاسییەکان لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستاندا تا گەیشتن بە رێککەووتنێک کە ئەزمونی ھەرێم پارێزراوتر بکرێت.
بۆ بەغدایش لای سەرۆکی ھەرێم چەند خاڵێک گرینگە:
یەکەم، یەکگرتووی گوتاری کوردی لە بەدیلی شەڕکردن لەسەر پۆست و پلە.
دووەم، لە بەغدا یەکتیمی ھێزە سیاسییە کوردستانییەکان و تەرکیزخستنە سەر بەھێزکردنی پێگەی کوردستان لە ھەرێم و ناوچەکە و چارەسەرکردنی مەلەفگەلێکی وەک وزەو مافە دەستوورییەکان و دۆزینەوەی میکانزمێکی نوێ لە ھاوبەشیکردنی ھەولێر و بەغدا لە فۆڕمێکی حوکمڕانی کە بتوانرێت ھەولێر و بەغدا گەشە بە لێکتێگەیشتن بدەن لە قازانجی ھەردوو لادا.
گەر سەرنجی تەواوی بانگەواز و پەیامەکانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بدەین، دەردەکەوێت کە ھەمیشە پەیامی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ستانداردبوون قورسایی پێگەی ھەرێمی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ئیقلیمی و جیھانی بەرزتر کرد، رۆژانی داھاتوش کاتی گفتوگۆی زیاتر و دانوستانی گرینگن بۆ چارەنووسی ھەرێم و عێراق، بۆیە گرینگە دەرفەتەکان بکرێن بە دەسکەوت.
ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی