1
نانی تاڵ
مه‌رگی گۆڤار كه ده‌یویست به كۆمیدیا دڵی بینه‌رانی خۆش بكات و بزه‌ش بخاته سه‌ر لێوی كیژه‌كانی كه پێده‌چێت زۆری خۆش ویستبن ، له بری ئه‌وه‌ی ئێمه له به‌رده‌م مه‌رگی ئه‌كته‌رێكی كۆمیدیدا رابگرێت ، ژیانێكی لیپاو لیپ له تراژیدیای نیشانداین ، ژیانێك هه‌موو ئه‌و درۆیانه تارو مار ده‌كات كه گوایه هه‌ولێریه‌كان له به‌هه‌شتان ، به‌هه‌شتی كێشه‌ی ئاو ، كێشه‌ی كاره‌با ، كێشه‌ی ئازادی ، گۆڤار به‌و مه‌رگه خه‌مئاوه‌ره‌ی بۆ ساتێك ئازاری زیندانیه‌كانی بادینانی بیر بردینه‌وه ، ئه‌و مرد و دراوسێكه‌ی پێی وتین هه‌رگیز ده‌هه‌زار دیناری له‌به‌ركی خۆیدا نه‌بینی ، به كوله مه‌رگی ژیا‌و شه‌وانیش پێخه‌نینی ده‌برده ماڵه‌كانه‌وه ، من ئێستا سه‌یری لاشه‌و سیمای گۆڤار به‌و جۆره ده‌كه‌م كه له پشت ئه‌و كۆمیدیا ناچاریه‌وه چ خه‌مێك خۆی حه‌شار دابوو ، من له پۆلی چواری سه‌ره‌تاییه‌وه تا پۆلی دووی ناوه‌ندی خه‌ونم به كڕینی پاسكیلێكه‌وه ده‌بینی ، له پۆلی شه‌شی سه‌ره‌تاییه‌وه پاقله‌و نۆك و كرێمستیم فرۆشت و هه‌رگیز پاره‌ی پاسكیلێكم بۆ كۆنه‌كرایه‌وه ، كه‌مێ هه‌ڵكشام و خه‌ونی پاسكیلم بیر چوه‌وه ، به‌ڵام هه‌موو رۆژێك به دووی نانی تاڵ‌دا رامده‌كرد ، تازه چوومه پۆلی سێی ناوه‌ندی ئه‌و پاره‌یه‌م برد كه دایكم به هه‌زار ناری عه‌لی بۆ به‌فرگره‌ی كۆكردبوه‌وه ، بردم بۆ ئه‌وه‌ی ببمه پێشمه‌رگه ، ئێمه هه‌موومان خه‌ونی ره‌نگاو ره‌نگمان له بار براوه ، ئێمه خاوه‌نی هه‌زاران خه‌ون و خه‌یاڵی كوژراوین و كه‌چی مناڵمان به‌خشی به‌م دۆزه‌خه كه بۆ هه‌ندێك له به‌هه‌شت واوه‌تره‌و بۆ هه‌ندێكیش هه‌ره ژێری ژێره‌وه‌ی ئاگره‌كه .
هه‌ولێر له ساڵی 1991ه‌وه سه‌دان و هه‌زاران ملیۆنێری دۆلار‌و سه‌رمایه‌داری هه‌ڵتۆقیوی به‌رهه‌م هێنا، بێ ئه‌وه‌ی هه‌رگیز بزه‌یه‌كیان خستبێته سه‌ر لێوی مناڵێك ، ئه‌وان بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی خۆیان ده‌وڵه‌مه‌ند كه‌ن مه‌تری زه‌وی به‌نرخی كه‌متر له كیلۆیه‌ك ته‌ماته ده‌ده‌ن به‌له‌به‌ر دڵان ، تۆش له خانوچكه‌ی كرێدا بووی ، ئه‌وان خه‌ڵكی ئیتالیا‌و ئیمارات و به‌غداو به‌سره‌و قه‌ته‌ر ده‌كه‌نه هاوڕێ و دۆست و كه‌سیان ناپه‌رژێته سه‌ر ئه‌وه‌ی گۆڤاره‌دڵ هه‌لاهه‌لاكه‌ی شار ببینێ ، ئه‌و چه‌ند رسته‌یه‌م خوێنده‌وه كه بۆ كیژه‌كانی خۆت نووسیبوو، ئه‌و چه‌ند رسته‌یه به‌سن بۆ ئه‌وه‌ی بزانین تۆ بۆ به‌خته‌وه‌ری ئه‌وان چه‌ندت به‌خشیوه ، گۆڤار گیان تۆ ده‌ربازی مردن بووی ، ئیدی خه‌یاڵت ئاسوده‌و هه‌رگیز پێناچێت بزانی لێره هێشتا ئاگری دۆزه‌خه‌كه نێڵه نێڵێتی یان نا ، دڵنیابه گۆڕینی ئه‌م دۆزه‌خه زۆربه‌مان ده‌باته ژێر گڵه‌وه ، به‌ڵام مه‌حاڵ نیه‌و زۆری نه‌ماو.
2
نانی تاوان
گۆڤار ده‌مرێت و بۆ هه‌تا هه‌تایه هه‌ولێرو قه‌ڵاو گڵكه‌ند به جێدێڵت ، ره‌نگه سبه‌ی وێنه‌یه‌كی "سیما پڕخه‌مێكی حه‌سره‌تكێشی " له چایخانه‌ی مچكۆ هه‌ڵبواسن ، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی نانی تاوان و كوشتن ده‌خۆن له سویدیش لێناگه‌ڕێن كۆتری كوردی ئازادانه بگمێنێ ، هه‌وڵی كوشتن و ئازاردانی قادر نادر، له‌و سویده‌ی ئێمه له مه‌رگی ئۆڵف پاڵمێوه تێیدا ئازاری كورد بوون ده‌كێشین و ئامینه كاكه باوه‌و زۆری تر ئازاره‌كه ئاوه‌ژوو ده‌كه‌نه‌وه ، پێمان ده‌ڵێت ئازادی بۆ كورد بڤه‌یه ، قادر نادر هه‌ر قه‌ڵه‌مێك و لابتۆپێك و خه‌ونێكی هه‌یه ، نه ملیۆنه دۆلاری دزیوه‌و نه‌له هیچ قومار خانه‌یه‌ك پاره‌ی تاڵانی نه‌وتی دۆڕاندوه‌و نه‌بیری له كوشتنی كه‌س كردوه‌ته‌وه ، بۆ ده‌بێت هه‌وڵی كوشتنی بدرێت ، مه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی له قه‌ڵه‌م و ئازادی وتن ده‌ترسن ، چیرۆكی هه‌ڕه‌شه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن و سوكایه‌تی به خانه‌واده‌و كه‌س و كارله مێژه لێره وه‌ك چه‌كی ئازار به پاره‌ی نانی تاوان ئێمه‌و مانانی پێ ده‌ترسێنن ، ئێستا ئه‌م حه‌كایه‌ته بێ په‌ساپۆرت و به بڕێك پاره ده‌گاته سوید ، به‌ڵام خه‌یاڵیان خاوه، له له خه‌ومای جه‌میل سائیبه‌وه تا سه‌گوه‌ری موكری ، ئه‌و چراو تیشكانه به‌رده‌وامیان هه‌یه‌و هه‌رگیز ناكوژێنه‌وه ، هه‌ڵهاتنی خۆر له ده‌ستی سته‌مكاردا نیه ، بۆیه رۆژی هه‌ڵهاتنی خۆری ئازادیخوازان زۆر نزیكه .
3
نانی ژان
مه‌رگی گۆڤار ئازار به‌خشه ، به‌ڵام ناكرێت ئه‌مه وه‌ك به‌زه‌یی چ به‌رانبه‌ر خۆی چ به‌رانبه‌ر مناڵه‌كانی نیشانبده‌ین ،بۆ مناڵه‌كانی گۆڤار ئه‌وه شانازیه كه باوكێكی هونه‌رمه‌ندو كۆمیدیان هه‌بووه ، به‌ڵام ئازاره‌كه ئه‌وه‌یه لێره نرخێك بۆ ئه‌ده‌ب و هونه‌ر نیه ، خۆ ئه‌گه‌ر له ناو قه‌ومی به‌سیتا نرخێك بۆ هونه‌رو ئه‌ده‌ب هه‌بوایه ده‌بوو ، گۆڤار ژیانێكی شایسته ژیابا ، ناڵێم وه‌ك هونه‌رمه‌ندو ئه‌دیب و نوسه‌ره‌كانی ئه‌مه‌ریكاو ئه‌وروپا ،ئێ هه‌ر نه‌بێت هونه‌ر ژیاندبای ، به ته‌نیشتمانه‌وه هونه‌ر برایم تاتڵیس و كازم ساهیرو فڵان و فیسار ده‌باته كه‌شكه‌ڵانی فه‌له‌ك ، لێره‌ش هونه‌ر نانێكی سارد ناداته حه‌مه‌ی نێرگز و گۆڤار‌و ئه‌وانی تر ، كه‌چی مناڵی پاشاكانی وڵات كۆمپانیا‌و ئه‌رزو ئاسمان داگیر ده‌كه‌ن و چاره‌نووسی میله‌ت ده‌خه‌نه چنگی خۆیانه‌وه و گۆڤاریش پێش ئه‌وه‌ی ببێته خاوه‌ن كوختێكی ساده‌و ساكاری خۆی سه‌ر ده‌نێته‌وه‌و مناڵه‌كانی به جێدێڵیت .
من دڵنیام ئه‌م نانی ژانه ، له شوێنێكدا ژانی شۆڕشێكی توڕه‌و بوێر دێنێته بوون و چیرۆكی نادادی و سته‌م ده‌كوژێته‌وه ، به‌ڵام گۆڤار مردو ئه‌و ژانی شۆڕشه‌ی نه‌بینی ، مردو خه‌ونه‌كانی بۆ ژیانێكی باشتر بۆ مناڵه‌كانی برده گڵه‌وه .
هه‌قه مه‌رگی گۆڤار ئه‌م ده‌سه‌ڵاته دوو زۆنیه پڕ له نادادی و سته‌مه رابچڵه‌كێنێت و هیچ نه‌بێت پرسیاری ئه‌وه بكه‌ن ئه‌ی ئه‌گه‌ر گۆڤار به‌و جۆره ژیاوه ، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته له ساڵی 1991ه‌وه چی بۆ مرۆڤی كورد كردوه ، تا ئه‌وه‌نده به خۆیان بنازن و شانازی به ده‌سكه‌وته‌كانیانه‌وه بكه‌ن ، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته بۆ ئه‌وه‌ی خۆی بزانێت چی كردوه ، با پرسیار له دایكی شه‌هیدێك بكات ، له هاوسه‌ری شه‌هیدێك ، له باوكێكی خاوه‌ن ئه‌نفال كه‌هێشتا چاوی له ئاسۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی كوڕه‌كانێتی و نایه‌وێت مل بدات بۆ مه‌رگی ئه‌وان
ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی