سەمای گورگەکان

تەنیا کوردی

12-08-2022

9061جار خوێندراوەتەوە



تادێ عێراق زیاتر بەرەو ئاڵۆزی سیاسی دەچێت، دوو ھێزی سیاسی لە نێو ماڵی شیعەدا شەقامیان لە ڕووی جوڵەی سیاسی تا پەکخستنی پەرلەمان و تاڕادەیەک شەتداونکردنی حکوومەت بردووە، لەم تابلۆیەی دەبینرێت پەیامی کۆتایی چوارچێوەی ھەماھەنگی بەرەو ھەرێمی کوردستانە کە ئەگەر پارتی و یەکێتی رێککەون ئەوا چوارچێوەی ھەماھەنگی دەڵێ دەتوانین حکومەت دروست بکەین! 

پەیامی سەدرییەکان ھەر ھەرێمی کوردستانە، ئەوانیش بە ناڕاستەوخۆ دەڵێن ئەگەر کورد نەچێتە نێو ھاوپەیمانی چوارچێوەی ھەماھەنگی ئەوا ئەوان دەتوانن لە ڕێگەی فشاری شەقام ھەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان بۆ عێراق فەرزبکەن و جارێکی دیکە لەڕێگەی ھەڵبژاردنەوە حکومەت دروست بکەن.

لە دوا دەستپێشخەری دا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی بۆ سەرجەم ھێزە پێوەندارەکانی عێراق راگەیاند کە بێنە ھەولێر و لە ھەولێر کۆببنەوە و رێککەون، لە رۆژی چوارشەمی رابردوویش لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستاندا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی داوای لەسەرجەم ھێزە سیاسییەکانی ھەرێم کرد کە بۆ تەبایی نێوماڵی کوردستان و بەرپرسیارێتی ئەم قۆناغە تەباو یەکریز بن. 

لەم قۆناغەدا پێویستە:

یەکەم، بۆ بەغدا ھێزە کوردستانییەکان بە دیقەتێکی وردتر سەیری داھاتووی عێراق بکەن، باشترین ئامادەکاریش لە ھەرێم کۆدەنگیە لەسەر ھەڵبژاردن لەو وادەیەیی کە ھەموویان لەسەر کۆک دەبن.

دووەم، دەرفەتی باش لەبەردەم ھێزە سیاسییە کوردستانییەکانە لەسەر داواکاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رەشنووسی دەستووری ھەرێم لە پەرلەمان تێپەڕێنن و رۆژی ریفراندۆمی دەستوور دیاری بکەن.

سێیەم، دەرفەتێکی زێڕینە کە ھەرێمی کوردستان بژاردەی خۆی لە عێراقی فیدڕاڵ بکات لەوەی بەشداری حکومەت بێت بە کۆدەنگی و تەبایی، یانیش لەگەڵ داوای ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق دا.

پێویستە ھەرێم لەم خاڵانەدا وریا بێت:

یەکەم، لە ناوچەکەدا گەمەیەکی سەربازی و ئابووری و سیاسی ھەیە کە لە روانگەی نێودەوڵەتی بە سەمای گورگەکان وەسف دەکرێت، لە شەڕی ئۆکرانیاوە تا کێشەی نێوان چین و تایوان، کێشەی وزە و رووداوەکانی شەڕ لە رۆژھەڵاتی ناوین و پرسی ئەتۆمی ئێران و ھەروەھا ئامادەکاری تورکیا بۆ ھێرشکردنە سەر رۆئاوای کوردستان، ئەم رووداوانە بە ھەر قەبارەیەک بێت بۆ ھەرێمی کوردستان کاریگەری دەبێت، باشترین بژاردە کۆدنگی ھێزە سیاسییەکانە بۆ ئەوەی بە یەکگرتووی پارێزگاری لە دیپلۆماسیەتی ھەرێم بکەن، ئەگەر لە جیاتی دەرفەتی کۆدەنگی، پەرتەوازەیی ھەبێت و کورد بە بەرەی جیاواز بچێتە نێو ئەم رووداوانە رەنگە رووداوێک ئەگەر قەیرانێکی سیاسیش بێت یان ئابووری بە جۆرێک لە جۆرەکان یەخەی ھەرێمیش بگرێت.

دووەم، یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە و تێگەیشتن لە پەیامی وڵاتانی زلھێز لە ناوچەکەدا و ئەو ڤێرژنەی کە دانراوە بۆ پرسی وزەو ئاسایش، بە یەکگرتووی دەتوانرێت ئەزموونی ھەرێم پارێزراوتر بکات.

سێیەم، کاتێک داعش ھێنرایە سەر ھەرێمی کوردستان، دوای ریفراندۆم تێگەیشتنی روونتر دروستبوو کە ئامانج لە ھاتنی داعش چی بوو، ئێستاش گروپی جیھادی ئەگەرێکی کراوەیە لە عێراق و ناوچەکە دروستبن و ھەرێم بە ئامانج بگرن، بۆیە گرینگی دان بە ھێزی پێشمەرگەو یەکھێزی نێو ماڵی کوردستانی بەھێزترین کارتێکە کە داھاتووی ھەرێم گەشتر دەکات.

چوارەم، ئەزموونی دیموکراسی ھەرێم پێویستە پارێزراوتر بکرێت چونکە دیقەتی کۆمەڵگەی مەدەنی و بەتایبەت چاودێری وردی جیھانی لەسەر ئەم ئەزمونەی ھەرێم ھەیە، ئەگەر نەتوانین لەگەڵ یەکتر تەبا بین، رەنگە لە ململانێی یەکتردا زۆر شت ھەیە لەدەستی بدەین.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی