هەواڵی ئەمڕۆ

مەککە لەکوردستان پیرۆزترە؟

ئەبوبەكر عەلی

10-08-2022

10200جار خوێندراوەتەوە


ئەوپرسیارانەی لەم ڕوەوە دەبێت وەڵام بدرێنەوە.

کاتێك ئەو بەراوردکردنەی سەرەوە دەکرێت و دەوترێت کاتێك دینی مرۆڤ کەوتە مەترسییەوە ئیدی نیشتیمان و گەل پیرۆزیان نامێنێ، کۆمەڵێ پرسیار دەوروژێن ودەبێت وەڵام بدرێنەوە لەوانەش:

1— ئایە لەڕووی ئاینی زانستی یەوە پاساوو بواری بەراوردکردنی مەککە بەکوردستان ھەیە؟

2- کاتێك دەوترێت مەککە لەکوردستان پیرۆزترە، واتە کوردستانیش پیرۆزە، مەککە تەنھا پیرۆزترە. لێرەشەوە ئەگەر باس لەپیرۆزیی ئاینییە، (کەدەبێت وابێت چونکە پیرۆزی مەککە ئاینییەو ناکرێت بەپیرۆزی نائاینی بەراورد بکرێت),  دەبێت ڕوون بێت پیرۆزی کوردستان لەڕووی ئاینییەوە لەچیدایەو سەرچاوەکەی چیە؟ 

ئایە ئەو ئایەتەیە باس لەشوێنی نیشتنەوەی کەشتیەکەی نوح دەکات لەچیای جودی لە کوردستان کەخوای گەورە بە زەویەکی موبارەك ناوی بردووە؟ 

یاخود لەوەوە ھاتووە مەڵبەندێکی مێژوویی گەورەی باوەڕو عیرفان و خواناسی بووە، یاخود شتێکی تر؟ 

بەمانایەکی تر تایبەتمەندی کوردستان لەم  ڕووەوە لەگەڵ وڵاتانی تری ئیسلامی لە چیدایە؟ 
یاخود تایبەتمەندی نیەو وەك ھەر پارچە زەویەکی ترەو پیرۆزیشی لەوەوە وەرگرتووە مرۆڤی لەسەر دەژی و بەتایبەتیش مرۆڤی موسوڵمان کە خاوەن کەرامەتێکی خواییەو بەگوێرەی دەقی فەرموودەیەكیش لەکەعبە بەڕێزترە؟

 خۆئەگەر کوردستان پیرۆزە؟ ئایە پیرۆزییەکە جەوھەریە و سیفەتێکە بەردەوام لەگەڵیایەتی، یاخود عەرەزی و کاتی و مەرجدارەو لەھەندێ کاتدا لەدەستی دەدا؟ ... ھتد

٢- ئایە بوونی چەوساندنەوەی ئاینی و ناچاربوونی مرۆڤ بۆ سەرھەڵگرتن بەئیمانەکەیەوەو دوورکەوتنەوە لەوڵات، ناپیرۆزی گەل و نیشتیمانی بەدوادا دێت؟ چ پەیوەندییەك لەنێوان ئەم دووانەدا ھەیە لەکاتێکدا دەسەڵاتێکی ستەـکار چەوساندنەوەکە ئەنجام دەدات و گەل و نیشتیمانیش قوربانین؟

ئایە کاتێك پێغەمبەر( دخ)  ناچاربوو لەمەککە کۆچ بکات مەککە پیرۆزییەکەی لەدەستدا؟ یاخود خۆشەویستی لەدڵیدا کەمی کرد؟ مەگەر لەکاتی کۆچکردنیدا دووپاتی ئەوەی نەکردەوە: خۆشەویسترین پارچە زەوی خوایە لای ئەوو ئەگەر ناچار نەکرایە ھەرگیز بەجێی نەدەھێشت؟

ئایە لێرەشەوە ڕاستر نیە ووشەی خۆشەویستی بۆ دەربڕینی ھەستی مرۆڤ بەرامبەر گەل و نیشتیمانەکەی بەکاربھێنرێت و بووترێت:  مرۆڤ لەگەڵ ئەوەشدا کە گەل و نیشتیمانی خۆی زۆر خۆشدەوێت وحەزناکات بەجێیان بێڵێت، ھەندێ جار ناچارە لەبەر ئاینەکەی ئازاری دووری لەوان ھەڵبژێرێت و کۆچ بکات، بەنیازی گەڕانەوەیەکی سەربەرزانەو ئازادانە؟ واتە مرۆڤ قوربانی بە خۆی دەدات کەسەرەڕای خۆشەویستی بۆ گەل و نیشتیمانەکەیان ناچارە بەجێیان بێڵێت، کەدیارە لەم ڕۆژگارەدا نەبوونی ئازادی ئاینی یەکسانە بەبوونی دەسەڵاتێکی ستەمکار، کەگەل و نیشتیمانیش لەسایەیدا تاڵاو دەنۆشن و لەداویی دیلیدا دەبن؟

ئەمانە تەنھا بەشێکن لەوپرسیارانەی دەکرێت لەم ڕوەوە بکرێن،  چۆنێتی بەکارھێنانی توانای زمانیش بۆ دەربڕین بۆچوون و خواستەکانمان، دەتوا نێت یارمەتی زۆرمان بدات بۆ باشتر گەیاندنی پەیام وکەمکردنەوەی پانتاییەکانی گرژی و لێکتێنەگەیشتن، کەدەبێت ئامانجی بانگخوازی ئیسلامی بێت.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی