1
بێده‌نگ بوونی ئیداره‌ی شار له به‌رانبه‌ر جۆرێك له عه‌ره‌باندن به شێوازێكی تر له كه‌ركوك، نه‌ك چاره‌سه‌ری برینه‌كه ناكات بگره هه‌میشه برینه‌كه به كراوه‌یی ده‌هێڵێته‌وه‌و هه‌ر چه‌ند ساڵ جارێ خوێنی نوێی له به‌ر ده‌ڕوات، پارێزگاری به وه‌كاله‌تی ئێستا وه‌ك ئه‌وه‌ی ئاگاداری مێژوو نه‌بێت، به گوێ خه‌واندن له‌وه‌ی لێره‌و له‌وێ رووده‌دات، گوناهی هه‌موو ئه‌و ناهه‌قی و سته‌مانه‌ی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ كه، له دوای 2017ه‌وه به سه‌ر ئه‌و شاره هاتووه، ئه‌و دروستكردنی رق و قینه له نێوان پێكهاته‌كانی شاره‌كه‌دا هه‌میشه شاره‌كه ده‌گێڕێته‌وه بۆ خاڵی سفر، ئه‌مه‌ش له گه‌ڵ پێكه‌وه ژیانی ئاشتیانه‌و توله‌رانس نایه‌ته‌وه.
2
له ساڵی 1959ه‌وه هێزێكی كاریگه‌ر ئیش له سه‌ر تێكدانی په‌یوه‌ندی ئاشتیانه‌ی نێوان كورد‌و توركمان ده‌كات، هێزێك ناهێڵێت ئه‌م دوو نه‌ته‌وه‌یه له شارێكی هه‌میشه بێنازی مێژوودا به یه‌كه‌وه و به ئاشتیانه بژین، له نێو هه‌ردوو لادا ده‌شێت فریوخواردووی ئه‌و خه‌ونه هه‌بن كه لایه‌ك ئه‌وی تر ته‌فرو تونا بكات، ده‌نا چۆن ده‌كرێت كه‌سێك پارله‌مانتارو سیاسی و به حساب رۆشنبیر بێت، به له دار دانی باشترین خوێنه‌وارو خه‌مخۆره‌كانی شار خه‌نی بێت و به شانازیه‌وه باسی بكات، له بری ساڕێژی برینه‌كه، ئه‌وه‌ی ساڵحی كردی و وتی له هه‌ر كوێی دنیا سزای قورسی له سه‌ره، ته‌نانه‌ت ده‌ستوری عیراقیش رێ به‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌و په‌رتكردنه كۆمه‌ڵایه‌تی سیاسیه نادات، چۆن ده‌كرێت ئه‌مه بێ‌سزا ده‌رباز بێت ، كێ ده‌ڵێت قسه‌كانی ئه‌و نابنه هۆیه‌ك بۆ تێكدانی په‌یوه‌ندی.
3
راكردنی كورد له دوو هه‌زارو حه‌ڤده هیچ پاساوێكی نیه، ئێمه زۆر به‌رله‌و روداوه ده‌مانووت كه‌ركوك دراوه‌ته ده‌ست ره‌شه‌بای قه‌ده‌ره‌وه، با وادابنه‌ین كه‌ركوك به رێكه‌وتنی ژێر به ژێرمامه‌ڵه‌ی پێوه كرا، ئه‌ی بۆ به‌رگری نه‌كرا، هێزی پێشمه‌رگه ده‌یانكیلۆ مه‌تر له‌پشتی كه‌ركوكه‌وه بوون بۆ به‌جێیان هێشت، خورماتو، داقوق، له‌یلان، پردێ، دووبز، ئه‌وانه بۆ پشتیان تێكرا، له ده‌ره‌وه‌ی رێكه‌وتن و فرۆشتن و ئه‌و قسانه‌ی هه‌ندێك ده‌یكه‌نه بیانوی راكردنه‌كه، داستان ده‌بوو له وادی نه‌وت و بناری حه‌مرین ورێگه‌ی تكریت و ئه‌و شوێنانه تۆمار كرابا، داستان راكردن و شكان نیه داستان به‌رگری و قوربانی دانه، بیره‌وه‌ریه‌كانی مامه غه‌فه هه‌قیقه‌تی ئه‌وپشتتێكردنه به وردی ده‌گێڕنه‌وه، هه‌رچه‌ند مه‌رجیش نیه ئه‌وه هه‌موو هه‌قیقه‌ته‌كه بێت.
كورد هیچ داستانێكی نیه له مێژوودا چونكه هه‌رگیز له ناو خاكی خه‌ڵكی تر‌و له سنوری خاكه‌كه‌ی خۆیشیدا دووژمنی نه‌به‌زاندوه، ئه‌وه كورده هه‌میشه داستانه‌كانی به راكردن و جێهێشتن كۆتای هاتووه .
4
كه‌ركوك پێویستی به ئاشتبوونه‌وه‌ی گشتی و پێكه‌وه ژیانی ئاشتیانه‌یه، ئه‌وه‌ی له 59 رویدا هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك له پشتیه‌وه بووبێت، به هه‌ندی ئه‌وه ئازاری نیه كه خوێنی كورد‌و توركمان به فیتی نه‌یاران له‌و شاره رژا، ئه‌وانه‌ی تیرۆر كران و شه‌هید كران و له دار دران خه‌ڵكانی هه‌ره باش و جوانی ئه‌م شاره بوون، له ساڵی 2007 هێنده‌ی نه‌مابوو به جۆێكی تر نه‌یاران كورد‌و توركمان به‌رده‌نه وێزه‌ی یه‌كتر، ده‌بوو ئێستا سیاسیه‌كانی كورد‌و توركمانی كه‌ركوك شه‌وو رۆژ كاریان له سه‌ر ساڕێژكردنی برینه‌كانی رابردوو كردبا نه‌ك ئه‌وه‌ی له میدیا‌و به بۆنه‌و بێ بۆنه، ئازاری كه‌س و كاری قوربانیه‌كان بده‌ن و ئاگری ناكۆكی و دوو به‌ره‌كی خۆشبكه‌ن.
5
به‌عس به‌و هه‌موو سته‌م و دیكتاتۆریه‌ته‌وه نه‌یتوانی شوناسی كه‌ركوك بگۆڕێت، هه‌ق نیه راكان جبوری بیر له كاری نه‌كرده بكاته‌وه و رۆژانه خه‌ڵكی ئه‌و شاره تووشی دڵه‌ڕاوكێ و ناجۆری بكات، له بری ئه‌وه پێویسته گیانی پێكه‌وه ژیانی ئاشتیانه په‌ره پێبدرێت و رابردوی ناشرینی پڕ خوێن و ئازاری كه‌ركوك دادگای بكرێت و بخرێته پشته‌وه‌ی مێژوه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رگیز دووباره نه‌بێته‌وه.
كه‌ركوكیه‌كان خه‌ڵكێكی ماندوون، پێویستیان به پشووه، پێویستیان به‌وه‌یه له خه‌می یه‌كتردا بن و له كه‌وتن و گلانا ده‌ستی یه‌ك بگرن.
ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی