بۆچی عێراق لە لێواری جەنگی ناوخۆدایە؟ کورد ئەبێ چی بکات؟

عادل باخەوان

5-08-2022

4050جار خوێندراوەتەوە


حەوت هۆکاری سەرەکی وادەکەن کە عێراق لە لێواری جەنگێکی ناوخۆیی تراژیدیدابێت :
 
1-    ئێمە لە عێراقدا  دەستەبژێرێکی سیاسیمان هەیە کە پێیوایە دەوڵەتی عێراقی غەنیمەیەکە و دەبێت لەنێوان خۆیاندا دابەشیبکەن، نەک گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی کە دەبێت ڕۆژانە بینابکرێت.
 
2-    کولتوری توندوتیژی کە گروپە سیاسیە جیاوازیەکان تیادا پەروەردەکراون و لەڕێگایشیەوە دەیانەوێت پێگەی خۆیان لەنێو مێژوودا دەستەبەر بکەن.
 
3-    سەرکردەی هێزە سیاسی و سەربازیەکان، لەڕێگای هەڵسەنگاندنی هەڵەوە بۆ پەیوەندیەکانی هێز، سەرقاڵی داڕشتنی پلانی جەنگێکن کە وەک پێیوست لە باجەکەی و لە دەرەنجامەکانی تێنەگەیشتون و نازانن چەندیان لەسەر دەکەوێت.
 
4-    برا شیعەکان، کە دەکرێت وەک برا دوژمنەکان ناوزەدەیان بکەین، دەیانەوێت لەڕێگای جەنگی ناوخۆوە، هێزی یەکتری تاقیبکەنەوە و بزانن برا ڕکابەرەکان تاکوێ توانای جوڵان و بەریەکەوتن و سازدان و بردنەوە و هەمژموونیان هەیە و ئەمەش گرەوێکی یەکجار ترسناکە.
 
5-    دابەشبوون و دڕانی برا دوژمنەکانی نێو ماڵی شیعە، کە گەیشتوەتە مریشکە ڕەشە، وادەکات کە شانسی بیناکردنی ڕێکەوتنێک زۆر ئەستمەبێت و گەر ڕێکەوتنش بکرێت، شانسی ڕێزگرتن لێیی تەواو لاوازبێت.
 
6-    مێژووی بیناکردنەوەی دەوڵەتی عێراق، 2003-2022، بە کۆمەڵێک ئاڕاستەدا تێپەڕیوە کە پێکەوە زنجیرەیەک لە قەیرانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی وایان دروستکردوە کە چیتر پرسی ڕێکەوتن لەسەر کۆمەڵێک پرانسیپ لە موستەحیلەوە نزیکبێت. واتە کارەساتەکە لە نێو بوونیەی دەوڵەتی عێراقیدایە.
 
7-    لە کۆتاییدا، هەلومەرجی فەوزەوی  و تراژیدی پەیوەندیەکانی هێز لەسەر ئاستی هەرێمایەتی (ئێران، تورکیا، وڵاتانی عەرەبی)، و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپا، ڕووسیا، چین) وایانکردوە هاوکێشەی عێراقی خراپ تێکبچێت و ئاسۆی دۆزینەوەیەکی دەرچە ئەستەمبێت.
 
کورد ئەبێ چی بکات ؟
تەنها یەک ڕێگا هەیە و بەس : گەڕانەوە بۆ بەرژوەندی و هێڵە سورەکانی ئاسایشی نەتەوەیی لە هەرێمی کوردستاندا و هەر گروپ و حیزب و ئەکتەرێک لەم بەرژەوەندی و هێڵە سورانە لایدا، دەبێت وەک ناپاکیی نیشتمانی پێناسەبکرێت، گەرنا کوردستانیش لە ژێر لافاوی جەنگی برا شیعەکاندا نقوم دەبێت.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی