بێھودەییەکی یاسایی و ھەڵە بێپاساوەکەی وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی

ئه‌بوبه‌كر عه‌لی‌

4-08-2022

4674جار خوێندراوەتەوە



ئەو دژبەیەکیەی لەنێوان یاسای سزادانی بەرکارو  بڕیاری  وەستانی لەسێدارەداندا ھەیە، کێشەیەکی  ڕاستەقینەیە، چونکە بوونی سزاکەو کارپێکردنی لەحوکمدانداو دوایی  پیادەنەکردنی، جۆرێك لە بێھودەیی دێنێتە کایەوە!
 بۆیە لەبەر زیاد لەھۆکارێك دەبێت یان دەقە یاساییەکانی تایبەت بەسزای لەسێدارەدان لەیاسای سزاداندا  ھەموواربکرێتەوە ودادوەر کاریان پێنەکات،  یاخود سزاکە جێبەجێبکرێت.

بەدەر لەوە بۆ سزادراوو بنەماڵەکەی وبنەماڵەی کوژراوو کۆمەڵگەو تەنانەت دەسەڵاتی ڕاپەڕاندنییش، چاوەڕوانیەکی بێماناو چەندین دەرکەوتەی نەخوازراوی لێدەکەوێتەوە.
 سەبارەت بە شەھید دوکتۆر ھوشیاری رەحمەتیش، عەقڵی گەورەی ناوێت پەی بەوە بەرێت، کردەی شەھید کردنەکە تیرۆریستیەو دکتۆری ڕەحمەتی شەھیدی بیروڕایە، ئەوەش ھەستیاری وتایبەتمەندی بە تاوانەکەو تاوانبارانیش دەدات. ئەوەی ئەم پرسەشی سەرلەنوێ تەقاندەوەو کردییەوە بەبابەتێکی ڕای گشتی، ڕێزلێنانەکەی وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بووبۆ یەکێ لەتاوانبارەکان. ئەم کارەی ھەڵەی وەزیر بێت یان ھەڵەی پێکرابێت، یەك شتەو کارەکە ھەڵەیەو ئیستیفزازکردنێکی  زۆریشی بۆکەس وکاری دوکتۆرو دۆستان وڕایگشتی تێدایە و پاساو ھەڵناگرێت.


 ئەوەش دەخوازێت خانمی وەزیر دان بەھەڵەکەیدا بنێ وداوای لێبوردن لەکەس وکاری بکات، نەبێتە تەرەف لە ڕووداوو تاوانێکدا کەئەو لەبنەرەتدا  تیایدا تەرەف نەبووە.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی