جەنگ، یان ئاشتیی پیرۆز!

نوری بێخاڵی

4-08-2022

1634جار خوێندراوەتەوە



بە تێڕامان و وردبوونەوە لە چییەتیی جەنگ و دەرەنجام و دەرهاویشتەکانی، بەبینینی دیوی تاریکی ناوەوەی جەنگ، بە دەرککردن بە بایەخی بەرپرسیارییەتیی مرۆڤ لە بوون و بەهای مرۆیی خۆی و بەرامبەرەکانی، بە تێگەیشتنی قووڵ لە بەهای ژیان و ژینگە و ژینوار و ژیاردا، زۆر بە ئاسانی دەتوانین دەرک بە بوونی بەریەککەوتنێکی سەیر و جێ پرسیاری، جەنگ و بەرگری، جەنگ و ئازادی، بکەین.

ڕوون و سادەتری بکەینەوە، هیچ کام لە دووانەی جەنگ و بەرگریی نیشتمانیی، یان ئەوەی پێی دەگوترێت جەنگی پیرۆز، هەروەرها دووانەی جەنگ و ئازادی، تەریبی یەکتر ناڕۆن، بەڵکوو لە پنتێکدا یەکتری دەبڕن، یەکتربڕینێکی نەرێنی!

ئەم بەریەککەوتن و دژبەرییەی نێوان ئەم دوو دووانەیە لەوێدا دەردەکەوێت، کە بەرگریی نیشتمانی لە میانی جەنگدا، بەردەوام دەچێتە ژێر باری بڕێک لە شکست و دۆڕانی نیشتمانی. وەک چۆن بەسەربازیکردنی خەباتی بەرگریکردن لە ئازادیش، بە جۆرێک لە جۆرەکان، لە ئازادیی خودی بەرگریکارانی کەم دەکاتەوە!

بە واتایەکی تر، ئەوانەی بەناوی بەرگریی نیشتمانییەوە بەرگری لە پیرۆزیی جەنگ دەکەن و پێیانوایە ئەو جەنگە وەڵامگۆی پێداویستیی نیشتمانە بۆ بەرگری لێ کردنی. ئەوا لە بەرامبەردا ڕووبەڕووی ئەو پرسیارەش دەبنەوە: بەڕاست، ئەو بەرگریکارانەی جەنگ بیریان لە ڕێژە و قەبارەی تێچووی گیانی و ماددی و زیانەکانی جەنگ و مەترسییەکانی بۆسەر ژیان و ژینگە، ئازادی و بەهاکانی، تا دەگاتە شکست و دۆڕانی نیشتمانیی، کردووەتەوە؟

دیارە ئەم هاوکێشەیەی سەرەوە بۆ پرسی جەنگ و ئازادیش دروستە. بەتایبەتی لەوەی کە ئەوانەی بە عەقڵیەتی گیانفیدایی و بەرفەرمانی ژەنەڕاڵەکان، بەناوی بەرگریکردن لە ئازادی دەچنە سەنگەر و بەرەکانی جەنگ، ئەوا ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، بە ئاگاییەوە بێ یان لە نائاگایی، پێی بزانن یان نا، دەستبەرداری بەشێکی زۆر لە ویست و ئیرادە و ئازادیی خۆیان دەبن و دەیخەنە خزمەتی ماکینەی جەنگی ژیان و جوانی و ئازادیکوژ!

لە جەنگدا، هەموو جەنگێک، کە تیایدا چەک و خوێن یەکلای دەکاتەوە، هیچ بەرەیەکی جەنگ دۆڕاو و براوەی تەواو و ڕەها نییە، بەتایبەتی ئەگەر بە دیوی خوێنڕێژی و کوشتن و زیان و وێرانکاری و دەرهاویشتە نەرێنییە ئابووری و سایکۆ - سۆسیۆلۆژییەکانی سەیری جەنگ بکەین!

سادەتر بڵێین، هیچ لایەنێکی جەنگێک ناتوانێت گرەنتی ئەوە بداتە خۆی و کۆمەڵگاکەی، کە ئەو زیانانەی بە بەرامبەر (دوژمن)ەکەی دەگەیەنێت، بە بێ زیانگەیشتن بە خۆی، کۆتایی دێت. بەوپێیەی دواجار جەنگ لەیەک کاتدا زیان و وێرانکارییەکی گشتگیرە، تا ئەوەی کورد گوتەنی “تەڕ و وشک”ی هەردوو لا دەسووتێنێت. ئەوە بۆیە هیچ جەنگێک لە مێژووی دوور و نزیکی مرۆڤایەتیدا نادۆزیتەوە، بۆ بەرەیەکیان شین و بۆ بەرەکەی تر شایی بووبێت و بێت، بۆ خاکی یەکێکیان وێرانیی و بۆ ئەوەی تریان ئاوەدانیی بووبێت و بێت.

خەیاڵپڵاوی، تەنانەت گەمژەییە، ئەگەر پێتوابێت بەبێ زیان گەیاندن بە خۆت، دوژمنەکەت لەناو دەبەیت. بەتایبەتی لە جەنگی نوێدا، کە چیتر نەک هەر جەنگاوەرەکان، بەڵکوو زۆرینەی خەڵکی سڤیل و ئەوانەی جەنگاوەر نین، یەکەم و کۆتا گەورەترین قوربانین. 

ئایا وێرانکردنی دنیا لە ئەنجامی جەنگەکاندا، هەر لە بەرەبەیانی مێژووەوە بگرە تا ئەمڕۆ (جا پاڵنەر و پاساو و بیانووەکانیان هەر چییەک بووبن!)، بە نەمریی سەرانی جەنگ و بەردەوامیی دەسەڵاتەکانیان و خۆشبەختیی گەلان و ئاوەدانیی وڵاتەکانیان کۆتایی هات؟ بەڕاست، لە جەنگە ئایینییەکاندا، لە جەنگە ئایدیۆلۆژییەکاندا، لە جەنگە سیاسییەکاندا، لە جەنگە هەرێمایەتی و نێوخۆییەکاندا، کێ دۆڕا، سەرانی شەڕ، یان گەلەکانیان؟

لە پەندێکی کوردیدا هاتووە “ئەوەی لە شەڕ نییە، شیر - شمشێر -ی تیژە!”، بۆیە ئەوانەی دەبنە، یان دەکرێنە سووتووی شەڕەکان، ئەوانەی ناو پەندەکە نین، بەڵکوو ئەوانەن کە فریوی بانگەشە و دروشمبازیی ئەوانی ناو پەندەکە دەخۆن!

ڕاستییەکەی، هەموو ئەوانەی بە دروشمی جیاوازەوە ڕەوایی بە جەنگ دەدەن و بە دروشمی سەیرەوە کوڕی خەڵک هان دەدەن بچنە بەرە و سەنگەرەکانی پێشەوە، ئازاکان نا، ترسنۆکەکانن.. وڵاتپارێزەکان نا، هەلپەرست و بەرژەوەندخوازەکانن.. دڵسۆزەکان نا، داهۆڵ و دەلال و دەهۆڵکوتەکانی ترسنۆک و هەلپەرست و بەرژەوەندخوازەکانن. ئەوانەن کە ئاشی بەرژەوەندییەکانیان لە ئاشتیدا ناگەڕێت، ئەوانەن کە پایەی دەسەڵاتیان لە دەستبەتاڵیدا دەڕوخێت!

هەموو ئەم پێشەکی و درێژدادڕیەم لەبارەی تاریکیی جەنگ، بۆ ئەوە بوو تا لە نهێنیی بەردەوام پێداگری و سووربوونی بەڕێز (نێچیرڤان بارزانی)ی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر پێویستیی ئاشتیی نێوخۆی کورد، گرنگیی ئاشتەوایی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕال، بایەخی بەرقەرارکردنی ئاسایش و ئارامی و سەقامگیریی کوردستانی و عێراقی و هەرێمایەتی و ڕەنگدانەوەی ئەرێنیان بەسەر دواڕۆژی چارەنووسی مرۆڤەکان و ژیان و ژینگەی ئەو جوگرافیایە تێ بگەین، کە زیاتر لە سەدەیەکە جەنگەکان وێرانیان کردووە.

جەختکردنەوەی سەرۆکی هەرێم لەسەر گرنگیی گەڕانەوە بۆ دیالۆگ و دانوستاندن، بۆ یەکتر قبووڵکردن و بەیەکەوەژیان، کە لە یەقین و باوەڕی کۆنکرێتیی خۆیان، لە پرەنسیپی کارکردن و ستراتیژی سیاسیاندا سەرچاوەی گرتووە، بەرهەمی ئەزموونێکی دوور و درێژ و دەوڵەمەند و هەستکردنێکی مرۆیی، ویژدانی و ئەخلاقییانەیانە بەرامبەر ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتییە مێژووییەی لە ئەستۆیاندایە، هەروەها تێگەیشتنی قووڵیانە بۆ واتای بەرپرسیاریەتی و بڕیاردان. 

ڕاستییەکەی ئەوە بڕیاردانی ئاشتییە، کە پێویستی بە ئیرادە و ئازایەتی، بە بوێری و هەستی بەرپرسیاریەتیکردن هەیە. ئەوە خەبات لەپێناو بەدیهێنانی ئاشتییە، کە نازناوی پاڵەوان و جەنگاوەری شکۆمەند بە مرۆڤەکان دەبەخشێت و ناوی ڕێبوارانی لە مێژوودا بە نەمریی دەهێڵێتەوە. 

دواجار، ئەگەر لە ناکۆکی و ململانێیەکاندا، لە بەریەککەوتنی بەرژەوەندی و خواستەکاندا، پیرۆزییەک بۆ جۆر و فۆڕمێکی خەبات هەبێت، ئەوە بۆ ئاشتییە، نەک جەنگ، بۆ ئاشتیخوازە، نەک شەڕانگێز!

زۆر بە کورتی: 
ئەوەی هەبووە، ئەوەی هەیە و دەبێ ببێت، پیرۆزیی ئاشتییە، نەک جەنگ. بە واتایەکی ڕوون و ڕەوان و ڕاشکاوتر، ئەوە ئاشتییە پیرۆزە، نەک جەنگ!


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی