حەوت خاڵ لەسەر مەسەلەی خۆپیشاندان

عه‌زیز ڕه‌ئووف

3-08-2022

3054جار خوێندراوەتەوە


یەکەم: ڕاپەڕین و داواکاری دوو چەمکی تەواو جودان. ئەگەر داواکاریمان لە حکومەت هەیە کە چەند خاڵێکمان بۆ جێبەجێ بکات، ئەوا پێویست بە ڕاپەڕین ناکات. ئەگەر دۆخی هەرێمی کوردستان ڕاپەڕینی گەرەکە، ئەوا پێویست بە هیچ داخوازییەک و جێبەجێکردنی هیچ خاڵێک ناکات.

دووەم: خۆپیشاندان بۆ داواکاری دیاریکردنی کات و شوێنی دەوێ، بەڵام ڕاپەڕین خوڕسکە و ئەستەمە بتوانیت کات و شوێنی بۆ دیاری بکەی، جگە لەوەی پارتێکی سیاسی خۆی ڕێکخستبێت و بیەوێت ڕاپەڕین بکات. دیاریکردنی کات و شوێن بۆ خۆپیشاندان لە ئێستاوە بە دەسەڵات دەڵێی ئەوە ئێمەین و لێرەین. هەرجوڵەیەک دژ بە دەسەڵات کەمێک نهێنی پێویستە. دوو ساڵ پێش ئێستا من و بەشێک لە هاوڕێیانمان ئەم کردەیەمان ئەزموون کرد و سەرکەوتوو نەبووین.

سێیەم: ئەگەر داوکاری هەیە لە حکومەت یان ڕاپەڕین، ئەوا بەبێ بەشداری زۆرینەی خەڵک لە پایتەخت ئەستەمە نەتیجەی هەبێت. سەرۆکایەتی هەرێم و پارلەمان و ئەنجومەتی وەزیران لە پایتەختن و جاڕدانی هەر توڕەیی و ناڕەزاییەک لە سلێمانیەوە کردەیەکە لە حەڤدەی شوبات و خۆپیشاندانی مامۆستایان و دەنگە ناڕازییەکان بە تەنها لە سلێمانیەوە، دەست و پەنجەمان لەگەڵ نەرم کردووە و نەتیجەی ئەوتۆی نەبووە.

چوارەم: دۆخی کوردستان زۆر لەوە پەرتترە گروپێک یان بەرپرسێکی دیاریکراو بەتەنها بتوانێت بڕیاری لەسەر بدات. دۆخی کورستان تەنانەت پارتە دەسەڵاتدارەکانیش بەتەنها ناتوانن بڕیاری لەسەر بدەن. پەرتپەرتبوونی دنیای ئێمە بەسەر دوو زۆنی جیاواز و ئینجا چەندین گروپی بەناو ئۆپۆزسیۆن و دەنگی ناڕازی، بەبێ بەشداری هەمووان ئەستەمە هیچ لە دنیای ئێمە بگۆڕێت.

پێنجەم: خەڵکی کوردستان متمانەی بە هێزی سیاسی نەماوە، دوای گۆڕان زۆرێک لە خەڵکی کوردستان هەست دەکەن هاتنی هەر هێزێک دوای یەکێتی و پارتی جیاوازتر نین و مەسەلە هەر دەوڵەمەندبوونی کۆمەڵێکە بەسەر زۆرینەی خەڵکدا. لە ئێستادا خەڵک کە زۆرینەیان لە دەرەوەی پارتە سیاسیەکان و بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردووە، وا تەماشای هێزە سیاسیەکان دەکەن کە جیاوازی ڕیشەیی لەنێوانیاندا نیە و مەسەلە تەنها بەرژەوەندی گروپێکە بەناوی بەشداری سیاسیەوە.

شەشەم: لەم چەند ساڵەی دواییدا گروپی بەناو ئۆپۆزسیۆن جگە لە خەباتی پارلەمانی و دەنگەدەنگی میدیایی هیچی تری نەکرد. ئەم دوو کردەیەش زۆر کەشف و بێسودن. ئەگەر پارتی سیاسی خۆی و ئەندامەکانی بەشداری جدی لە ناڕەزاییەکان بکەن گرنگی زیاترە. سەرباری ئەوەی پارتی کوردی هیچ ڕووئیایەکی جیاواز و هیچ پەروەردەیەکی سیاسی جیاوازیان لە دەسەڵات بەرهەم نەهێناوە.

حەوتەم: ئەوەی سیاسەتی لە کوردستان نابووت کرد و هیچ بەهایەکی بۆ سیاسەت نەهێشتەوە بە دەرەجەی یەک هێزەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی بوون. بە منداڵ و تواڵ کردنی سیاسەت و دروستکردن و هەڵتۆقینی ئینسانی بەتاڵ و حەتاڵ وەک فیگەری سیاسی و پارلەمانتار و هەڵتۆقینی بازرگان و ملیۆنێری بەناو سیاسی لەژێر دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی، وایکرد کردەی سیاسی لە کوردستان ببێتە نوکتە و گاڵتەجاڕییەکی گەورە.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی