بانگهێشتەکەی نێچیرڤان بارزانی دەرفەتێک بۆ گفتوگۆ، هەلێک بۆ ئاشتی

فارس نەوڕۆڵی

2-08-2022

6566جار خوێندراوەتەوە


ئەوەی لەعێراقدا ڕوو دەدات دەرئەنجامە، لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس ئەوەی ناونرا عێراقی نوێ شتێکی نوێی دڵخۆشکەری لەتەک خۆی نەهێنا، نەیتوانی نوێگەری لەجیهانبینی سیاسی و ئاینی و کۆمەڵایەتیدا بەرهەم بهێنێ، ئەقڵی سیاسی بەتامی هەمان ئەقڵییەتی پێش و لەسەر بنەمای ڕەتکردنەوەی ئەوی دیکە بنیاد نرایەوە.

ئەوەی ئێستا لەناو پەرلەمانی عێراق ڕوودەدا و لەشاشەکان دەبینرێت کۆمیدیایە بەتامی تراژیدیا، ئەوە دەرئەنجامی بێمتمانەیی خەڵکە بەشێوازی حوکمڕانی، ئەوەی دەبینرێت بەرەنجامی ناعەدالەتییە لەهەموو ئاستەکاندا، ئەوە ناعەدالەتیە دەبێتە هۆی کەوتنی هەموو شت و چارەسەری ئەو دۆخە ئاسان نیە، چونکە تەنها لە دەست هێزە سیاسیە عێراقیەکاندا نیە بەڵکو بەریەککەوتنی بەرژەوەندی دەوڵەتە جیهانی و ناوچەییەكانە، بەڵام چارەسەر مەحاڵ نیە ئەگەر ئیرادە هەبێت عێراق پێویستی بەمۆدێلێک لەکارەکتەری سیاسییە کە کراوەبن و پرنسیپی یەکتر قبوڵکردن جێ بەجێ بکەن ، ئەگینا ناتوانرێ ئەم قۆناغە جێبهڵرێت.

دۆخی ئێستا ترسناکە پێویستی بەهێوربوونەوە و بیرکردنەوەی تەندروست هەیە، چونکە ئەگەر عێراق بچێتە قۆناغی شەڕی ناوخۆییەوە ئەوا دۆخی لە لوبنان و سوریا و یەمەن خراپتر دەبێت، لەم هەڵومەرجەشدا پێویستە لەسەر حیزبە کوردستانییەکان خۆیان لە نمایشی پۆپۆلیستی بە دوربگرن، ئەم یارییە ئەم جارە بۆ بەدەسهێنانی چەند کورسییەک نیە بەڵکو تاڕادەیەک یاری چارەنوس و مۆدێلێکی دیکە لە ململانێ بەرهەمدەێنێت ئیتر چاک یان خراپ دیارنیە ، بەڵام هیچ کات درەنگ نیە بۆ چارەسەر، هەمیشە کاتێک هەیە بۆ دەستپێکردن.

بانگهێشتنامەکەی سەرۆک نێچیرڤان بۆ کۆبونەوە لەهەولێر و چارەسەری دۆخەكە لەڕێگای گفتوگۆی ڕاستەخۆی هێزەکان دەرفەتێکی ستراتیجییە بۆ ڕزگارکردنی عێراق لەدۆخی شەڕ و ئاشوب، لە هەمان کاتدا دەکرێ لەسەر مۆدێلێکی نوێی هاوبەشی ڕێکبکەون کە بەرژەوەندی کۆی پێکهاتەکان بپارێزێت، مۆدێلێک کەبتوانێت زۆربەی کێشەکان چارەسەر بکات، بۆیە دەكرێ ئەو بانگهێشتنامەیە مۆدێلێکی باشتر لەئێستا بەرهەم بهێنێ، ئەگەر هەموو هێزەکان بەئەقڵی کراوە و پەرۆشی ئایندەی خەڵک بن.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی