سەدر گەمەیەکی لێهاتوانە بەهەردوو کەرەستەکەی بەردەستیدەکات. کەرەستە سیاسیەکانی سەدر وێنە و دروشمە . داخوازیەکانی خەڵکی عێراق بەگشتی داواکردنی خزمەتگوزاری و شەفافیەت و عەدالەتە ، سەدریەکانیش ئەو داخوازیانەیان کردووە بە پەیام و دروشمە سیاسیەکەیان . خەڵک بە شکاندنی شکۆی مەسولێکی سیاسی وڵاتەکە ی دڵی ئاو دەخواتەوە. سەدریش شکۆی مەسولەکان بەسەرکورسی دەستەڵاتەکەیانەوە لەوێنەیەکدا نیشان ئەدات کە هەر هەوادارێکی شوێنی بکەوێت ، دەتوانێت بە ڕێگای سەدردا بەئاسانی بگات بەو کورسیە.
وێنەکانی کورسی دەستەڵات لە ڕێگاکانی سەدرەوە ، چوارچێوەی شەرعی و ناشەرعی بوونی بۆ نیە . ئەو ئەگەر لە هەڵبژاردنەوە بچێتە پارلەمانەوە و لەدەرگای ئیستقالەکردنەوە ئەندام پارلەمانەکانی بهێنێتەدەرەوە ، نیشانی ئەداتەوە کە دەتوانێت کەی بیەوێت لە پەنجەرەوە ، هەزاران کەسی دیکە بخاتەوە شوێنیان. لەهەردوو کردەکەشدا ( لەچوونە ژوورەوەی دەرگاوەبێت یان پەنجەرە) ئەو بەهێزی هەڵبژاردن بێت یان زۆری شەقام خۆی و ڕەوتەکەی بە موستەحەقی دەستەڵات دەزانێت.
سەرباری ئەوەی کەسی موقتەدا سەدر کاراکتەرێکی ڕاڕایە و میزاجێکی سیاسی جێگری نیە . بڕیاردانی بە کشانەوەی سەدریەکان لە پارلەماندا و دواتر داگیرکردنەوەی پارلەمان بە هەوادارەکانی و بێدەنگی تەواوی مەرجەعیەتی باڵای شیعە ( سیستانی ) کە دەتوانێت بە دێڕێک هەڵچوونی هەردوو بەرەکەی شیعە ( ئیتار و سەدر) دامرکێنێتەوە ، جێگەی سەرسورمانە !
- ئەستانەی حەوت لە تاران بەسترا .
-تۆمارە دەنگیەکانی مالیکی دزەی پێکرا .
- سەرۆکی ئەمریکا کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرانی کەنداودا بێئەنجام بوو .
- تورکیا بۆردمانی پەرەخی کرد و کوژراوی باشووری عێراقی لێکەوتەوە .
-ئەردۆغان دەیەوێت هێرش بکاتە سەر تەلڕەفعەت و ڕوسیا و ئەمریکا و سوریا و ئێران ڕازی نین . ئێران پێ ی وایە تورکیا بگات بە تەلڕەفعەت ، واتە دەگات بە دیواری شیعی ناوچەی ئێرانی لەسوریا کەلە باشووری تەلرەفعەتدان.
- زۆر بە پەلە ئەنجومەنی ئاسایش بۆ پرسی بۆردمانەکەی تورکیا لەسەر داوای عێراق کۆبوونەوە . لیژنەیان پێکهێنا.
لەگەڵ ئەو بەرکەوتە خێرایانەدا ، گۆڕانکاری خێرا بەسەر هەڵوێستی بێدەنگی هەڵبژاردنی سەدردا هات . توندبوونەوەی ناکۆکی نێوان شیعە و شیعە دۆخێکی مەترسیداری بۆ عێراق هێناوەتە پێشەوە . چونکە لەئەزموونەکانی پێشووی دنیای شیعەوە ، مەحاڵ نیە ئەگەر شیعە بیەوێت شیعە بکوژێت.
مێژووی ناکۆکیەکانی ناو شیعە، هێندەی تەمەنی شیعەخۆی درێژە و دابەشبوون بەسەر شیعەی ( ئەبازی ، فاتمی ، ئیسماعیلی ، قەرمەتی ، دوانزەئیمامی ..هتد) لەناو دوانزە ئیمامیەکانیشدا ناکۆکیان لەسەر شیوازی حوکمداری کە ئایا بەپێ ی ولایەتی فەقی بێت یان مەرجەعیەت کاری بە حوکمداری نەبێت تا ئیمامی مەهدی دێتەوە ؟! قەرمەتیەکان لە ناکۆکیاندا لەگەڵ فاتمیەکاندا کە مەککەیان بەدەستەوەبوو ، لەکاتی حەجدا هێرشیان کردە سەر مەکە . زیاتر لە سی هەزار حاجیان کوشت . بەردە رەشەکەی کەعبەشیان دەرهێنا و لەگەڵ خۆیاندا بردیانەوە بۆ بەحرەین . بیستودووساڵ بەهۆی نەبوونی بەردەکەوە حەجکردن پەکی کەوت.
ئەزموونی یەکترکوژی لەناو شیعەکاندا زۆر خوێناوی ترە لە ئەزموونی کوشتاری نێوان شیعە و سونەدا . بۆیە ئەگەری پێکدادانی نێوان شیعە و شیعەش لە عێراقدا مەحاڵ نیە . بەهۆی گرژیەکانی ناوچەکەشەوە لەئەگەری ڕوودانیدا بەتەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاودەبێتەوە.
ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی