رەوشی عێراق و ئەگەری دۆخی شەڕ

کەمال محەمەد

29-07-2022

5851جار خوێندراوەتەوە



مێژووی عێراق بە چەندان سات و گۆڕانکاری تراژیدی تێپەر بوە ، گەلانی ئەم خاکە دوچاری داگیرکاری و چەوسانەوەی پاوانە ھەمەجۆرەکانی سەرمایەو دەوڵەت و دەسەڵاتەکان بوە ،دەشێت  مێژووی عێراق  وەک دۆخی شەڕ بەرامبەر کۆمەڵگاکەی پێناسە بکەین کاتێک سیاسەت و ئەخلاق نەیتوانیوە ڕۆڵ ببینێت لەپاراستنی ئاشتی و مەرجە بنەرەتییەکانیدا کە سیاسەتی دیموکراتی بە شێوەیەکی ژیانی  بایەخدار بکرێت و لە دەزگا سیاسی و ئیداری و ئەخلاقییەکانی حکومڕانی کۆمەڵگاشدا دەستەبەر و دەست بەکار ببێت.

لێرەدا نامەوێ مێژووی عێراق بە تەواوی ھەڵبدەمەوە ،ئەوەی مەبەستمە عێراقی دوای پرۆسەی ئازادی و روخانی ڕژێمی بەعسە لە ساڵی ٢٠٠٣ ،کە نەتوانراوە ئەم وڵاتەو سیستەمەکەی بەپێی دەستور  و ھەروەھا لەسەر بنەمای رەزامەندی میکانیزمی دامەزراوە سیاسی و حکومڕانییەکانی چەک بێدەنگ بکرێت ،بێ دەنگی چەک بەو مانایەی ھەرکەسەو لە دەرەوەی یاساو دەستور و بەرژەوەندییەکانی وڵات خۆی نیشان و نماییش نەدات  .خودی ئەمەشە بناغەی ئاشتییەکی بە پرەنسیبانە و راستەقینانەی سیستەم کە واتایەکی ھەبێت ،ئەگەر ئاشتییەکی بەم جۆرەش بونی نەبو ئەوا زەحمەتییەکانی لۆجستیک و ئابوری و ستراتیژی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت تائیفیش زیاد ئەبن و رێککەوتنەکانیش لە پێناو رۆژێکی رەشتر و شەڕێکی دژوارتر ئەنجام ئەدرێن ،ھەر ئەمەشە وایکردوە ئەوانەی لە پێگەی مافدارانن بەرقەرارکردنی ئارامی و ئابوریان لەژێر سایەی ئەم دەسەڵات و ئەو حیزب نییە ،درێژەدان بەم سیستەمەو  باڵادەستی ھێزەکانی دیاریکراو کە دیاریکەرەکانیان لەدەرەوەی عێراقن  وایکردوە کۆمەڵگایەکی بێ دەوڵەت  ھەبێت کە خاوەنی بریار و کارنامەی سیاسی خۆی نەبێت ، بۆیە گەلانی ئەم خاکە بەردەوام روبەروی چەوسانەوەکانی بۆتەوە چ لە دەرەوەو چ لە ناوەوەش.

لەدوای پرۆسەی ئازادییەوە کۆی حیزبەکان ھێندەی ھەوڵی خۆپارێزی خۆیان داوە نیو ھێندە شەری گەورەی بەرگری کۆمەڵگایان نەکردوە ،واتەیەکی دیکە سیستەم لە عێراقدا بە سەردەمی ھەژمونگەرایی سوپەر و ھەژمونگەرایی دیکەی ھەرێمی بەرێوە ئەبرێت و ھەریەکەیان بە گوێرەی ڕادەی ھێزەکەیان بەشی تاڵان و زەوتکردنی سیاسی و ئابوری وڵاتیان بۆ خۆیان جیا کردۆتەوە ،وابەستەیی و دەستنیشان کردنی پۆستەکانی عێراق بە بریارەکانی وڵاتانی زلھێز و ھەرێمی نیشانەی پاشکۆیەتی و ناسەربەخۆیی ھێزەکانی ناوخۆی عێراقە لەھەمانکاتیشدا ھەبونەکەشیان بەم دۆخەوە تواناو دەرفەتی پێشخستن و پاراستنی دامەزراوە سیاسی ئابوری و ستراتیژیەکانی لەئارادا نامێنێت و لاواز ئەبێت.

ئەوەی ئەمڕۆ لە عێراق ئەگوزەرێ دەسەڵاتی ئەو ھێز و میلیشیایانەیە کە بوە بە دیاردەو لە دەوڵەت بەربڵاوترن و نەتوانراوە بکرێنە ھۆکار بۆ چارەسەری  تەنگەژە سیاسی و ئابوری ئیدارییەکانی عێراق  ،نەبونی ئامانجی نیشتمانیش لەپاڵ ئەم ھێزانە رەوشی وڵاتی لە دەرەنجامە خراپ و ناھەموارەکانی و  نەبونی متمانە لەنێو پێکھاتەکان و رەوتەکانی زیاتر کردوە ،یاسای پشک پشکێنەی حیزبەکان  و  بەستنەوەی بە کرێگیراوێتی سیستەم  لە ئێستادا ئەستەمە وڵات و رەوشی داھاتووی بەرەو چارەسەری ببات.

ئاڵوگۆرکردنی بیرو جیاوازییە سیاسییەکان ھێندەی لە رەوشی ئاشتی و سەقامگیری دەستەبەر ئەبێت لە جەنگدا بدی ناکرێت ،ئەگەر ئاشتی دەرفەتێک بێت بۆ لەسەر پێمانەوەی عێراق و یەکدی قبوڵکردنی بەرامبەر بە جیاوازییە سیاسی ئایینی و تائیفییەکانەوە ئەوا لە جەنگدا ئەو مافانە نابینرێت ،بەڵام رەوشی ئەمرۆکەی عێراق لەو ناچێت نزیک بێت لە سیستەمێک کە داخوازی گەل بە جێبھێنێت ئەوەی ئەگوزەرێت خۆدەرخستن و نواندنی چڕنوکی ھێز و دەسەڵاتی لایەنەکانە بەرامبەر یەکدی کە دور نییە کۆتاییەکەی دۆخی گەیشتن بێت بە لێواری تاریکی و جەنگ و ببێتە ئەڵقەیەکی دیکەی توند و ببەسرێتەوە بە ئەڵقەکانی مێژوو ،بۆیە ئەگەر کێشەکانی ئەمرۆکە چاک نەکرێنەوە ھەوڵی خستنەروی ئەو کێشانە نەدرێت کە وڵات و سیستەمەکەی خنکاندوە دورنییە دەرمانی لەسەر پێ مانەوەی رەوشی ئاشتی لە عێراق ئەستەم دەست بکەوێت پێچەوانەکەی دۆخی شەڕ دەست پێ نەکات کە تیایدا ئاشتی جێگا بۆ ترس و دڵەڕاوکێی ناکام دروست بکات و جەنگێک بێت کە نەک کاریگەری لەسەر مرۆڤەکان بەڵکو لەسەر زیندەوەران و سروشتی ناوچەکەش دروست بکات .


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی