محه‌مه‌د شیاع سودانی و من

عادل باخەوان

25-07-2022

16929جار خوێندراوەتەوە


ئێوارەیەکی درەنگ لە کۆشکی سەلام بووم لە بەغداد، سەرۆکی یەکێک لە حیزبە سەرەکیەکانی عێراق لای ڕاستم دانیشتبوو، سەرۆک کۆمار لەولاتر. میوانێک هات، کەمێک قەڵەو، سمێڵێکی عێراقیی قایم، هەستامەوە و تەوقەی لەگەڵ کردم. وتم بەڕێزتان کێن ؟ وتی : من موحەمەد شیاع سودانیم و بەرامبەرم دانیشت. سەرۆککۆمار لەگەڵ باڵوێزی وڵاتێکی ئەورپیادا چوەدەرەوە و بەڕەێی کرد، سەرۆکی حیزبە عێراقیەکەش ڕۆشت. سودانی و من دوو بە دوو ماینەوە. چارەکێکی خایاند تا سەرۆککۆمار گەڕایەوە. لەو چارەکەدا باسی خۆی بۆکردم. هیچ ڕازینەبوو لە سیستمی سیاسی، لە گەندەڵی، لەلاوازی عێراق، لە بێمتمانەیی کۆمەڵگا، هتد. پێموت : کەواتە بۆ لەگەڵ بلۆکی ئیتاری ؟ وتی : ئاخر لە ناو سیستمەکەدا ئەمەوێ گۆڕانکاری بکەم و دنیایەکی جوانتر دروستبکەم. 

شەوێکی ئارامی بەغدادی بوو، هەوایەکی فێنک بەسەر ناوچەی سەوز و کۆشکی سەلامدا تێدەپەڕی... بە جەنابی سودانیم وت : عێراق لەسەر لەپی شەیتانە ؟ 

وتی : ئەزانم، بەڵام من ئەمەوێ بیهێنمە دەرەوە.

وتم : ئاخر شەیتانەکان لە پشتەوەن، لە پێشتەوەن، لە لای ڕاستەوەن، لەلای چەپتەوەن !

وتی : ئاخر منیش هەوڵدەدەم ڕێگایەک بدۆزمەوە بۆ ئەوەی لێیان دەربازببم و ئەوەی مومکینە بیکەم.

سودانی ئەو ئێوارە بەغدادیە زۆر شتی وت....لە عێراقدا زۆر شت ئەوترێت، زۆر خەونی جوان ئەبیرنێت، بەڵام تراژیدیای واقیع زۆر تاڵترە لە خەونە جوانەکان و لە وتراوەکان... با چاوەڕێیی ڕۆژی پێنجشەمە بکەین بزانین موعجیزەکە ڕودەدات !!!


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی


بەپەلە