چی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا دەگوزەرێت؟

ئه‌بوبه‌كر عه‌لی‌

17-07-2022

9225جار خوێندراوەتەوە


ناوچەکە لە بەردەم سەرلەنوێ  پێکھێنانەوە دا

سەردانەکەی بایدن و لێکەوتەکانی، ناوچەکەی بە فەرمی بردە سەرەتای قۆناغێکی نوێوە. بەشێ لەوەی ترەمپ ھەنگاوی بۆ نابوو، بایدن بە ئاراستەیەکی تردا تەواوی دەکات. ئەمریکا بەناچاری بە گوڕەوە گەڕایەوە بۆ ناوچەکەو  بە کاتیش بێت وازی لە لوتبەرزییەکەی ھێناوە.  بایدن دانی بەوەدا نا کە دەربارەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بە ھەڵەدا چوون. ئەوەی ئەم بادانەوە توندەشمان بۆ لێکدەداتەوە، چەند ھۆکارێکە لەوانەش:

. جەنگی ڕوسیا دژ بە ئۆکرانیاو مەترسی و لێکەوتە جۆراوجۆرەکانی.
. پێداگری ئیسرائیل لەسەر دووبارە نەگەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێکەوتنە ئەتۆمیە چەند قۆڵیەکە لەگەڵ ئێران، بەتایبەتیش لە چوارچێوەی ڕێکەوتنە  کۆنەکەدا.
. کشانی ئابوریانەو ستراتیژانەی دوورمەودای چین بۆ ناوچەکە و ھەوڵدان بۆ پڕکردنەوەی بەشێکی بەرچاوی ئەو بۆشاییەی ئەمریکا  بەجێیھشتبوو.

لێرەشەوە ئەمەریکییەکان تێگەیشتن، خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بایەخی خۆی لەدەست نەداوە، ئەو بەشەی لەدەستیشی دابوو، دوای جەنگی ئۆکرانیا بۆی گەڕاوەتەوە.  لە ئێستاشدا پێگەیەکی بەھێزی ململانێیە لەگەڵ چین و ڕوسیاو ھاوپەیمانە ھەرێمایەتیەکانیان. دۆخەکەش تا ڕاددەیەك لە دوای جەنگی جیھانی دووەم و سەرھەڵدانی جەنگی سارد و دامەزراندنی بلۆکبەندییە جیھانییەکان و دابەشکردنی ناوچەکانی نفوز و دەستڕۆیشتوویی لە نێوان خۆرھەڵات و خۆرئاوا دەچێت. وەك ئەوەی جیھان لەبەردەم ژانێکی نوێی لەو شێوەدابێت. 

ھەر لەم چوارچێوەدا، ئەمریکا لە ڕێی نوێکردنەوەی ھاوپەیمانێتیەکانی و وازھێنان لە زمانی سوکایەتی و بێمنەتی نیشاندان بەرامبەر ھەندێکیان لە قۆناغی ڕابردوودا، دەیەوێت ناوچە تەقلیدییەکانی نفوزی خۆی و لەوانەش خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بەھێز بکاتەوە. دۆستەکانی دڵنیابکاتەوە، ھەوڵبدات لە ڕێی شکاندنی فۆرمە کۆنەکان و بلۆکبەندی و مەنزومەی کاری ھاوبەشی نوێوە، بە پێچەوانەی ڕابردووەوە لەسەر قاچی خۆیان بووەستن و ڕۆڵی ئەمریکا گرەنتیکردن و پشتیوانیکردن بێت نەك لەئەستۆگرتنی ئەرکی ڕاستەوخۆ، جگە لە ھەندێ کات و پرسی ناوازەدا، ئەمریکا ھەوڵدەدات لە ڕێی ئەم دووبارە ڕێکخستنەوو گەڕانەوە جیاوازە نوێیەی ھیچ بۆشاییەك بەجێنەھێڵێت ناحەزەکانی وەکو ڕوسیا و چین و ئێران پڕیبکەنەوە. بەتایبەتیش کە لە دوای جەنگ دژی ئۆکرانیاو ئابڵۆقە خستنەسەر وزەی ڕوسیاو ویستی ئەوروپا بۆ دەستبەرداربوونی غازی سروشتی ڕوسیا، جارێکی تر بە پێچەوانەی ھەڵسەنگاندنە کۆنەکان، وزەی کەنداو بایەخی خۆی پەیدا کردۆتەوە و لە ڕووی جیۆ سیاسی و ستراتیژیەوە دەبێتە چەقێکی ململانێ جیھانییەکە. 

ھەڵبەت پێناچێت ھاوپەیمانە عەرەبییەکانی لە ناوچەکادا، یەکسەر ھەموو ئەوەی ڕوویدا لەبیری بکەن و ئامادەبن لە ئێستادا دەستبەجێ دەستبەرداری پەیوەندییەکانیان لەگەڵ چین و ڕوسیا ببن و ئەمریکاش لە ئێستادا داخوازیەکی لەو جۆرەیان لێناکات.

خۆرھەڵاتی گەورەو نوێ و سیماکانی:

تاڕاددەیەکی زۆر ئەوەی لەئێستادا دەبینرێت  ئاماژەیە بەخۆرھەڵاتی ناوەڕاستی گەورەو نوێ کەچەندین سالەتیۆریزەی بۆ دەکرێت وزەمینەی بۆ ساز دەکرێت. کەتیایدا:

1- ئاسایکردنەوەی پەیوەندی ولاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل دەگات بەلووتکە.

2- مەسەلەکە تەنھا لەسنوری ئاساییبوونەوەدا ناوەستێت وسەردەکێشێت بۆ ھاوپەیمانێتی نێوان ھەردوو لاو یەکتر تەواو کردنی ئابووری وسیاسی وئەمنی وسەربازی بەگوێرەی نەخشیەکی  داڕێژراو.

3- قودس بەحوکـی ڕۆڵی خولگەیی ئیسرائیل لەدۆخە نوێکەو باڵادەستی ئابوری وسەربازی وتەکنەلۆژی ولۆبیە بەھێزەکەی لەخۆرئاواداو بەیەکگەیشتنی ھەرسێ ئاینە ئیبراھیمییەکە تیایدا،  بەکردەوە دەبێت سەنتەری خۆر ھەڵاتی نوێ،  ڕاگەیاندنی جاڕی قودسیش لەنێوان  ئەمریکاو ئیسرائیل، کەلە ڕاستیدا جاڕدانی: کۆتاییھاتنی دوژمنایەتی لەمێژینەی   نێوا  دەوڵەتانی عەرەب وئیسرائیل و شوێنگرتنەوەی تاران بۆ تەلئەبین و کۆتایھاتنی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستی کۆن بوو، ئاماژەبوو بەو ڕۆڵ وسەنتەربوونە.

بەکورتی ئەوەی دەبینرێت داڕشتنی مەنزومەیەکی نوێی سیاسی وئابووری وئەمنی ھەرێمایەتی نوێیە دژ بە بلوکە پێشبینی کراوە ڕاگەیەنراوەکەی نێوان چین وڕووسیاو  ئێران ھەندێ وڵاتی تر، لەسایەیدا بەشێکی گرنگ لەناوچەکە لەدۆخی دژبەیەکی وپەیوەندی ژێر بەژێری دەچێتە دۆخی   ھاوپەیمانێتی ئشکراو یەکتر تەواو کردنەوە.  لەپێناو سەرکەوتنی تەواوەتی نەخشە نوێکەش ئەمریکا گرەنتی کۆمەڵێ خاڵدەکات، لەوانەش:

1- دەرنەھێنانی سوپای پاسداران لەلیستی تیرۆری خۆیدا.
2- نەگەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنە ئەتۆمییەکە لەچوارچێوە کۆنەکەو دیدی ئێراندا.

3- جەختکردنەوەیەکی گەورە لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل  وپشتیوانیلێکردنی بۆ ئەوەی خۆی پێداویستیە ئاسایشییەکان وچۆنێتی ڕووبەڕوو بوونەوەیان دیاریبکات، کەبەکردنەوە دەستکردنەوەی ئیسرائیلە بۆ ھێرشکردنە سەر پڕۆژە ئەتۆمییەکەی ئێران.

4- گفتدان بەوەی کەلە سایەی ھیچ ھەل ومەرجێکدا ڕێگانادات  ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی، ئەگەر ئەمە بەکارھێنانی ھێزی سەربازیش بخوازێت.

5- ڕێگریکردن لەوەی ئەزموونی سەدام حسێن دژ بەکوێت دووبارە ببێتەوەو دەوڵەتێك بیەوێت لەڕێی ھێزی سەربازییەوە دەست بە سەر ئەوی تردا بگرێت. کە ئەوەش بەگرەنتی وبە دڵنیاکردنەوەو ھاندانێکی گەورەی وڵاتانی ناوچەکە دادەنرێت.

6- کارکردن بۆ خۆرھەڵاتناسێکی نوێی سەقامگیرو گەشەسەندوو یەکتر تەواو کەر، ئەوەش بەدیوەکەی تردا یەکسانە بە ھەوڵدان بۆ نینۆککردنی ئێران وفشارخستنە سەری لەپێناوگەڕانەوە بۆ نێو سنوورەکانی، ڕەنگە ئەوەش لیستێکی نوێی تیرۆرو ھەوڵی پاکتاوکردنی ھەندێ گروپی چەکدار ی ئیسلامیی لەسەر ئێران حسابکراوو سڕکردنی ھەندێ کێشەو بەڵێندانی بێناوەرۆك وسەپاندنی چارەسەر  بەسەریاندا ھاوشێوەی کێشەی فەلەستین ویەمەن وسوریا، بەدوای خۆیدا بھێنێت. بەحوکمی ئەوەی زەمینەی ئامادەیی کۆماری ئیسلامی ئێران لەناوچەکەو پەلھاویشتنی بەھێزو پاساودراو دەکات. عێراقیش لەم چوارچێوەداو بەشێوازێکی تر لەچوارچێوەی ئەم ستراتیژەدایە، کەلە بەستنەوەی بەئابوری و وزەی کارەبای ناوچەکەوە دەستپێدەکات بۆھەنگاوی تر. کەڕەنگە شێوازی ناتەقلیدی ھەوڵی گۆڕانکاری لێبکەوێتەوە.

بەگوێرەی ئەم پێدراوانەش،  ئەگەری ئەوە ھەیە،کەش وھەوایەکی ھاوشێوەی کەش وھەوای جەنگی سارد بەھەندێ تایبەتمەندی نوێوە، باڵ بەسەر ناوچەکدا بکێشێت بەوەش:

1- سەقامگیری وگەشەی ئابوری لەسەر حسابی دادپەروەری ببرێتە پێش.

ب- دیموکراسی لەناوچەکەدا پاشەکشەی زۆرتر بکات، لەڕیزی بایەخپێدانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا بخرێتە ڕیزی ئامانجە پاشخراوەکانەوە. ھەرلەم چوارچێوەدا ھەوڵی پاکتاوکردنی پاشماوەکانی بەھاری عەرەبی بدرێت.  ھەندێ پارت وڕێکخراو قەدە غە بکرێن.
 ج- فشاری زیاتر بخرێتە سەر ناسنامەی ئیسلامی ناوچەکە.

ئاستی سەرکەوتن وسەرنەکەوتنی ئەم نەخشەش بەندە بەچەندین ھۆکارەوە لەوانەش:

2-  جۆری پەرەسەندن لێکەوتەووبەرەنجامەکانی جەنگی  ڕووسیا دژ بەئۆکرانیا وململانێ جیھانییەکە لەسەر سیستمی جیھانی.

2- جۆر وئاستی کاردانەوەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران وھاوپەیمانەکانی وھەوڵدانیان بۆ شکستپێھێنانی نەخشەکە، بەتایبەتیش لەئەگەری ھەڵگیرساندنی جەنگدا.

3- ئاستی گەشەسەندنی ئابوری وڵاتانی ناوچەکەو دووچار بوون یان نەبوون بە قەیران و گەشەکردن و باشتر کردنی ژیان وگوزەرانی گەلان وھاوڵاتیانی ناوچەکە.

4- ئاستی ڕاستگۆیی لەچارەسەر کردنی کێشە مێژووییەکانی ناوچەکە لەپێش ھەمووشیانەوە فەلەستین.

5- ئاستی پەرەسەندنی کەلتوری کەرامەتپارێزی وھاوڵاتێتی ودیموکراسی وعەدالەتخوازی لەناو گەلانی ناوچەکەدا.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی