سه‌رۆککۆمارو گه‌ڕان به‌ دوای وه‌ڵامی لۆژیکیدا

لەتیف فاتیح فەرەج

10-07-2022

4402جار خوێندراوەتەوە


1
ژیان هه‌مووی عیبره‌ت وه‌رگرتنه‌ ، یانی چیرۆكی زۆر تازه‌ی سریلانكا هه‌قه‌ ببێته‌ عیبره‌ت بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌ پێیان وایه‌ ده‌بێت كورسی ده‌سه‌ڵات له‌ سه‌ر خۆیان تاپۆ بكه‌ن، ئه‌وه‌ سریلانكا نه‌یسه‌، ئه‌ی به‌ریتانیا، بۆریس جۆنسۆن كه‌ خۆی وادانابوو كورسیه‌كه‌ی بۆ ماوه‌یه‌كی زیاتر له‌ ژێردا بێت، به‌ڕه‌یان له‌ ژێر پێی راكێشاو هه‌ر رۆژه‌ش  باس له‌ سیناریۆیه‌كی ئه‌و قڵپبونه‌وه‌یه‌ ده‌كرێت.

لێره‌ چوار مناڵی هه‌ژاربه‌ به‌ردی بچوكه‌وه‌ چونه‌ به‌رده‌م كه‌چه‌ باره‌گایه‌ك گوله‌ نرا به‌ سه‌ر سینگ و سه‌ریانه‌وه‌، هه‌ر بۆئه‌وه‌ی ترس و تۆقاندن و هه‌تره‌ش بردن بڵاو بكه‌نه‌وه‌، له‌و لاشه‌وه‌ بكوژه‌كان خۆیان وه‌ك قوربانی نیشانده‌داو كوژراوه‌كانیان تۆمه‌تبارده‌كرد، له‌ سریلانكاش خه‌ڵك له‌ ناو كۆشكی بلوریندا گۆرانی بۆ سبه‌ینێی باشتر ده‌ڵێت، هیوادارم سبه‌ینێی سریلانكێكان به‌ دڵی خۆیان بێت.

2
شه‌ڕی پارتی و یه‌كێتی له‌ سه‌ر كورسی سه‌رۆككۆمار گه‌یشتوه‌ته‌ شوێنێك ته‌نانه‌ت قه‌یس خه‌زعه‌لی و عه‌مار حه‌كیم و خه‌ڵكی تریش خه‌ریكه‌ هۆكاری دروستنه‌كردنی حكومه‌ت ده‌ده‌ن به‌ سه‌ر كورداو كوردیش سواری سه‌ری شه‌یتان بووه‌، خه‌زعه‌لی و حه‌كیم هه‌ر یه‌كه‌و به‌ جۆرێك باسیان له‌ ململانێكانی كورد له‌ سه‌ر پۆستی سه‌رۆككۆمار كرد ، پارتیش ده‌ڵێن ئێمه‌ رێبه‌ر نوێنه‌رمانه‌.

پارتی له‌ لایه‌كه‌وه‌ ئه‌و پۆسته‌ به‌ته‌شریفاتی سه‌یر ده‌كه‌ن و له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ بیانویان ئه‌وه‌یه‌ ده‌ڵێن سه‌رۆككۆماری ئێستا چی كردوه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆیان به‌ ته‌مابن له‌ رێی ئه‌و پۆسته‌وه‌ عیراق و كوردستان بكه‌ن به‌ شامی شه‌ریف، یان بڕیاری سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بده‌ن، پارتی كه‌ سورن له‌ سه‌ر ئه‌و پۆسته‌ هیچ وه‌ڵامێكی اۆژیكیان پێنیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بۆ ده‌یانه‌وێت نوێنه‌ره‌كه‌ی یه‌كێتی نه‌بێت و بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان بێت،له‌ كاتێكا له‌ ناو خۆیشیاندا ھاوڕانین له‌ سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌و پێكه‌وه‌ بوونی دكتۆر به‌رهه‌م و نێچیرڤان بارزانی له‌ سلێمانی ئاماژه‌یه‌كی بچوكی ئه‌و ناكۆكیه‌ نیشانده‌دات ، ئێ‌ پارتی بێ‌ هۆ نایانه‌وێت به‌رهه‌م ساڵح بێت.

3
پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌موو جومگه‌ هه‌ستیاره‌كانی ده‌سه‌ڵاتی به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌و خۆی بڕیار به‌ ده‌ستی یه‌كه‌مه‌، ته‌نانه‌ت پارله‌مانیشی خستوه‌ته‌ بارو دۆخێكه‌وه‌ كه‌ دایكم وتنه‌نی گاورو جوله‌كه‌ش به‌ زه‌یی به‌ حاڵیاندا دێته‌وه‌، چونكه‌ ئیتر ئه‌و له‌ پارله‌مان چی بوێت به‌ زۆرینه‌ ده‌یباته‌ سه‌رو پێشتریش هه‌ندێكیان ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌یان ده‌كرد، له‌ كاتێكا هه‌موو ده‌زانین رێژه‌ی ده‌نگده‌ر چه‌ند بوو.

پارتی له‌و عیراقه‌شدا كه‌ لافیته‌ی بای بای له‌ قه‌د قه‌ڵای هه‌ولێر بۆ هه‌ڵواسیبوو، نایه‌وێت ئه‌و هاوپه‌یمانه‌ی كه‌ له‌ دوای شه‌ڕی ناوخۆ قوربانی نه‌ما بۆی نه‌دا نوێنه‌ره‌كه‌ی ببێته‌ سه‌ركۆمار، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر بۆی بكرێت، ئه‌وه‌ی سه‌یره‌ له‌ هه‌ندێك كه‌س گوێبیستی  ئه‌وه‌ ده‌بیت، ده‌ڵێن با یه‌كێتی به‌ربژێره‌كه‌ی بگۆڕێت، له‌ كاتێكا ئه‌م داوایه‌ له‌ گه‌ڵ لۆژیك و له‌ گه‌ڵ ئه‌و بارو دۆخه‌ی ئێستا یه‌كێتی تێدایه‌ نایه‌ته‌وه‌و هه‌وڵدان بۆ گۆڕینی به‌ربژێر، جگه‌ له‌وه‌ی وه‌ك ده‌ستوه‌ردان وایه‌ له‌ ناوخۆی ئه‌و حزبه‌ ، هه‌وڵێكیشه‌ بۆ شێواندنی دۆخی ناوخۆی حزبه‌كه‌ ، وه‌ك چۆن پێشتر هانی چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌ك و لایه‌نگری یه‌كێتی درا بوو بۆ خۆ كاندید كردن و چوونه‌ كێبڕكێی ئه‌و پۆسته‌وه‌.

4
موقته‌دا سه‌در ئه‌گه‌ر هه‌ینی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ش به‌ڕێ‌ بخات به‌ دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌ ململانێی نێو ماڵی شیعه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران و جێهێشتنی بۆ ئه‌وانی تر هه‌رچی پاش ئه‌وه‌ ڕووبدات، هێشتا ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكی لۆژیكیه‌و مرۆڤ ده‌توانێ‌ هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌ سه‌ر بكات، بۆ پارتی ئه‌مه‌ بۆ هاوپه‌یمانه‌كه‌ی ناكات ئه‌مه‌یان پێویسته‌  سه‌رۆكی پارتی وه‌ڵام بداته‌وه‌، هه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ی له‌ دوای 1998ه‌وه‌ سه‌دان جار ده‌ستی خسته‌ نێو ده‌ستی مام جه‌لاله‌وه‌و یه‌كتریان له‌ ئامێز گرت .


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی