کایەکانی پەروەردە

حسێن مەحمود

4-07-2022

5604جار خوێندراوەتەوە


ماوەیەکە لەناوەندە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کۆنفرانس و کۆبونەوە گشتی و تایبەتیەکاندا وشەی پەروەردەمان زۆر بەرگوێ دەکەوێ ، بەجۆرێک وەک چارەسەرێکی سحری سەیر دەکرێ بۆ کۆی کێشەکانی کۆمەڵگای کوردی ، واپیشان دەدرێ کەلەڕێگای ئەم کەرتەوە دەگەین بەدوا پلەی بەختەوەری و خۆشنودی ، دەگەین بەچارەسەری تەواوی گرفت و کێشەکان . ئەوەی جێی تێڕامان و هەڵوەستە کردنە پەروەردە قەتیس دەکرێ لەچواچێوەیەکی زۆر دیاری کراو ئەویش کەرتی خوێندنە بەشێوەیەکی گشتی کەباخچەی ساوایان دەگرێتەوە تا دەگات بە زانکۆ . ئەم دیدە خوێندن یەکسان دەکات بە گۆڕانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری ، واتا خوێندن پەرجویەکە بۆ دەربازبون لەقەیران  ، لەکاتێکدا خوێندن بەشێکی پەروەردەیە نەک کۆی پەروەردە وەک سیستەم .پەروەردە تەنیا بریتی نیە لە مامۆستاو پڕۆگرام ، قوتابخانەو خوێندنگاو زانکۆ ، وایتبۆرد و سمارتبۆرد ، بەڵکو چەند ڕەهەندێکی تریش بەشدارن لەکایەی پەروەردەدا کەبەبڕوای من بریتین لەهەریەک لەمانە.

یەکەم خێزان :
خێزان ڕۆڵێکی ڕایکاڵ دەبینێ لە پەروەرەکردن وئامادەکردنی تاک بۆناو کۆمەڵگا ، خێزان وەک یەکەیەکی کۆمەڵایەتی دەستنیشانی بەهاو نۆرمەکۆمەڵایەتیەکان دەکات ، وشیاری خێزان زۆر گرینگە لەم بوارەدا.

دوەم حزب : 
یەکێک لەکایە گرینگەکانی پەروەردە لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بریتیە لەحزب ، لێرەدا حزب یاریکەرێکی سەرەکیە لەئاراستەکردن و بارهێنان وپەروەردەکردنی مرۆڤ . لەکۆمەڵگایەکدا کەحزب بڕیاردەرو قسەکەری سەرەکی بێت لەناوەندی سیاسی و بەڕێوەبردن و دەسەڵاتدا ، کەواتا ڕۆڵی سێنتڕاڵ و میحوەری هەیە لە پەروەردەکردن و لەدروستکردنی بەهاو نۆرمی جیاواز لەناو کۆمەڵگادا .حزب وەک بەشێک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی ڕۆڵی هەیە لە دەستنیشانکردن و دیاریکردنی بەهای کۆمەڵایەتی و سیستەمی پەروەردەیی و ئەخلاقی ، حزب مامۆستایەکی سیاسی یە مرۆڤ پەروەردە دەکات و دەستنیشانی هێڵەگشتیەکانی ژیان دەکات ، هەربۆیە ڕۆڵێکی گرینگ و جەوهەری هەیە لەم بوارەدا. بەکورتی حزب شانۆیەکە بۆ نمایشکردنی هێز و توانا.

سێیەم مزگەوت:
مزگەوت وەک یەکەیەکی کۆمەڵایەتی ڕۆڵێکی بەرچاوو گرینگی هەیە لەچۆنیەتی پەروەردەکردنی مرۆڤ ، لەداڕشتن و ڕەنگڕێژکردنی بیرکردنەوەی مرۆڤ ، مزگەوت پانتایی و ڕوبەرێکە بۆ دەسکاریکردنی هۆشیاری مرۆڤ ، بۆ مۆبێلیزەکردنی ئینسان بۆئەوەی چی بکات وچی نەکات ، کەئەمەش کڕۆکی پەروەردەیە . بەم پێیە پەروەردە بونێکی فرەڕەهەندو فرەئاستە وکورتناکرێتەوە بۆ تەنیا یەک بوار کەبواری خوێندن و فێرکردن بێت.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی