پۆرترەیتەکەی مەسرور بارزانی

سلێمان عەبدوڵا یونس

4-07-2022

12183جار خوێندراوەتەوە


لەکۆبونەوەی سەرۆک وەزیران میدیاکاراندا جارێکی دیکە ئەوە ڕونبۆوە کە ھێشتا میدیای کوردی نەگەیشتوەتە ئەو ئاستەی کەدەسەڵاتی پیشەیی و ڕۆژنامەوانی خۆی بەسروشتی بەرجەستە بکات، دەرکەوت ھێشتا میدیا لەناو دابەشبونێکی دوجەمسەری ناپیشەیدایە و وێڕای تەمەنێک کەچی دیسان لەبازنەی ئەکتێکی سیاسی دوڕەنگ تێپەڕی نەکردوە.

لەبەردەم سەرۆک وەزیراندا میدیاکاران دەریانخست لە جەمسەرێکیانەوە ھێشتا کردەی بەرجەستەی ئەوان بەرگریکردن یان ستایشی دەسەڵاتدارانە و لە جەمسەرەکەی دیکەشیانەوە پێچەوانەکەیەتی، کە سەرچاوەکەی لە باشترین حاڵەتدا دیدێکی بەرھەرڵستکارانەیە، ھەتا وەزیفەی چاودێریکردنێکی پیشەییانەی میدیاکارانە ئەمەش "بەمەرجێک" ئەگەر بەشێوەی ھاوسۆزی پێیەکمان بخەینە ناو ئەم جەمسەرەو دیوە پۆپۆلیستیەکەی فەرامۆش بکەین.

لەم کۆبونەوەیەدا ھەردو ئاراستەی میدیاکاران لەسەر ڕیتمی باو، جڵەوی سۆزی کۆمەڵگای دابەشبوی کوردستانیان بەشێوەیەکی زیرەکانە گرت و مینبەری سێھەم و ڕوانگەی پیشەیی و سەربەخۆی ناو ئەو کایە گرنگەیان خستە پەڕواێزەوە و لە سۆنگەی ھونەری بەکارھێنانی دەربڕینێکی پڕ لەختۆکەدانەوە لەنوێ ھوتافە کۆنەکەیان، لە دو مینبەری جیاوازەوە کێشایەوە، کە لانیکەم لە 2009 وە ئەم ھوتافکێشانە ڕەش و سپییە بەرجەستەیە، بەبێ ئەوە توانیبێتی بەشێوەیەکی کردەیی ھیچ لە ژیانی خەڵک و خراپی دۆخەکە و بونی شوناسە میدیاییەکەش بگۆڕێت.

بمانەوێت یان نەمانەوێت ئەوەی لەو مەشھەدە تازەیەدا بە جیاواز بینرا و بە پۆینتی باشیش براوەبو لەدیبەیتەکەدا سەرۆک وەزیران بو، چونکە ھەتا ئەو دیدارەش، ئەو  واناسرابو،  کە ڕوانگەیەکی ئەمنی ڕوت و ڕوخسارێکی توڕەتری ناو سیاسەتی بەرەی کۆنسێرڤەتیڤی پارت و ماڵباتێکی کوردستانە، بەڵام ئەوکاتەی ئەو وەک سەرۆک وەزیران، ھەوڵێدا لەڕێگەی گوێگرتنێکی پشودرێژانەوە ئەو وێنە کێشراوە نەرێنیەی خۆی ڕەتبکاتەوە و لەبەردەم میدیاکاران و ڕایگشتیدا پۆرترەیەتی خۆی بەدەستی خۆی بکێشێت و بڵێت ئەوەیان مەسرور بارزانییە، ئەوە لانیکەم لەو ساتەوە بەتەنیشت وێنە کۆنەکەوە، پۆرترەیتە خودکێشیەکەش وەک ئایدێنتیتیەکی ئەلتەرناتیڤ بەقازانجی ناوبانگی مەسرور بارزانی لەناو کایەکەدا بونی ھەیە لەکاتێکدا ڕەنگە نەوێنا ئەمنیە نەرێنیە تەقلیدیەکە و نە پۆرترێتە لیبڕاڵە خودکێشیەکەش، ھێشتا ھیچیان وێنەی ڕاستەقینەی ئەو کاراکتەرە بە نۆرم کۆسیرڤەتیڤە سیاسیە نەبن.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی