هەواڵی ئەمڕۆ

ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان و كه‌مته‌رخه‌می كورد

لەتیف فاتیح فەرەج

30-06-2022

4017جار خوێندراوەتەوە


ماده‌ی 140ی ده‌ستوری ده‌نگپێدراوی ساڵی 2005ی عیراق، به‌ هه‌موو ئه‌و كه‌م و كوڕیانه‌وه‌ی كه‌ تێیدایه‌ ده‌رچه‌و ده‌رفه‌ته‌ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی كوردستانین و ناونراون كێشه‌ له‌ سه‌ر، من كاتی خۆی له‌ سه‌ر كه‌م و كوڕی و درزو كه‌لێنه‌كانی ماده‌ی 140 م نووسیوه‌ بۆیه‌ نامه‌وێت لێره‌دا بگه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و كێشانه‌، به‌ڵام خودی ماده‌كه‌ كه‌ ده‌رهاویشته‌ی ماده‌ی 58ی ده‌ستوری كاتی، یان راستتر وایه‌ بڵێین  قۆناغی راگواستن بوو به‌ جۆرێكه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی نێوان قوربانی و سته‌مكار داڕێژرابێت له‌ قانونی ئیداره‌ی  ده‌وڵه‌تی عیراق 8-3-2004تایبه‌ت به‌ ئاسایكردنه‌وه‌ی بارو دۆخی كه‌ركوك ماده‌ی په‌نجاو هه‌شت له‌ سێ‌ بڕگه‌ی "ئه‌لف، بێ‌، جیم" پێكهاتبوو كۆی بڕگه‌كان هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سیاسه‌ته‌كان و بڕیاره‌كانی به‌عس ،ئاسایكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ و گێڕانه‌وه‌ی قه‌زاو ناحێ‌ و گونده‌ دابڕێنراوه‌كان و هه‌روه‌ها قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌و دواتر راپرسی و سه‌ر ژمێری، ناوه‌ڕۆكی ماده‌ی 58 به‌م جۆره‌ بوو دواتر هه‌مان ماده‌ی 58 له‌ ماده‌ی 140 ده‌ستوری هه‌میشه‌یی دانرایه‌وه‌و كاتیش بۆ جێبه‌جێكردنی دانرا كه‌ 31ی 12ی 2007بوو، ماده‌كه‌ جێبه‌جێنه‌كراو كوردیش نه‌یتوانی له‌ رێگه‌ی دادگای فیدراڵی و مافه‌ ده‌ستوریه‌كانیه‌وه‌ ئه‌و كاته‌ هه‌نگاوی ئاوه‌زیانه‌ بنات.

ئێستا كه‌ ئیدی پێویست ناكات بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ئه‌و باس و خواسه‌ی به‌رێ‌ ، ده‌بێت پرسیاری ئه‌وه‌ له‌ نوێنه‌رانی كورد له‌ به‌غداو حكومه‌تی هه‌رێم بكه‌ین، بۆچی نه‌یانتوانیوه‌ له‌ سه‌ر په‌كخستنی پرسی ماده‌ی 140 ، جێبه‌جێنه‌كردنی له‌ كاتی خۆیدا، كه‌مته‌رخه‌می مه‌حمود مه‌شهه‌دانی و پارله‌مانی عیراقی ئه‌و كاته‌ نه‌یانتوانی شكات لای دادگای فیدراڵی بكه‌ن، بۆچی له‌ دوای 2017ه‌وه‌ نه‌یانتوانیوه‌ له‌ سه‌ر ئه‌و هه‌موو پێشێلكایه‌ی ئیداره‌ی كه‌ركوك و پارێزگاره‌ عه‌ره‌به‌كه‌ی لای دادگای فیدراڵی پرسی ئه‌و سته‌م و نادادیانه‌ بجوڵێنن، داگیر كردنه‌وه‌ی زه‌ویه‌ كشتو كاڵه‌یه‌كان ، كێشه‌ی گونده‌كانی سنوری دوبزو داقوق و خورماتوو، كێشه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی زۆربه‌ی ئه‌و عه‌ره‌به‌ هاوردانه‌ی قه‌ره‌بووكراونه‌ته‌وه‌، ئاسانكاری بۆ پێدانی متفی نیشته‌ جێبوون به‌ عه‌ره‌ب و دروستكردنی كێشه‌ و رۆتینی زۆر بۆ كورد، ئه‌وانه‌ هه‌موو كێشه‌ن و هه‌ردوو حزبی به‌رپرسیاری كوردستانیش كه‌ بریتین له‌ پارتی و یه‌كێتی، نه‌یانتوانیوه‌ بچوكترین رێگری له‌و هه‌موو نادادیه‌ بكه‌ن .

به‌ گوێره‌ی ماده‌ی 140 كه‌ركوك چه‌ند مافی حكومه‌تی ناوه‌نده‌ تێیدا حاكم بێت ، له‌وه‌نده‌ زیاتریش مافی كورده‌، هه‌ر نا له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌قی ماده‌كه‌ وه‌ك وتمان له‌ نێوان سته‌مكارو سته‌ملێكراودا چاره‌سه‌ره‌كانی دیاری كراوه‌و ته‌واوی ماده‌كه‌ش بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سته‌م و نادادی رژێمی سه‌دام و به‌عسه‌ ده‌رهه‌ق یه‌ كورد و قوربانیه‌كانی تر، به‌ڵام كێشه‌ی دوو حزبی به‌رپرسیارله‌ كه‌ركوك ده‌ستگرتن به‌ سه‌ر بیره‌ نه‌وت و حزباندنی كۆمه‌ڵی كورده‌واری بوو ، جگه‌ له‌ داگیر كردنی زه‌وی و زاری ناوشارو كردنه‌وه‌ی مۆڵَ و بازاڕو ڤێللاو ته‌لارو به‌نزینخانه‌وكۆمپانیاو تادوای، ته‌نانه‌ت له‌ هه‌موو كاره‌ رۆشنبیری و په‌روه‌رده‌یی و میدیاییه‌كه‌ی سه‌ره‌تا به‌ره‌ به‌ره‌ كشانه‌وه‌و كه‌ركوكیان روتانه‌وه‌ له‌ هه‌موو جوانی و به‌هایه‌ك، بێ‌ ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌و پلان و به‌رنامه‌ی هاوبه‌ش و باشیان هه‌بێت بۆ داكۆكی له‌ كه‌ركوك و كه‌ركوكیه‌كان .

ئێستا كه‌ رۆژانه‌ لێره‌و له‌وێ‌ كورد نادادی به‌رانبه‌ر ده‌كرێت، هه‌زار كێشه‌و رۆتینی له‌ فه‌رمانگه‌كان بۆ دروست ده‌كرێت، رێژه‌ی فه‌رمانبه‌رانی له‌ زۆربه‌ی دام و ده‌زگاو فه‌رمانگه‌و ناوه‌نده‌ فه‌ڕمیه‌كان له‌ وانی تر كه‌متره‌ له‌ كاتێكا رێژه‌ی دانیشتوانی بێ‌ گێڕانه‌وه‌ی  قه‌زاو ناحێ‌ دابڕێنراوه‌كان كه‌ بریتین له‌ چوار قه‌زاو سیازده‌ ناحێ‌ و سه‌دان گوند نزیكه‌ی 750 گوند ده‌گرێته‌وه‌ زیاتره‌، نه‌نوێنه‌رانی كوردی كه‌ركوك له‌ پارله‌مان و حكومه‌تی عیراقی، نه‌حكومه‌تی هه‌رێم نه‌یانتوانیوه‌ بچوكترین هه‌نگاو بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بنه‌ن، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ پارتی و یه‌كێتی له‌ دوای راكردن و پشتكردنه‌ كه‌ركوكی 2017ه‌وه‌ به‌ هۆی دژایه‌تی یه‌كترو ململانێی ناجۆرانه‌ جگه‌ له‌ پۆستی پارێزگار ده‌یان پۆستی تریان له‌ ده‌ست داوه‌.

خه‌راپی مامه‌ڵه‌ی پارتی و یه‌كێتی و تاڵانچیه‌كانی زه‌وی و زار به‌ راده‌یه‌ك بوو ، له‌ دوای 2017وه‌ خه‌ڵك به‌ ئاشكرا بڵێت "رۆیشتن جه‌هه‌نه‌م" هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ كاردانه‌وه‌و ده‌رده‌ دڵ بوو ، ئێستا كه‌ كورد تا ئاستی سفر ده‌سه‌ڵاته‌كانی كه‌م كراوه‌ته‌وه‌، هه‌ر رۆژه‌و به‌ بیانویه‌ك كوردی كه‌ركوك ئازار ده‌درێت، له‌ كاتێكا كه‌ركوك  له‌ سه‌رده‌می به‌عسدا زۆرترین سزا دراوه‌و به‌عس وێڕای ته‌عریب هه‌میشه‌ ویستویه‌تی له‌ شاریشی بخات، وه‌ك چۆن ئێستاش هیچ سیمایه‌كی شاری بوونی پێوه‌ نه‌ماوه‌.

هه‌ڵبه‌ت له‌ ئێستادا لانی كه‌م كورد له‌ رێگه‌ی ئه‌و فه‌رمانگه‌یه‌وه‌ كه‌ بۆ ئه‌و ناوچانه‌ دایناوه‌ ده‌كرێت دۆسیه‌یه‌ك ئاماده‌ بكات بۆ دادگای فیدراڵی به‌ مه‌رجێك دۆسیه‌كه‌ هه‌موو ئه‌و سته‌م و پێشێلكاریانه‌ی تیا بێت كه‌ له‌ 2017به‌ دواوه‌و یان له‌وه‌ پێشیش كراوه‌، بۆ نمونه‌ له‌ 2003ه‌وه‌ تا هاتنی داعش زیاتر له‌ هه‌زار ماڵی كورد و چه‌ند ماڵێكی توركمان له‌ سنوری قه‌زای حه‌ویجه‌ به‌ زۆرو له‌ ژێر زه‌بری هه‌ڕه‌شه‌دا ده‌ركراون، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكا حكومه‌تی به‌عس به‌و هه‌موو سته‌مكاریه‌وه‌ هێشتا نه‌بووبووه‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ئه‌و ماڵانه‌.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی