ھەندێ بابەت لە دەرەوەی ھێزی ھەرێمدایە بۆ دەسکاریکردنی پرۆگرامی ناوچەکە، بابەتەکان روونن، وەک رەسمی سیاسەت لە دەرەوەی عێراق بۆ عێراق، وەک قوڵایی ھاوسەنگی ئیقلیمی بۆ چارەنووسی عێراق، ھەمیش ئابووری لە نێو قوڵایی ئاسایشی ناوچەکەدا، ھەڵەکردن لە خوێندنەوە بۆ ئەم پێشھاتانە یان تێنەگەیشتن لێی کارەسات دەخولقێنێ، کارەساتێک کە قەیرانی نوێ دێنێتە بەردەم پرۆسەی سیاسی لە ھەرێم و عێراقدا.
راشکاوانە قسە دەکەین، چارەنووسی ھەرێمی کوردستان پێویستی بە دوو خاڵە:
یەکەم، تێگەیشتن لە خولقێنەری قەیران.
دووەم، تێگەیشتن لە نەھێشتنی قەیران.
لە ھەردوو بارەکەدا ھەرێم دەبێ لەو یارییە خۆگونجاندنە تێبگات کە چی بۆ ئێمە دەبێتە ھۆی پارێزگاری لە ئابووری و سەقامگیری، چی دەبێتە ھۆی ئاڵۆزکردنی قەزیەی ئێمە کە لەم ماوەی رابردوو لە نێو ھاوکێشەی ئیقلیمی و عێراقیدا بە ئامانچ گیراوین.
ھێشتا بەشێک لە سیاسییەکان نەگەیشتوون بەو خاڵەی کە راشکاوانە بڵێن، قەیرانەکان لە ھەناوی ھەرێمدا لەدایک دەبن، چارەسەریشیان پرسێکی ناوخۆیە ئەگەر دەستێکی دەرەکیش ھەبێت، جۆرێکی دیکەی قەیران لە دەرەوەی ھەرێم دەنێردرێن، یاسای قەیرن وایە، ئەو قەیرانەی لە ناوخۆیی ھەیەو گەشە دەکات دەبێتە مەترسیەکی گەورە لەسەر سەقامگیری نێوخۆیی، چونکە بەشێک لەو قەیرانە ناوخۆیانەی ھەن زۆر مەترسیدارترن لەو قەیرانانەی لە دەرەوەی ھەرێمدا بۆ کورد چێنراون، ھێشتایش متمانە لەگەڵ یەکتر دروستنەبووە کە چۆن ئەم قەیرانانە دەشکێن، پێویستە شکاندنی قەیران بچێتە فەرھەنگی تەواوی حزبە سیاسییەکان، نەوەک حزبێک یان ھێزێک ببێتە بەشێک لە پرۆسەی خولقاندنی قەیران.
پێش ھەڵبژاردنی عێراق و دوای ھەڵبژاردنی عێراق، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ھۆشداری دا کە پرۆسەی سیاسی لە عێراق پێویستی بە راستکردنەوە ھەیە، پێشوەختە دەیزانی کۆمەڵێک قەیرانی چێنراو ھەن لە عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە ئەگەر دەرفەت نەدرێتە چارەسەری قەیرانەکان سەردەکێشن بۆ ئاڵۆزی سیاسی و ئابووری و کاریگەری دەخاتە سەر سەقامگیری ناوچەکە و لێکەوتەی نەرێنی لەسەر پرۆسەی سیاسی لە ھەرێم و عێراق دەبێت، لە بازنەی ئابوورییشەوە بە ئامانج گرتنی ژێرخانی ئابووری ھەرێم روودەدات، ئەگەر نەتوانرێ پێش بە رووداوەکان بگریت.
دوو جوڵەی خێرای سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:
١-کۆدەنگی لە پێناو کۆکردنەوەی ھێزی دیپلۆماسی و یاسایی ھەرێم بۆ دروستکردنی پاڵپشتی نێو دەوڵەتی لە ھەرێمێکی یەکگرتووی بەھێز.
٢-راگرتنی ھاوسەنگی ئیقلیمی و دەولی لەو پرۆگرامەی لە ناوچەکەدا لێکەوتەکانی درێژ دەبنەوە عێراق و ھەرێم.
لەم دوو خاڵەدا سەرۆک نێچیرڤان یوئێنی ھێنایە سەرھێڵ، ھەمیشە لە دەرەوەی یوئێنیشدا بۆ ئەم ھاوسەنگییە کاری کردووە لە پێناو بەھێزراگرتنی پێگەی ھەرێمی کوردستان.
لەم دۆخە ھەستیارەدا، وەڵامێک دەبێ بدۆزینەوە لەو پرسیارەی کە دەکرێت چارەنووسی ھەرێمی کوردستان چی لێدێت؟
ئەگەر ئەم دۆخە وەک فیلمێکی دیکۆمێنتاری دەرھێنەرێکی بۆ دابنێین و روودوەکان لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دوایی کە گرژییەکان دروستبوونە بخەینەوە بەرچاو؟ ئێمە پێویستە بگەڕێینەوە کام قۆناغ؟ لە کوێ ھەڵەمان کرد، لە کوێ پرۆسەکە راستەڕێ بوو؟ بۆچی دەبێ ئێستا بپرسین چارەنووسمان چی دەبێ؟
ئێستا رێک کاتی تێگەیشتنە لە ھاوکێشەیەکی ئابووری، کە نەخشەیەک ھەیە بۆ دابەشکردنی ئابووری لە ناوچەکە، لەم دابەشکردنە ئابوورییەدا ئێمە لە کوێی وزە داین، لە ھاوسەنگی ھێزدا لە کوێن؟ لە ھێزی دیپلۆماسیدا گەیشتین بە کوێ؟ چیمان لە بەغدا دەوێ؟ لە بەغدا چی بکەین؟ لەگەڵ تورکیا و ئێران چۆن مامەڵە بکەین، تا کوێ سیاسەتی ئێمە لەگەڵ ئەمەریکاو رووسیا لە ناوچەکەدا پۆینتێکی ھەیە، لەگەڵ ئەورووپا خاڵی ھاوبەشمان بە قەبارەی خۆمان چییە.
ئەگەر دەرھێنەرەی دیکۆمێنتارییەکە وەک گریمانە سویدی بێت، ئێستا دەیگوت زۆر ئاسانە و وەڵامی دەبوو کە لەکاتی ھەڵسەنگاندندا خشتەیەکی ئاسانیان ھەیە تەنیا بە کێشانی چەند ھێڵێک وەک ھێمای کۆ، دەتوانرێت ئەم ھەڵسەنگاندنە بکرێت، بە نمونە:
لەم ماوەیەی کە گرژییەکان ھەن پرۆسەکە بخەینە چوار خاڵ:
١-خاڵی ئەرێنی.
٢-خاڵی نەرێنی.
٣-خاڵی ھاوبەش.
٤-چی بکرێت؟
ھەریەک لە ئێمە دەتوانێ لەھەموو بوارەکاندا ئەنجامی دەستکەوێ کە ئایا ئێمە لە سیاسەتدا لە ئابوورییدا لە شێوازی مامەڵەدا لە ھاوسەنگی ھاوکێشەکانی ناوچەکەدا چی پێویستە ئەنجام بدەین.
ھەر خۆی ئامانجی ھەرێمی کوردستان نەخشەی شەڕ نییە لە ناوچەکە، بەڵکوو ھێزی ئێمە لە ئاشتی و ھاوسەنگی و سەقامگیری دایە، روونتر پڵێم رای گشتی چاوی لە جوڵەی سەرۆک نێچیرڤانە بۆ ئەوەی لەم ئەنجامەی کە لە داھاتوو بەدەستمان دەگات بتوانین لە گەشەکردنی پرۆسەکە نەوەستین
ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی