کۆمپانیاکان لە هەرێم بزنسی خۆیان دەکەن نەک تیجارەتی کوردایەتی

هۆشیار عه‌بدوڵا

25-06-2022

7601جار خوێندراوەتەوە


باسکردنی ئەوەی کۆمپانیاکان ئیرادەیان بەرزە و ورەیان بە ساروخ ناڕوخێ نەک هەر قسەیەکی سیاسی نیە بەڵکو قسەیەکی لۆژێکیش نیە.

کۆمپانیاکان بزنس و وەبەرهێنان دەکەن، ئەوەش ژینگەیەکی ئارامی دەوێ، کۆمپانیاکان ئامادە نین ژیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە لە هیچ کوێ، لەبەر هیچ کەس، کاتێكیش ئەمە بکەن رەنگە تەنها بە پاڵنەر و دەسکەوتی مادی زیاتر بیکەن، کە لە مەشیاندا عێراق ناگۆڕنەوە بە هەرێم.

خۆ ئەگەر پاڵنەرێکی سیاسیش هەبێت لە پشت کۆمپانیا گەورە فرە رەگەزەکانەوە دیسان دوای بریارەکەی دادگای فیدڕاڵی پشتیوانی عێراق دەکەن نەک لایەنی دۆڕاوی ئەو کەیسە، ئەگەر تا ماوەیەکیش بە دیار هەندێ بەرژەوەندییەوە ریسک و موجازەفە بکەن، ئەکید تاسەر نایکەن.

یەکێتی و پارتی لە ئێستادا تەنانەت ناتوانن سۆزی زۆرینەی خەڵکی کوردستان بە گوتاری قەومی و تیجارەتی کوردایەتی بۆ پرسی نەوت بجوڵێنن، جا نۆرەی کۆمپانیاکانە.

کۆمپانیاکان هەر لێرە نا لە هەموو جێگایەک بازرگانی و بزنس دەکەن، کە سیاسەتیش بکەن لایەنگری براوەن نەک دۆڕاو بۆ ئەوەی دیسان بەرژەوەندیان نەکەوێتە مەترسیەوە، ئەمە ئەلف و بێی دونیای سەرمایەدارییە کە دەبوو کاک قوباد بە ئەزمونی ساڵانی رابردووی ژیانی سیاسی و ئیداری خۆی بەتایبەتی لە ئەمریکا ئەمەی لە زۆر کەس باشتر بزانیایە.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی