پارتی و یەکێتی بۆ راستکردنەوەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق کەوتنە نێو دوو ھاوپەیمانێتی جوودا، بەڵام لە کۆتاییدا پرۆسەکە پێچەوانە بوویەوە، ھاوپەیمانەکەی پارتی پەرلەمانی جێھێشت، بەڵام چوارچێوەی ھەماھەنگی ماون کە ھاوپەیمانی یەکێتین، چوارچێوەی ھەماھەنگیش ئامادەکاری دەکەن بۆ ھاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتی، ھێشتا روون نییە کە سەدر نیەتی کۆتایی چییە، بەڵام دەمێکە لای سەرۆک نێچیرڤان بارزانی نیەتەکە روونە کە داوای لە یەکێتی و پارتی و ھێزە سیاسییەکانی دیکەی کوردستانە تەبابن و کۆدەنگ بن، ھەمان شت پلاسخارتیش وا دەڵێ، ھەمان شت بەرەی ھاوپەیمانانیش وا دەڵێن کە کۆدەنگ بین، چونکە خەتی پێشەوەی پارێزگاری لە دەسکەوتەکانی ھەرێم لەم کۆدەنگییەدا دەبێت.
ئەگەر کۆدەنگ نەبین راستەوخۆ دەمان خەنە نێو تۆمەتێکەوە کە ناتەبایی نێوماڵی شیعە دەخەنە ئەستۆی کورد و دەڵێن، ئاگری نێو ئاگردانی شیعە خۆشدەکەن.
سەدرییەکان بچنە سەرشەقام یان حکومەت، چوارچێوەی ھەماھەنگی ھەمان شت بۆ کورد گرینگ نییە، کورد دەبێ خۆی بژمێرێ لەسەر ئەم کۆدەنگیەی کە پێویستە دروستی بکات، نەوەک لەسەر ئەم لایەنەی کە ھێزێک رادەکێشێ لەسەر حسابی لایەکی تر، نابێ لەم گەمە ئیقلیمیەدا کورد ھاوسەنگی خۆی لە دەستبدات لە کاتێکدا پێشوەختە نەخشەی ھاوسەنگی بۆ عێراق دەولیەن کێشراوە.
سازشکردن لە ھەولێر بێت یان سلێمانی باشترە نەوەک لە بەغدا، ئەگەر پارتی و یەکێتی یەک بن، ئەوا کلیلی پبکھێنانی کابینەی نوێی عێراق دێتە ھەولێر، جا ئەگەر دۆخەکە بکوڵێت یان نا بۆ کورد ھیچ زیانێکی گەورەی نابێ.
لە دوای تێکچونی رەوشی بەغدا زۆر بە خێرایی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی راگەیاند و دووبارە داوای لە ھێزە سیاسییەکانی ھەرێم کرد تەبا بن، ئەگەر پارتی و یەکێتی لە سەرۆکایەتی ھەرێم کە دادەنیشن ربککەوتنێکی کۆنکرێتی بکەن، کورد بە وەرەقەی سەرکەوتوو لە ھاوکێشەکە دەردەچێت.
پارتی و یەکێتی ھەر کاتێک نەیانویستبێ لەسەر بابەتێکی پێوەندار بەخۆیان بدوێن، قەزیەکە خۆی ھەردووکیانی دواندووە، بێدەنگیش واتە جوڵەیەکی نوێی سیاسی ھەیە، لە نێو شەقامی عێراقیش کارتی جۆراو جۆر فڕێ دەدرێ و دەڵێن گۆڕانکاری نوێ ھەیە، بەڵام ئێمە دەبێ ھەموو شتێک بە گرینگ وەرگرین، ئەگەر وانە لە پەرتەوازەیی وەرنەگرین، بچوکترین رووداو بێتەوە نێو عێراق، لێکەوتەی دێتەوە نێو ھەرێم.
قەولێک ھەیە دەڵێ، سیاسەت جەنگێکی ساردە، جەنگیش سیاسەتێکی گەرمە؛ ئێستا حسابەکە ھەرچیەک بێت بۆ داھاتوو دەبێ کورد لە بەغدا روونتر قسەی ھەبێت چونکە:
-کورد دەمێکە لە ھونەری مانەوەدا ئەزموونی ھەیە، ناکرێت لە بەغدا فەرزی بەسەر بسەپێنرێت.
-لە شاخ تا شار چەندین رووداوی ناخۆش ھاتووەتە بەردەم کورد، ناکرێت لە ئێستا ئومێد لە دەستبدرێت.
-پێگەی جوگرافی و ئەم سەوابتە دەستوورییەی ھەرێم ھەیەتی گرینگە بخرێتە حساباتی داھاتوو.
-ئەگەر کورد یەکریز بێت رەقەمێکی سەنگینی ھاوکێشەکە دەبێت.
-لە ھونەری دانوستاندا کورد ئەزموونی وەرگرتووە و ئێستاش گرینگە بگەڕێنەوە سەر یەک بەرەی کوردستانی.
-کلیلەکە لە ھەرێمە ئەگەر دەرگای بەغدایش داخراو بێت.
لە کۆتاییدا کورد ئەگەر بە حساباتی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بجوڵێ، وەک ھێز و مەوقیعی جوگرافی و وەک ئەزموونیش دەتوانرێ بەسەر ھەموو مەحاڵێکدا باز بدرێت و سەرکەوین، چونکە ناکرێت لە بەغدا بکشێینەوە، پزیشکی ئەم قۆناغەیش سەرۆک نێچیرڤانە کە بتوانێ قەزیەی کوردی لەم ژوورەی ئینعاشە دەربێنێ و ئۆکسجین بەبەر سیەکانی کوردا بکاتەوە لە بەغدا و ناوچەکە، کە لە ھەموو لایەک چاڵێکی سیاسی ھەیە و شەڕێکی یاسایی قورسیشی لەگەڵە.
ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی