عێراق لە بەردەم ئەگەری داڕوخانێکی تردا.. کورد چی بکات؟

ئه‌بوبه‌كر عه‌لی‌

16-06-2022

5182جار خوێندراوەتەوە


لە دۆخێکی ئاڵۆزی وەکو عێراق و ھەرێمەکەدا، کورد دەبێت چی بکات بۆ ئەوەی ئەگەر دەستکەوتیشی نەبێت بە کەمترین زیان و باج لە دۆخەکە دە بچێت؟ بەداخەوە یەکەم کێشە لە کاتی وەڵامدانەوە بەم پرسیارە دێتە ڕێمان ئەوەیە، کورد لە ئێستادا وەك پێکھاتە لە بەغدا ئامادە نیە!  ئەوەش وایکردووە، بەسەر لێکردنەوەوە باسی کورد بکەین چونکە لەم ساتەدا لە دوو توێی کۆمەڵێ ھێزو فراکسیۆنی دابەشبوو پەرش و بڵاودا خۆی دەبینێتەوە، کە خاوەنی دیدگاو نەخشە ڕێگایەکی ھاوبەشی پێناسەکراو و سازان لەسەرکراو نین!

بەھەر حاڵ، گریمانەی ئەوە دەکەین لە سۆنگەی ھەڵوەشانەوەی ھاوپەیمانێتیە سێ قۆڵییەکە، کشانەوەی سەدر و گەورەبوونی ھەڕەشەو مەترسییەکان، کورد لە ئاستێکیشدا بێت دەتوانێت ببێتەوە بە کورد،.چونکە درێژەدانی بە دۆخی ئێستاو وەبەرھێنانی سیاسیکردن لە دۆخی دوای کشانەوەی سەدر دژ بە یەکتر، نیشانەی نالێپرسراوێتی سیاسیەو.ھێندەی تر دۆخەکەش بۆ ھەرێم وەك قەوارەو گەل و حکومەت، دژوارتر دەکات.

بە کورتی و بە گشتی، کورد دەبێت کات بەفیڕۆ نەدات و دەستوبرد بکاو کۆمەڵێ ھەنگاو و بژاردە تاوتوێ بکات و بڕیاریان لەبارەوە بدات، لەوانەش:

1- داننان بەوەی دوای کشانەوەی فراکسیۆنی سەد ردۆخێکی نوێ لە عێراقدا ھاتۆتە کایەوە، ئەوەش بیرکردنەوەو ھەڵسەنگاندن و بڕیاری ھاوبەش و نوێی پێویستە.

2- ھاتنە دەرەوەی پارتی و یەکێتی لەو بازنە داخراو و بنبەستە سیاسیەی، دابەشبوون بەسەر ھاوپەیمانیە جیاوازەکان لە قۆناغی ڕابردوودا ھێنابوونیەکایەوەو بووبوونە ڕێگر لەبەردەم دید و ھەڵوێست و تەنانەت لێکتێگەیشتنی ھاوبەشیش!

3- تاوتوێکردنی ھاوبەشی دۆخەکە لە نێوان سەرجەم لایەنە کوردی و کوردستانیەکاندا و دیاریکردنی ئەگەر و سیناریۆکان و چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ھەریەکێکیان.

4- پەلەنەکردن لە بڕیاردانی کۆتایی و ڕۆیشتنی ھەنگاو بەھەنگاو لەگەڵ گۆڕانکاریەکاندا، بە مەبەستی ڕوونبوونەوەی زیاتری ڕێسا تازەکانی گەمەی سیاسی و ھەڵوێستەکان و دەستنیشانکردنی سروشت و ئامرازی ململانێکان لە داھاتوودا.

5- تاوتوێکردنی درێژەدان بە ھاوپەیمانێتی پارتی و سووننەکان لەسەر کارنامەیەکی نوێ کە لایەنی کوردی؛واتە ھێزە کوردییەکانی تر ڕەزامەندبن لەسەری یاخود لانی کەم دژی نەبن. ئەوەش لەبەر ئەم خاڵانەی خوارەوە:

. پاراستنی ھاوسەنگی ھێز لەگەڵ حکومەتی بەغدا، بەحوکمی ئەوەی ڕابردوو سەلماندویەتی لاوازی یەکێ لە دوو پێکھاتەی کورد و سووننە، لاوازی ئەوی تریانە.
. خۆبەدوور گرتن لەوەی سووننە بکرێنە کارتی فشار بەسەر کوردەوە.
. ئاسانتر لێکتێگەیشتن لەگەڵیان دەربارەی ھەندێ پرسی چارەسەرنەکراو لە داھاتوودا کە ئەوان بە حوکمی خاك و دراوسێیەتی تیایاندا پەیوەندیدارن.
. سوودبینین لە پەیوەندی ھەرێمایەتیەکانی سووننەکان کە لانی کەمی دووربوونە لە زیانی ھەندێکیان و تەماح نانە بەریانە بۆ داھاتوو.

. فشارێکی ڕاستەقینە دەبێت بەسەر حکومەتی داھاتووەوە، لە ئەگەری پێکھێنانیدا. دەکرێت دەرگای بۆ ھێزی تریش کراوە بێت.
ھەڵبەت ھاوپەیمانێتیەکی لەم جۆرە نابێت دژی ئێران بێت، کاتێك سەدریش بەشێك نابێت لێی ئەو مۆرکەی کاڵتر دەبێتەوە. بەڵام لە ھەموو حاڵەتێکدا دەبێت ئەو سوودەی ھەبێت لایەنی ئێرانی وەك لایەنی خاوەن دید و بەرژەوەندی نەك بابەت بۆ سیاسەت لەسەرکردن سەیریان بکات و مامەڵەیان لەگەڵدا بکات.

6- یەکێتیش بتوانێت لە ھەندێ دۆخدا لە چوارچێوەی ڕۆڵ دابەشکردنێکی نوێی لایەنی کوردی و بوونی ستراتیژێکی ھاوبەش، درێژە بە ھەندێ ھاوپەیمانیی تەکتیکی بدات.

7- لە ئەگەری پێکھێنانی حکومەتدا کە ژانی لە دایکبوونی ئاسان نابێت، کورد ستراتیژێکی ھاوبەشی دووسەرە بگرێتە پێش، واتە لەیەککاتدا بەشداربێت و بەشداریش نەبێت، بە مانای ھەڵبژاردنی دۆخی سێھەم و خۆڵەمێشی نە بەشداری و نە ئۆپۆزیسیۆن. ئەویش لە ڕێی بەشداریکردن لە پێکھێنانی دەسەڵاتی ڕاپەڕاندن لەسەر ئاستی سەرۆک کۆمار و بەشداری نەکردن لە حکومەتدا، لەگەڵ دەنگپێدانی بە مەرج، واتە گونجاندنی داواکاریەکان لە کارنەمەکەیدا. بۆ ئەمەش نابێت بە عەقڵیەتی پێشوو بیر لە سەرۆک کۆمار بکرێتەوە. چونکە چاوەڕوانی چوارچێوەکان گۆڕانیان بەسەردا ھاتووە. ھەر بۆیە نابێت مەسەلەی سەرۆک کۆمار بکرێتە کێشە، بەتایبەتیش وا باشە پارتی ستراتیژیتر ھاوکێشەکان بخوێنێتەوەو لەگەڵ یەکیەتی نەیکات بە کێشە، دەکرێت بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆک کۆمار لە لاکەی تر بێت. لە چوارچێوەی ڕێکەوتنێکیش لەسەر نەخشە ڕێگایەك بۆ مامەڵکردن لەگەڵ دۆخە نوێکەو تێپەڕاندنی، بڕوانرێتە پۆستەکە نەك دەستکەوتی حیزبی یاخود قسەی خۆ بردنە سەر.ھەر لەم چوارچێوەدا سوننەکانیش قایل بکرێن سووننەکانیش بەشداری حکومەتی نوێ نەکەن، ئەگەر درێژە بەحکومەتی ئێستاش درا بە ئەجێندای نوێوە، قسەی تری دەوێت. لەھەموو حاڵەتێکدا دەبێت واسەیری حکومەت بکرێت لەھەندێ ڕوەوە ڕۆڵی حکومەتی لەناکاوو قۆناغیێکی پێناسەنەکراوی ڕانەگەیەنراو نزیکە.

8- حسابکردن بۆ ئەگەری ھەڵوەشاندنەوەی پەڕلەمان و قورسی و زەحمەتبوونی ھەڵبژاردنێکی تر و درێژەدانێکی قورستر بە دۆخی ئێستاو ئەگەری لە ژێر کۆنتڕۆڵدەرچوونی دۆخەکەو ھەوڵدان بۆ ڕووخاندنی سیستەم و گۆڕانی دەستوور و دەستوەردان و داگیرکاریەکی زیاترو زەقتری دراوسێ بەھێزەکان و گەورەبوونی بازنەی ململانێکانی ئێران-ئیسرائیل، کە ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی بەسەر دۆخی عێراق و ناوچەکەوە دەبێت.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی