سه‌ربڕه‌كه‌ به‌رمه‌ده‌ن

لەتیف فاتیح فەرەج

14-06-2022

5966جار خوێندراوەتەوە


له‌ ماوه‌ی رابردودا یه‌كێك له‌ جه‌لاده‌كانی داعش له‌ باشوری كه‌ركوك  گیراوه‌ ، ئه‌و جه‌لاده‌ خۆی دانی ناوه‌ به‌وه‌دا كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری پێشمه‌رگه‌ی دیلی سه‌ر بڕیوه‌ ، بۆ ئه‌وه‌ی بیانووش بۆ ئه‌و تاوانه‌ قێزه‌ون و نامرۆڤایه‌تی و نائاكاریه‌ بێنێته‌وه‌ ، ده‌ڵێت پێشمه‌رگه‌ برایه‌كیان كوشتوم ، یه‌كێك له‌ كێشه‌كانی مرۆڤی عیراقی به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانه‌وه‌ ، هه‌میشه‌ بۆ خیانه‌ت ، كوشتن ، نامه‌ردی و ناپیاوی به‌ دوای بیانودا ده‌گه‌ڕێت ، كابرا خیانه‌ت له‌ هاوژینه‌كه‌ی ده‌كات ، بیانوی ئه‌وه‌ دێنێته‌وه‌ هاوژینه‌كه‌ی سارده‌ له‌ گه‌ڵیدا ، نیشتمان ده‌فرۆشێ‌ بیانوی ئه‌وه‌ دێنێته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ نیشتمان په‌روه‌ریه‌ ، سه‌نگه‌رو سینی ده‌گۆڕێ‌ و خۆی ده‌فرۆشێت ، كه‌چی ده‌ڵێت چووه‌ته‌ ئه‌و شوێنه‌ی ده‌بوو پێشتر لێی بێت .

سه‌ری ده‌یان پێشمه‌رگه‌ی بڕیوه‌ به‌ شانازیه‌وه‌ باسی ده‌كات ،ئه‌م بكوژو جه‌لاده‌ دوای كوشتنی ئامۆزایه‌كی خۆی ده‌ستگیر ده‌كرێت ، به‌ڵام دان به‌و هه‌موو تاوانه‌دا ده‌نێت كه‌ كردوویه‌تی ، هه‌ڵبه‌ت ئامۆزاكه‌شی له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ كوشتوه‌ گوایه‌ له‌ كه‌ركوك و دوبز هاوكاری پێشمه‌رگه‌ی كردووه‌، هه‌ر ئه‌وه‌نا ته‌نانه‌ت ویستویه‌تی مامێكی خۆیشی سه‌بڕێت  گوایه‌ ساتری بۆ پێشمه‌رگه‌ كردووه‌ له‌ كاتی شه‌ڕی داعشدا ، ئه‌م بكوژه‌ براكه‌ی كه‌ له‌ شه‌ڕی پێشمه‌رگه‌دا كوژراوه‌ ، سه‌ر به‌ كه‌تیبه‌یه‌كی خۆ كوژی بووه‌ ، یه‌كێك له‌ برای پێشمه‌رگه‌ شه‌هیده‌كان ئه‌و جه‌لاده‌ی بینیوه‌و قسه‌شی له‌ گه‌ڵ كردووه‌ ، نیگه‌رانی راستی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م دۆسیه‌ مرۆییه‌ زۆر به‌ سانای بشاردرێته‌وه‌و  دیزه‌ به‌ ده‌رخۆنه‌ بكرێت ، ئه‌م نیگه‌رانیه‌ش له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ پێشتر ده‌یان دۆسیه‌ی مه‌ترسیدار داخراوه‌و كۆتای پێهاتووه‌ .

دانپیانانی ئه‌م سه‌ربڕه‌ هاوزه‌مانه‌ له‌ گه‌ڵ نیشاندانی گرته‌یه‌كی كوشت و بڕه‌كه‌ی سپایكه‌ردا كه‌ جه‌لاده‌كان به‌ ناوی خوداو پێغه‌مبه‌رو ئاینی ئیسلامه‌وه‌ هاوزمانه‌كانی خۆیان زۆر به‌ نامرۆڤانه‌ ده‌كوژن و وه‌ك ئه‌وه‌ش نیشانی ده‌ده‌ن كه‌ چێژله‌و كوشتنه‌ ببینن ، من كه‌ نه‌متوانی سه‌یری ته‌واوی دیمه‌نه‌كان بكه‌م وتم یان ده‌بێت ئه‌مه‌ ئیسلام بێت و ئێمه‌ و باو باپیری ئێمه‌ لێی تێنه‌گه‌یشتبن ، یان ئه‌وه‌ی ئێمه‌ راسته‌و ئه‌مه‌ دروستكراوه‌ ، له‌ هه‌ردوو باردا دنیای ئیسلام و ئاینی ئیسلام پێویستی به‌ پیاچوونه‌وه‌و هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ چونكه‌ گۆرانی مه‌زن وته‌نی " له‌ یه‌ك سه‌رچاوه‌ دوو قه‌تره‌ یه‌كێ‌ لێڵه‌ یه‌كێ‌ روونه‌ " كه‌سه‌یری دیمه‌نه‌كانی سپایكه‌رو شێوازی كوشتنی قوربانیه‌كان و ره‌نگی په‌ڕیووی ئه‌وان ده‌كه‌یت ، ده‌ڵێی خودایه‌ ئه‌مه‌ هه‌مووی به‌ ناوی تۆوه‌ ده‌كرێت و تۆش نزیكه‌ی پازده‌ سه‌ده‌یه‌ به‌ بێده‌نگی و بێئه‌وه‌ی وشه‌یه‌كی نوێ‌ بڵێی ته‌ماشا ده‌كه‌یت ، ئاخر ئه‌وانه‌ی به‌و جۆره‌ كوشت و بڕ ده‌كرێن ، هه‌ر ئه‌و مرۆڤانه‌ی تۆن ، كه‌ ده‌شێت چه‌ند چركه‌یه‌ به‌ر له‌ كوشتنه‌كه‌یان په‌نایان بۆ تۆ هێنابێت ، تۆ بڵێی ئه‌و پێشمه‌رگه‌ دیلانه‌ی كورد له‌ چركه‌ ساتی كوشتنه‌كه‌یاندا چیان به‌ خودای خۆیان گوتبێت ، چونكه‌ زۆرێك له‌ پێشمه‌رگه‌كان نوێژیشیان ده‌كردو رۆژوشیان ده‌گرت .


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی