عێراق ..سوڕانەوە لە بازنەیەکی داخراودا؟

ئه‌بوبه‌كر عه‌لی‌

13-06-2022

5824جار خوێندراوەتەوە


لە زۆر جارو بۆنەی جۆراوجۆرداو لەوانەش, لە دوای ھەڵبژاردنە پەڕلەمانیەکەی ساڵی ڕابردوودا، ئاماژەمان بەوە کردووە کە عێراق:

.  لە بەردەم چارە نووس و ئاییندەیەکی نادیاردایە.
.  بە واتای وشە خەسڵەتی دەوڵەتی تێدا نیەو تەنھا قەوارەیەکی نێو دەوڵەتیە.
.  چاکسازیکردن تیایدا زۆر قورسەو ھەل و مەرجی گۆڕانیش لە ڕێی ڕاپەرین و شۆرشەوەی تێدا نیە، لە سۆنگەی لە باربردنیەوە لە ڕێگەی گۆڕینی بۆ شەڕی ناوخۆ.
. لە بنبەستی سیاسیدا دەژیت، واتە نوخبەی حومرانی دوای٢٠٠٣ چارەسەری قەیرانەکانی پێنەماوەو جێگرەوەش نیە، یاخود ناھێڵرێت ببێت.
. دەستێوەردانە ھەرێمایەتیەکان چارەسەرەکانی ئاڵۆزتر کردووەو لە پرسێکی عێراقی ڕووت دەریکردوون و ڕەھەندێکی ئاڵۆزو نوێی پێداون.

ئەوەی ئێستاش لە بەغداو پەڕلەمانی عێراق ڕوودەدات، خولانەوەیەکی بێ ئاسۆیە لەناو ھەمان بازنەو خچوارچێوەدا. جارێکی تریش دەریدەخات ئەوەی لە عێراقدا بە چارەسەر ناودەبرێت، لەوانەش ھەڵبژاردن، لە سایەی لاوازی ژێرخانی دیموکراسی و دەسەڵاتی میلیشاو گەندەڵی و دەستێوەردانی دەرەکیدا، دەبێتەوە بەسەرچاوەی کێشەو قەیران!

ھەوڵەکان بۆ گۆڕینی جوزئی فەزاکەش لەناو خودی بازنە حوکمڕانەکەدا، کە ھاوپەیمانیە سێ قۆڵیەکە نوێنەرایەتی دەکرد ڕوو بەڕووی بەربەستی گەورە بۆتەوە. ئێستاش ھەروەك چۆن بنبەست و داخرانە سیاسیەکەی چەند مانگی ڕابردوو کێشە بوو، پێکھێنانی حکومەتیش بێ سەدر، کێشەیەکی ترە، ڕەنگە تەنھا ھەندێك لە جۆری کێشەکان گۆڕانکاریان بەسەردا بێت. درێژەدان بەدۆخی ئێستاش دیسانەوە کێشەو قەیران بەڕێکردنە. 

ھەڵوەشانەوەی پەڕلەمان و ھەڵبژاردنی پێش وەختەش،  بژاردەیەکی تاقیکراوەیە، ھەروەك پێشتر چارەسەر نەبوو، پێناچێت ئێستاش چارەسەر بێت، بەڵکو خۆدانە بە دەست شەپۆل و چارەنوسێکی نادیارەوە. ئەگەریش ھەیە قەیرانەکان قوڵتر بکاتەوەو کۆی سیستم و پرۆسە سیاسیەکە لە ھەندێك حاڵەتدا لە دۆخی داڕووخان نزیک بکاتەوە چونکە ھێندەی بژاردەیەکی ناچاری و دڵبەندیە بە،بەڵکو و حسابکردن بۆ بەختی سیاسی ھێندە ئاماژە نیە بە بیرکردنەوەیەکی عەقڵانی عەقڵی عەمەلی سەرکردەکان و وچارەسەرکردنی کێشەیە بە کێشە!. 

کاتێك ھەڵبژاردن وەك میکانیزمێکی دیموکراسی، لە سایەی نەبوونی دام و دەزگای بەھێزی نیشتیمانی وناسنامەیەکی یەکگرتوو کۆکەرەوەو مەرجەعیەتی دەستوردا، لەدۆخی ئاساییدا نەتوانێ کێشەی دەسەڵات چارەسەربکات و تەنھا شەرعییەتی گەندەڵیکردن و بەغەنیمەت سەیرکردنی دەسەڵات و مامەڵە لەگەڵکردنی تازەبکاتەوە، دەبێت لە سەروبەندی قەیرانێکی وەکو ئێستا داچی پێبکرێت کە بەرھەمی شکستی گرەوکردنە لەسەر ھەڵبژاردنی پێشوەخت بۆ دەرچوون لە بنبەستە سیاسیە خنکێنەرەکەی پێشوو؟ لێرەشەوە وڵاتەکە زۆرتر بە کردەوە دەچێتە دۆخی لەناکاوەوە. پاشماوەی ڕێساکانی گەمە سیاسیەکە لاوازتر دەبن، کە ئەویش یەکسانە بە ئەگەری بەرپابوونی ئاشوب و فەوزایەکی زۆرتر. 

لە ڕوویەکی ترەوە حکومەت لە دەرەوەی سەدرەوە پێکیشبێت، ئاسان بەڕێوە ناچێت. لافی چوارچێوەی ھەماھەنگیش بەتاڵدەبێتەوە، کەپێی دادەگرت لەسەرئەوەی دەبێت گەورەترین فراکسیۆن لە پێکھاتەی شیعە بێت، چونکە ناچار دەبێت بە ھاوپەیمانی یاخود لێکتێگەیشتن و سازان لەگەڵ کوردو سوننە. گەر بشیەوێت بۆ گۆڕینی یاسای ھەڵبژاردن و پێکھاتەی کۆمیسیۆن سوود لە دیار نەبوونی فراکسۆنی سەدر ببینێت، ئاسان نیە، چونکە ڕازیکردنی پارتی و سوننەکانی دەوێت، ھەروەھا گێرانەوەی دۆخەکەیە بۆ پێش راپەڕینی تشرین ئەوەش دەرکەوتەی خۆی دەبێت.

سەدریش بەم ھەنگاوەی گەر ھەر بەم جۆرە بڕوات، خۆی خستە دەرەوەی پرۆسە سیاسیەکەو لێپرسراوێتی لە ئەستۆی خۆی کردەوەو ڕایگەیاند لێپرسراونیە لەوەی ڕوودەدات. دەستکراوەش دەبێت بۆ کردنی ئەوەی بە گونجاو و بەرژەوەندی دەزانێت.

بەڵام ئەویش ھەرچی بکات تا ڕاددەیەکی زۆر دووبارە کردنەوەی شێوازە تاقیکراوەکانی ڕابردووە لە کاتێکی جیاوازتردا! دۆخێکی بەم جۆرەش دەیخاتەڕوو کە سەرجەم ھێزو سەرکردە دەسترۆیشتووەکان لەبەردەم چارەسەرکردنی کێشەکاندا جۆشداماون و توانای سەرکردەییان لەژێر پرسیاری قورسدایە. پێشم وایە بەشێکیشیان ھەر لە بنەرەتەوە دەخوازن دۆخەکە وەك جاران درێژەی ھەبێت، واتە بەتەواوەتی دانەڕوخێ بەڵام کێشەکان بەردەوام بن چونکە مانەوەو بەرژەوەندیان لەوەدایە.

ھەموو ئەوەش وای کردەوە عێراق لە ئێستادا لە بازنەیەکی داخراو و قانگدراو و بێ ئاسۆدا بسوڕێتەوە!


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی


بەپەلە