گازی سروشتی، شاڕێگای بە کۆیلەکردنی ئەوروپا بۆ حکومەتی مۆسکۆ

بەهرۆز مەلا

6-06-2022

5759جار خوێندراوەتەوە


ڕوسیا پێشەنگی دابینکردنی گازی سروشتیە بۆ وڵاتانی ئەوروپا، نزیکەی 40٪ ی پێویستی یەکێتی ئەوروپا دابین دەکات، وه ئەڵمانیا گەورەترین بەکارهێنەری گازی سروشتیه. ڕوسیا ساڵانە 160 ملیار مەتر سێجا گاز بۆ وڵاتانی ئەوروپا دابین دەکات. وڵاتی ڕوسیا خاوەنی گەورەترین یەدەگی نەوت و گازی سروشتییه لەسەر ئاستی جیهاندا.

حکومەتی مۆسکۆ بڕێکی زۆر گازی سروشتی ڕەوانەی ئەوروپا دەکات ئەم فاكته‌ره‌ وای کردووە کە وڵاتی هەناردەکار له‌ڕووی ئابووری و ڕامیاریەوە بەرەوپێشچوون به‌هۆی ئه‌و خواسته‌وه‌ زۆرەی ئەوروپاوە. بەخۆیەوە ببینێت ئەوەمان لەیادبێت که ئابووری شادەماری سیاسەتە، وزەش شادەماری ئابورییە کەواتە دەتوانین بڵێین کە وزەش بڕبڕەی سیاسەتە، لە نێو وزەشدا گازی سروشتی کاریگەری زۆری هەیە لەسەر ڕەوشی ئابوری و سیاسەتدا.   بۆیە ئەو ڕۆڵەی گازی سروشتی هەیەتی  ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەری لەسەر باڵادەستی بایەخدارە. 

زۆرجار بەهۆی ئەو خواستە زۆرەی وڵاتانی ئەوروپا لەسەر گازی سروشتی وایکردووە کەڕوسیا خۆی بسەپێنێت بەسەر سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بەمەش ئەگەین بەو هاوکێشەیە کە بڵیین هەمیشە تۆپ لە یاریگای ڕوسیادایە .

پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئەگەر ڕوسیا گازی سروشتی بە (تەواوى)لەسەر ئەوروپا دابخات کاریگەری چۆن دەبێت؟

ئەم جوڵەیە بەڕای شارەزایان کاردانەوەی زۆر نێگەتیڤی لەسەر ئەوروپا دەبێت، بەڵام لە هەمان کاتدا زیان بەڕوسیاش دەگەیەنێت بە هۆی ئەوەی کەئابوورییەکەی پشت بە هەناردەکردنی گازو نەوت دەبەستێت. لەئێستادا سزای نێودەوڵەتی بەسەر ڕوسیادا سەپێنراوە، هەزاران کۆمپانیای نێودەوڵتیش لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەی ئۆکرانیا لە خاکەکەی کشاونەتەوە. لە ئێستادا بژاردەی وەستاندنی (تەواوى)هەناردەی گاز بۆ ئەوروپا زەرەرێکی زۆر گەورەی لێدەکەوێتەوە. وە رووسیا هەمیشە لەکاتی دروستبوونی قەیرانەکاندا دەرچەیەک بۆ خۆی دەدۆزێتەوە."Goldman Sachs"  بە پێی زانیاریەکانی وڵاتانی ئەوروپا نزیکەی سێیەکی پێداویستی گازی خۆیان لە ڕوسیاوە هاوردە دەکەن. 

بە پێی ماڵپەڕی (Deutsche Welle) ئەڵمانی، ئەڵمانیا گەورەترین ئابووری ئەوروپاییەو گەورەترین بەکارهێنەری گازە لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا، هەناردەی گازی سروشتی ڕوسیا بۆ ئەڵمانیا بەڕێژەی 40% بۆ 55% زیادیكردووه.

 وڵاتانی ئەوروپای وەک چیک، لاتڤیا و مۆڵدۆڤا  100% پشت بە گازی ڕوسیا دەبەستن. لە ڕێگای ئەم داتایانەوە ئەگەین بەو ڕاستیە هەرجۆرە تێکچونێک لە هاوردەکردنی گاز لە ڕوسیاوە بێت کاریگەری نەرێنی لە سەر ئابووری و هەڵئاوسانی ناوچەی"یۆرۆ" دەبێت. وە ئەستەمە ئەوروپا بە (تەواوی) واز لە گازی سروشتی ڕوسیا بهێنێت.

لەلایەکی ترەوە ئایە یەکێتی ئەوروپا دەتوانێت ئەڵتەرناتیڤ (بەدیل) بۆ گازی سروشتی رووسیا بدۆزێتەوە؟

لەوەڵامدا دەڵێن نەخێر چونکە گازی سروشتی بووەتە بۆندێکی پیرۆز لەنێوان ڕوسیاو ئەوروپادا. ئابووریناسان دەڵێن (هێزی ئابووری چەکی سیاسەتە) چونکه دەسەڵاتی سیاسی هەر نەتەوەیەک بەندە بەو سەروەت و سامانەوە کەهەیەتی.

 گازی سروشتی تەنیا کێشەیەکی کورت خایەن نابێت تەنانەت ئەگەر وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بتوانن بەتێپەڕبوونی کات جێگرەوەی گازى سروشتى بدۆزنەوە، ئەوا بەنرخێکی گرانتر لە هاوردەی ڕوسیا دەستیان دەکەوێت، بۆیە رووسیا دەبێتە (ئیمپراتۆری) گاز.

لە ماوەی ڕابردودا ڤلادمێر پۆتینی سەرۆک کۆماری ڕوسیا ڕایگەیاند کە گازی خۆیان بە هەندێ وڵات بە (ڕۆبڵ) دەفرۆشن، بڕیارەکە ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە ئابڵوقەیان خستوەتە سەر ڕوسیا. ئەم بڕیارەی پوتین لە وەڵامدانەوەی ڕۆژئاوایە کە بەرامبەرە بە سزاکانی ڕوسیا پاش هێرشكردنه سەر ئۆکرانیا بەسەریدا سەپێنراوە. ئەو بڕیارەی پۆتین کاریگەری ئەرێنی لەسەر ڕۆبلی ڕوسی دروستکرد کە بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی بەرزبوویەوە.

بەهرۆز مەلا شارەزای بازاڕە داراییەکان


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی