به‌ عێراقی نه‌بونی خه‌می ئه‌نفال

لەتیف فاتیح فەرەج

4-06-2022

3938جار خوێندراوەتەوە


یه‌كێك له‌ گرفته‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌كانی به‌رده‌م ئاوه‌زی تاكی عیراقی، نه‌بینینی ئازاره‌كانی ئه‌وی تره‌، بیر نه‌كردنه‌وه‌ له‌ ئازاره‌كانی ئه‌وی تره‌، تاكی عیراقی نایه‌وێت ئازاره‌كانی تاكێكی تری عیراقی ببینێت، ئه‌مه‌ به‌شێكی گرێدراوی خود په‌سه‌ندی و خود سه‌پێنیه‌، جگه‌ له‌ جیاوازییه‌ نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بییه‌كانمان. پرسی ئه‌نفال و كوشت و بڕو سڕینه‌وه‌ی كورد له‌ عیراق، هێشتا نه‌بووه‌ته‌ خه‌مێكی گشتی عیراقیانه‌، هه‌ندێك جار ته‌نانه‌ت خوێنه‌وارو ده‌سته‌ بژێری عیراقیش كه‌ باسی ئه‌نفالیان بۆ ده‌كه‌یت، به‌ بێزاریه‌وه‌ ده‌ڵێن چی بوو ئه‌م بابه‌ته‌ نه‌بڕایه‌وه‌، ئه‌وه‌ چ ئاوه‌زێكه‌ ئه‌وه‌نده‌ ساده‌و نه‌بانه‌ نایه‌وێت گوێی له‌ چیرۆكی سڕینه‌وه‌كان بێت، سڕینه‌وه‌كان كه‌ هه‌ن ده‌ڵێن له‌ ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی به‌عسدا 1968 بۆ 2003 زیاتر له‌ سێ‌ ملیۆن مرۆڤ كراونه‌ته‌ قوربانی له‌ كوشتن و سڕینه‌وه‌و كه‌مئه‌ندام و تادوای، وڵات هه‌یه‌ له‌م سه‌رزه‌ویه‌ واز له‌ چیرۆكی سێ‌ ملیۆن قوربانی خۆی بێنێت، كه‌ له‌و ژماره‌یه‌ كورد زۆری به‌رده‌كه‌وێت.

عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید "عه‌لی كیمیاوی" خۆی دێت ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌نفالدا له‌ ناومان برد 182هه‌زار نه‌بوو، سه‌ت هه‌زار بوو، به‌ خوێن ساردیه‌وه‌ ده‌ڵێت سه‌ت هه‌زار بوو ، سه‌ت هه‌زار كورد، باشه‌ با هه‌ر قسه‌ی تاوانباره‌ دڵڕه‌قه‌ نه‌خوێنه‌واره‌كه‌ بێت، سه‌ت هه‌زار مرۆڤ كراوه‌ته‌ ژێر لم و خۆڵی بیابانه‌وه‌، كه‌چی بابایه‌كی عیراقی، دێت ده‌ڵێت با ئیتر باسی ئه‌م بابه‌ته‌ نه‌كه‌ین ، با نه‌ڵێین كورد ئه‌نفال كراوه‌، با له‌ بری باسی ئه‌نفال و گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كان باسی بابه‌تی نه‌وت و ئه‌و شتانه‌ بكه‌ین، من تێده‌گه‌م، له‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كوردی بۆ هه‌ڕاجی نه‌وت و پڕكردنی گیرفان ئه‌نفالی كرده‌ قوربانی، به‌ڵام بابه‌تی ئه‌نفال  پرسێكی ئاكاریه‌ ، كه‌س ناتوانێ‌ خۆی لێنه‌بان بكات، كورد نا، پێویسته‌ عه‌ره‌ب و توركمانیش ئه‌و خه‌مه‌ بكه‌نه‌ خه‌می خۆیان ، لێگه‌ڕان له‌ ئه‌نفال بۆ هه‌ر عیراقیه‌ك جۆرێكه‌ له‌ بێكه‌رامه‌تی، له‌ راستیدا ده‌بوو له‌ رۆژگاری ساڵانه‌ی ئه‌نفالدا ده‌سته‌ بژێری سیاسی عه‌ره‌ب و توركمان پێش ئه‌وانی كورد هه‌ڵوه‌سته‌یان بكردایه‌ ، نه‌ك به‌ وشه‌یه‌كیش باسی نه‌كه‌ن.

به‌ خه‌می خۆ نه‌زانینی ئه‌و پرسه‌ جۆرێكه‌ له‌ نكوڵی كردن مونقیز ئالفیرعه‌نی داواكاری گشتی  پرسی ئه‌نفال له‌ دادگای باڵای تاوانه‌كانی رژێمی به‌عس له‌ دیدارێكی مانگی  ئۆكتۆبه‌ری 2006دا پێی وتین، ئه‌نفال گه‌وره‌ترین تاوانی مێژووه‌ ، به‌ مانایه‌كی تر ئه‌و پرۆسه‌یه‌ له‌ كوشتنی ژن و مناڵ و به‌ ساڵاچوو به‌و شێوه‌ دڕندانه‌یه‌و به‌و دانپێدا نانه‌ی عه‌لی كیمیاوی كه‌ ده‌ڵێت "هه‌ر سه‌ت هه‌زار بوو" ئه‌وه‌ جینۆسایدو كوشت و بڕێكی كه‌م وێنه‌یه‌و پێویسته‌ هه‌موو تاكێكی عیراقی له‌ ئاستیدا هه‌ڵوه‌سته‌ بكات، تا خه‌می ئه‌نفال نه‌بێته‌ خه‌می هه‌موو عیراقیه‌ك ، شیعه‌و سونه‌و عه‌ره‌ب و توركمان و كلدۆ ئاشور، پێش كوردزۆر ئه‌سته‌مه‌ داوا له‌ كوردێك بكرێت شانازی به‌ ناسنامه‌ عێراقیه‌كه‌یه‌وه‌ بكات، عیراقێك برینه‌كانی نه‌بینێت.

پارله‌مان و حكومه‌تی عیراقی و ناوه‌نده‌ رۆشنبیری و ئاینیی و میدیاییه‌كان بۆ به‌ گشتی كردنی خه‌می ئه‌نفال لای تاكی عیراقی ئه‌ركێكی مۆراڵی گه‌وره‌یان له‌ ئه‌ستۆیه‌و ناكرێت له‌وه‌ بێهه‌ڵوێست بن كه‌ مرۆڤی عیراقی خۆی له‌ پرسی ئه‌نفال نه‌بان بكات، ئاخر كه‌ تۆ داوای عیراقی بوون له‌ من ده‌كه‌یت، ده‌زانی ئازاره‌كه‌م چۆن و چه‌نده‌ ، ئێستا كه‌ مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌و عیراقه‌یه‌و به‌ چاوی خۆی مه‌رگه‌ ساتی ئه‌نفالی بینیوه‌و تێیدا بووه‌ و له‌ نێو ده‌سته‌كانی ئه‌ودا سه‌یرانی بچكۆله‌و هه‌ڵاتوی ده‌ستی سه‌دام، روبار لێی رفاندووه‌ و خۆیشی ئه‌و چیرۆكه‌ له‌ یاد نه‌چووه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌، سته‌مێكی گه‌وره‌یه‌ به‌رپرسه‌كۆنه‌ به‌عسی و ده‌ست سوره‌كانی خوێنی كوردو ئه‌وانی تر بێن و له‌ دیداری ته‌له‌ فزیۆنی و رۆژنامه‌وانیدا نكوڵی له‌و پرسه‌ بكه‌ن و ئه‌و ده‌نگ نه‌كات.

كاتێك كه‌ به‌رپرسانی به‌ عس و تاوانبارانی  وه‌ك سوڵتان هاشم، نزار خه‌زره‌جی و زۆری تر دێن و ده‌ڵێن ئه‌نفال به‌و جۆه‌ نه‌بوو كه‌باس ده‌كرێت و ئه‌كادیمستێك دیدار له‌ گه‌ڵ سوڵتان هاشم ده‌كات و بێ‌ تێبینی خۆی دیداره‌كه‌ بڵاو ده‌كاته‌وه‌و ده‌یه‌وێت به‌ نه‌وه‌ی ئێستای عیراقی بڵێت سته‌م له‌ به‌عس و سه‌دام كراوه‌و ئه‌نفال به‌و جۆره‌ نیه‌، كه‌سیش ئه‌و ئه‌كادینیسته‌ ناباته‌ به‌رده‌م لێپرسینه‌وه‌، یان كه‌ناڵێك نزار خه‌زره‌جی داوه‌ت ده‌كات و ئه‌ویش ده‌ڵێت ئه‌نفال به‌و جۆره‌ نیه‌، كه‌سیش له‌ حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات و پارله‌مانی عیراقی نقه‌یه‌ك ناكات ، ئیدی تاكی عیراقیش ده‌كه‌وێته‌ شوێنی ئه‌و نكوڵی كردنه‌و گومان له‌و جینۆسایده‌ مه‌ترسیداره‌ ده‌كات.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی