لە پاریسەوە بۆ کابول توندڕەوەکان یەخەی ئافرەتی موسوڵمان دەگرن

ئه‌بوبه‌كر عه‌لی‌

28-05-2022

4637جار خوێندراوەتەوە


تونڕرەوی (تطرف) و سەختگیری (تشدد) عەلمانی بێت یاخود ئایینی یان بە ھەر ناوێکی تری ھە بێت و لێیبنرێت، ئاماژەیە بە دەرچوون لە دۆخی ھاوسەنگی و میانەرەوەی و ڕێزنەگرتن لە بژاردەو خواستی ئەوانی تر، با لە چوارچێوەی ئەخلاقیشدا دەرنەچووبێ، لە قەڵەم دەدرێت. 

لە زۆر شوێنی ئەم جیھانەشدا ئافرەتان بە پلەی یەکەم و لەوانەش ئافرەتی موسوڵمانی سەردەم، قوربانیانی پلەیەکی دەستی توندڕەو و سەختگیرەکانن، بەجیاوازی ئەو پاساوانەی بۆ توندرەویەکانیان دەیھێننەوە. ھەر بۆ نمونە، ھاوکات و بە دوو ئاراستەو پاساوی جیاواز، لە فەرنساو ئەفغانستان ئافرەتانی موسوڵمان کران بە ئامانجی دوو فۆرم لە توندرەوی بێ پاساو.

بڕیاری سەرۆك شارەوانی (غرونوبل) لە فەرەنسا، لەمەڕ مافدان بە ئافرەتانی موسوڵمان بۆ بەکارھێنانی جل و بەرگێکی داپۆشراو لە مەلەوانگەکاندا، کاردانەوەیەکی توندی حکومەتی ئەو وڵاتەی لێکەوتەوە! وەزیری ناوخۆی فەرەنسا بڕیارەکەی بە ئیستیفزازکردنێکی ناماقوڵ داناو ڕاشیگەیاند: دەیانەوێت بەشێوەیەکی یاسایی ڕووبەرووی بووەستنەوەو ھەڵیوەشێننەوە. سەرۆکی شارەوانییش بەرگری لە بڕیارەکەی کردوو وتی: ھەموو ئەوەی ئێمە کردوومانە ئەوەیە پیاوان و ژنان ئازاد بن لەو پۆشاکەی دەیپۆشن.

لە بەرامبەریشەوە، بزوتنەوەی تاڵیبان بە پاساویی فیقھی و نەریتی، بڕیاری سەپاندنی پەچەو ڕووپۆشی بەسەر ئافرەتانی ئەفغانستان لەشوێنە گشتیەکاندا سەپاند. لە حاڵی پابەندنەبوونی ھە رئافرەتێکیش بە بڕیارە نوێکەوە، جگە لە خۆی باوك وھاوسەرو نزیکانی لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت و سزا دەدرێن!! دیسانەوە دەرگای قوتابخانەکانیش بە ڕووی کچانی بەشمەینەتی ئەفغانستاندا داخران و نازانرێت داخۆ دوای ھەندێ گۆرانکاری دەکرێنەوە یاخود ھەر بە داخراوی دەمێننەوە؟ ھەموو ئەمەش لە کۆمەڵگەیەکدا زۆر بەدەگمەن نەبێت ئافرەتی سفوری تێدا نیەو لە چل ملیۆن کەس بیست و چوار ملیۆنیان پێویستیان بە یارمەتی مرۆیی ھەیە. بە گوێرەی ھەندێ داتاش لە ٩٠٪ دانیشتوان لە خوار ھێڵی ھەژاریەوەن. 

ئەم دوو بیرکردنەوە، لەگەڵ جیاوازی گەورەی ڕواڵەتی نێوانیان، لە جەوھەردا ھاوچەشنن. ھەردووکیان کێشەیان لەگەڵ ئافرەتی موسولمان و جل و بەرگی لە فەزای گشتیدا ھەیە! دەشیانەوێت جیاوازی و تایبەتمەندی سیستمەکەیان لەسەر حسابی ئازادی و کەرامەت و مافەکانی ھەست و کەسێتی ئەو بخەنەڕوو. ھەردووکیشیان بەرھەمی دوو لێکدانەوەی توندرەون بۆ دوو مەنزومەو ڕێبازی دیاریکراو. کێشەی فەرەنسا لەگەڵ ئافرەتی موسوڵماندا مۆدێلە عەلمانیە توندەکەی و لێکدانەوەی توندرەوانەی عەلمانیەتە لەسەر حسابی بەشێ لە ماف و ئازادیە دیموکراسیەکان و مافەکانی مرۆڤ.

سەبارەت بە ئەفغانستانیش، سەرچاوەی کێشەکە، توندرەویە لە لێکدانەوەی ھەندێ لە دەقە شەرعییەکان و تێکەڵکردنیان بە ھەندێ داب و نەریتی کۆمەڵایەتی و لاوازی عەقڵی ئوسوڵی و مەقاسدی فیقھی واقیع و حوکمدان بەسەر ئێستادا لە ڕوانگەی ئیجتیھادو تێگەیشتنێکی مەرجوحی مێژوویەکی تەواو جیاواز لە واقیعی ئێستا؟! ھەروەھا تێنەگەیشتن لە ھاوکێشەی وردی نێوان ئەخلاق و ئازادی و بەزۆر سەپاندندا.

بۆ نمونە، لە کاتێکدا لە ماوەی ڕابردوودا کۆمەڵگەی سعودی ئافرەتەکانی پەچەپۆش بوون، ڕایەکی توندی فیقھی حوکمی دەکرد، ئەمانە نەبوونە ھۆی پەرەدان بە ئەخلاق لەو کۆمەڵگەیەدا. بەڵکو بە پێچەوانەوە داتاکان پێمان دەڵێن، لە ھەندێ ساڵدا سعودییەکان لەسەر ئاستی جیھاندا  لە کردنەوەی سایتە سێکسیەکاندا یەکەم بوون! ڕێژەی تەڵاق نزیکەی لە ٥٠٪ بووەو ئاستێکی بەرزی شزوزی جنسیش بەتایبەتیش پەیوەندی پیاو بە پیاوی تێدا تۆمارکراوە.

لێرەشەوە تێدەگەین ئەخلاق ناسەپێنرێت، ھاندەدرێت و فەزای بۆ خۆشدەکرێت و خەڵکی لەسەر گۆش دەکرێت. سەپاندن و توندرەویش لە جەوھەردا ھەر پاساوێکیان ھەبێت دژ بە بنەما ئەخلاقییەکانن.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی