سەرۆک، ئەم ھێزە نوێیە دەخولقێنێت

تەنیا کوردی

28-05-2022

9275جار خوێندراوەتەوە



سەرۆک (نێچیرڤان بارزانی) سێ ساڵ لە تەمەنی سەرۆکایەتی وەک سەرۆکی ھەرێم بەڕێ کرد، ئەمساڵ ھەر بە خێرایی مەرسومی بۆ ھەڵبژاردن دەرکرد و ھەر زوو بۆ ھێزە سیاسییەکانی بەیان کرد "نایەوێ سەرۆکێکی ماوە بەسەرچوو بێت"،  ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا بکرێت یان نا، ھێزە سیاسییەکان خۆیان داوا دەکەن کە بۆ چوار ساڵی تریش سەرۆکی ھەرێم بێت، دواجاریش رای گشتی ئەمەی لێ دەوێ و دوا بڕیاریش بۆ قۆناغەکەیە لەگەڵ ئەزموونی دیموکراتی کە شەرعیەت لە ھەڵبژاردن و دیموکراتیەتی تەوافقی وەردەگرێت، ئەمە پێوەستە بە قۆناغەکە بەڵام پێشوەختە ئەم دەربڕینە ھەیە کە لەڕووی سایکۆلۆژیەوە ھێزە سیاسییەکان و خەڵک، لەگەڵ بوونی نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆکی ھەرێم ئاسودەن.

لەم سێ ساڵەدا نێچیرڤان بارزانی سەخترین رۆژەکانی بە ڕێ کرد، ئەگەرچی رووداوی ناخۆش ھەبوون، بەڵام ھەمیشە نەیھێشت ئاڵۆزی سیاسی سەربکێشێت بۆ شەڕی ناوخۆیی، ئەگەرچی روانگەی ھێزە سیاسییەکان لەسەر بەغدا زۆر جوودابوو لە یەکتر، ھێشتا بێئومێد نەبوو لەوەی ئەم پەرتەوازییە بشکێنێ و جارێکی تر ھێزە سیاسییەکان بخاتەوە سەر مێزی گفتوگۆ.

وەڵامێکی ئازاربەخشە کاتێک دەبینین ھێزە سیاسییەکان کۆدەنگ نین؟ ئەم پەرتەوازەییە بۆ سەرۆک نێچیرڤان ئازار بەخشتر بوو، ئەم تێگەیشتنە دەمانباتەوە بۆ رامانێک لە ھەرێم کە ئایا ئێمە لە کوێی ھاوکێشەی گۆڕانکارییەکانی جیھانین، جیھان لە پێشدا لە حەوت شارستانی دا خۆی پێناسە دەکرد، ئێستا لێکەوتەو گۆڕانکارییەکان وەک گلۆبالیزم جیھانی خستوەتە بەردەم یەک ھێزی شارستانی کە ھەم سیاسەت و ئابووری، ھەمیش تەکنۆلۆژیاو ھەڕەشەکان، ھەمیش پێشھاتی  نوێیی سیاسی دروست کردوون لە ناوچەکەدا و ئەگەر کورد پەرتەوازە بێت بە دەستی بەتاڵ لەم ھاوکێشەیە دەردەچێت و دەکەوێتە بەردەم ھەڕەشی سڕینەوە.

ھەرێمی کوردستان بە ناڕاستەوخۆ کەوتووەتە چەقی گۆڕانکارییەکان، ئێستا لە ھەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە قوڵایی گەیشتن بە لێکتێگەیشتن ھەیە کە ئێمە چۆن ئەم گۆڕانکاریانە بە ئاراستەی ئەرێنی دەگۆڕین، ھەر بۆیە لوتکەی تێگەیشتنی ھێز لای سەرۆک نێچیرڤان لە لوتکەی کۆدەنگی نێو ماڵی کوردستانییە، لەگەڵ ئەوەی گەورەترین لۆبی بۆ پارێزگاری لە ھەرێمی کوردستان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە، ھەمیشە روانگەیەکی روونیشی بۆ شێوازی سیستمی حوکمڕانی لە عێراق ھەبووە کە ھەولێر و بەغدا مەرجی سەقامگیرکردنی نێوانیان دەبێ لەسەر جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی دەستووری عێراق و ھەروەھا گفتوگۆی جیدی نێوانیان بێت، نەوەک کەرەستەی عونف و راکردن لە لوبی بابەتەکە کە ئەمەش ھەمان تێڕوانینێکە کە یوئێن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستانیان ھەیە.

لە کارنامەی نێچیرڤان بارزانی دا دەخوێنرێتەوە کە ناتوانین ھێزێکی نوێی ئەرێنی بین لە ناوچەکەدا، ئەگەر بەیەکەوە کاردانەوەی ئەرێنی دروست نەکەین، کاردانەوەێ ئەرێنی ھەمیشە مامەڵە لەگەڵ سەوابتی ھەرێم لە دامەزراوەکان دەکات، ھێزە سیاسییەکان، ئابووری و ھاوسەنگی ھێز و ھەروەھا شێوازی لێکتێگەیشتن لە فۆڕمی جیھان کە چۆن ناوەڕۆکەکەی بە قەد قەبارەی ھەرێم دەبێ بخریتە ئاراستەیەکی پێگەیشتوو و تێگەیشتوو، رێک ئەمە بەشێکە لە تێگەیشتنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، کە دەبێ ھەرێم بە کۆدەنگی بۆ گۆڕانکارییەکان و پارێزگاری لە ھەرێم ئامادە بێت.

ھەرێم پێویستی بە سەرۆکێک ھەیە لە باڵاترین لوتکەی حوکمڕانی کە کەلتورە جیاوازەکان تا ئاستی کۆکرانەوەی ھێزە سیاسییەکان زەمینەسازی بۆ تێگەیشتن بکات و ھێزێکی ئەرێنی دروست بکات بە دەوری پارێزگاری لە کیانی ھەرێمی کوردستان، چونکە کەلتوور و شارستانیەت لە سیباقی حوکمڕانیدا بەردەوام لەگەڵ ئەپدەیتی جیھانی یەکتر دەوران دەکەن، لە نێو ھەرێمی کوردستاندا کەلتووری جیاواز ھەن، پێکھاتەی جیاواز ھەن، کەلتورە جیاوازەکان گەیشتوون بە حوکمڕانی و، لە تەواوی کەلتورەکاندا شارستانیەتێک بە قەت قەبارەی ھەرێمی کوردستان دروستبووە، لەگەڵ گۆڕانکارییەکان لە تێگەیشتنی کۆمەڵگەی کوردی و داڕشتنی داھاتوو لە فۆڕمەلەی حوکمڕانی لە ھەرێمدا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەلایەن رای گشتی و ھێزە سیاسییەکان، وەک قیادەی بەھێزکردنی ئەم شارستانییە وەسف دەکرێ و ئەم سەرۆکەیە کە دەتوانێ قۆناغەکە لە قەیران دەرباز بکات، چونکە لە پێشدا وەک ئەندازیاری ئاشتی و ئاوەدانی و لە ئێستایشدا وەک قیادەی ئەم رەوتە شارستانیەی ھەرێم فۆڕمێکی سیاسی نوێی داڕشتوە  کە بە تێکڕای کەلتورە جیاوازەکان تا ئاستی ھێزە سیاسییەکان، پردی متمانەی ھێزە سیاسییەکان و پارێزگاری لە ھەرێمە و ھێزێکی نەرمە کە بەردەوام ھێزی ئەرێنی دروستدەکات لە گەشەکردنی ھەرێمی کوردستان دا.

ئەم ھێزە نوێیەی حوکمڕانی لە ناسنامەی حزبێکی دیاریکراو تێپەڕیوە، ئێستا خەڵک لە دەرەوەی دیدگای حزبی بە دەوری پەیامی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کۆدەبنەوە، ئەم کۆبوونەوەیە بۆ بەردەوامی لە دەستکەوتەکانی شارستانی و کەلتووری پێکەوەژیان باشترین ئۆکسجینی کۆمەڵگەیە کە ھەموو تێڕوانین و بزاوتەکانی کۆمەڵگە بەدەوری خۆیدا رادەکێشێ، ئەمە شانازیەکەی گەورە دەداتە جێگری سەرۆکی پارتی کە خاوەنی ئەم فۆڕمە سیاسییە ھاوچەرخەیە کە ھەمیشە شارستانیەتی کوردستان لە حوکمڕانیدا دەگۆڕێت لە.کاتێکدا سەرۆکی ھەرێمە و ھەمیشە بەدەر لە روانگەی حزبی دەڕوانێتە پرسە سیاسییەکان و دەیەوێ حزب بۆ ئەرکی خۆی و دامەزراواکانیش لە ئەرکی خۆیاندا ھێز بدەنە ھەرێم، ئەم ھێزەی نێچیرڤان بارزانی دەتوانێ گرژییەکان لە شەڕدا بۆ ئاشتی بگۆڕێت، لە ئاشتییدا دەیگۆڕێ بۆ کۆدەنگی و لە کۆدەنگیدا دەیگۆڕێ بۆ ھێزێکی ئەرێنی یاسایی کە ھەمیشە دەسکەوتەکان لەم ھێزەدا بە تایبەتمەندی کوردستانیانە لە ئاستی ھەرێم و عێراق و ناوچەکەو کۆمەڵگەی دەوڵی دروست دەکات.

ئەم رەوتە نوێیە شارستانییە پێناسەی بۆ ناسیۆنالیست بە ئەپدەیتێکی کوردستانی ھەیە، کە سیستەمێکی نوێی رانەگەیەنراوی کوردستانییە کە سەرجەم پێکھاتەکان وەک مەسیحی و تورکمان و کورد  و ئاینزاکان، دەتوانن بە ناسیۆنالیستی نوێ بازنەی فکریان لەو شارستانیەی کوردستان جێگیر بکەن و لە بنەمای حوکمڕانیشدا وەک کۆنفیدراسیۆنێکی ناسیۆنالیستی نوێ ھەموو پێکھاتەکان ھێز بدەنە کوردستان لە ھەر دۆخێکی نەخواستراویشدا بێت ئەم دیدگایە وەک بنەمایەکی پتەو زەروورەتێکی نێوماڵی کوردستانییە.

نێچیرڤان بارزانی وەک ئەندازیارێکی نوێی ئەم ھێزە شارستانییەیە کە تێگەیشتن لێی بووەتە زەرووریەتێکی ھەمەلایەنە بۆ بەھێزکردنی پێگەی پێکەوەژیان و ئەداکردنی ھێز و بزاوتی نوێ لە چوارچێوەی بەھێزکردنی جیوگرافی کوردستان کە ئەم پێکەوەژیانە ببێتە مۆدێلێکی نوێی حوکمڕانی کە لە نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جیھان و یوئێن و مافی مرۆڤی جیھان و ھەڵسەنگاندانی نێودەوڵەتی ئەمە ئومێدی گەشەی ھەرێمی کوردستانە کە کاریگەری لەسەر قیادەکردنی حوکمڕانی ھەرێم دەبێ لە چوارچێوەی ستانداردی جیھانی بۆ حوکمڕانی مۆدێرن و پێشکەوتوو و پێگەیشتوو کە بۆ داھاتوو ئەم ھێزە دەبێتە گرەنتیکردنی زیاتری پێکەوەژیان و پێکەوە بوون و دوورکەوتنەوە لە روانگەی زالی حزبی بەسەر دامەزراوەکانی ھەرێم.

ئەم ھێزە نوێیە بۆ تێگەیشتن لە کەلتورە جیاوازەکانی نێو کۆمەڵگەی کوردستانی وەک قوتابخانەیەکی کرداری دیپلۆماسی باڵا وایە، کە ئۆکسجینی پێکەوەژیان زیاتر دەکات، ئومێد زیاتر دەکات و دوارۆژیش بەم تێگەیشتنە روناکتر دەکات.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی